ئەنجومەنی کانتۆنی شەهبا: دەبێت دەوڵەتی تورک وەدەر بنرێت

ئەنجومەنی کۆنتۆنی شەهبا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، گەلی عەفرین بە خۆڕاگرییەکی ٥٨ رۆژی داستانێکی قارەمانانەی نووسییەوە و جەختیشی کردەوە کە دەبێت دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکە وەردەر بنرێت.

بە دەیان ئەندامی ئەنجومەنی شەهبا، ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی سەر بە کانتۆنەکە لە ناوچەی فافین گرد بوونەوە و بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لە گردبوونەوەکەدا وێنەی شەهید و بریندارانی خۆڕاگری سەردەم و کۆمەڵکوژییەکەی تل رەبعەت و پانکارتی 'نا بۆ ئەردۆغانی بکوژ' و 'ئەردۆغانی بکوژ هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان کەسانی کەمەئەندام و پیر و پەککەوتەکان' بەرز کرانەوە.  

محمد مامۆ ئەندامی ئەنجومەنی شەهبا بە زمانی عەرەبی بەیاننامەکەی خوێندەوە و کە تێیدا هاتووە:

" دوو ساڵ تێپەڕین بەسەر داگیرکردنی شاری عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، شارەکە باوەشی بۆ دەیان هەزار خەڵکی سوریا کردەوە کە بە هۆی جەنگەوە ئاوارەی ئەوێ بوون. هاوکات کچ و لاوی عەفرین بە نوێنەرایەتی یەپەژە و یەپەگە لە دژی هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک، خۆڕاگرییان کرد.

دەوڵەتی تورک لە یەکەم رۆژی هێرشەکەدا پێشکەوتووترین چەکی بەکار هێنا. هاوکات بە ٧٢ فڕۆکەی جەنگی گشت عەفرینی بوردومان کرد و بە دەیان هەزار چەتە و تیرۆرستی داعش و ئەلنوسرای لەوێ بەکار هێنا. ئەم هێرشەش بە پەسەندی ئەمریکا و روسیا بە مەبەستی وێرانکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد، ئەنجامدرا.   

ئەم شەڕە ٢ مانگی خایاند، دانیشتووانی ئەم شارە بچووکە هەوڵی پاراستنی مڵک و خاک و شکۆی خۆیاندا و بە پێشەنگایەتی یەپەژە و یەپەگە داستانی قارەمانانەیان لە کەسایەتی قارەمانی وەکو ئاڤێستا خابور، بارین کۆبانێ، کارکەر و بە دەیان قارەمانی تر، تۆمار کرد. بۆ ئەوەی لە دژی خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژی ئەنجام نەدرێت، یەپەگە لە شارەکە کشایەوە و دواتر دەوڵەتی تورک و چەتەکانی شارەکەیان داگیر کرد و دڕندانەترین پێشێلکاریان لە دژی دانیشتووانی شارەکە ئەنجامدا. هاوکات زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی عەفرین کۆچبەری ناوچەی شەهبا بوون.

لە دژی گەلی عەفرین دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دڕندانەترین رێبازەکانی وەکو ئەشکەنجەدان، رفاندن و دەستدرێژییان بەکار هێنا. هاوکات چارەنووسی سەدان دانیشتووش نادیارە. شوێنەوارەکان شێوێندران و بە هەزاران داری زەیتوونیش لە ناو بران.

بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و جێگیرکردنی هەزاران ئاوارەی ناوچەی خوتا و ئیدلب، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، دانیشتوانە بەجێماوەکانیشیان ناچار بە کۆچبەری کرد. هەروەها سیاسەتی بە تورککردنیان سەپاند و ئاڵای تورکیایان لەسەر خوێندنگاکان چەقاند، گشت ئەم تاوانانە لە بەر چاوی جیهان ئەنجام دەدرێن و بێدەنگن.

 ئێمە وەکو کانتۆنی شەهبا، داگیرکردنی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە دووەم ساڵیادیدا شەرمەزار دەکەین. هاوکات بانگەوازی ئاڕاستەی روسیا و ئەمریکا دەکەین کۆتایی بە داگیرکاری بهێنن. لە لایەکی ترەوە بانگەوازی ئاڕاستەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، بە تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی باکوری سوریا و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بخەنە گەڕ. بۆ ئەوەی بگەن بە چارەسەریەکی سیاسی کە گەرەنتی گشت مافەکانی گەلەکەمان بکات و وڵاتیکی دیمۆکراتیک بونیاد بنرێت کە هەموو پێکهاتەکانی سوریا بە یەکەوە بژین."

بەیاننامەکە بە ناردنی سڵاو بۆ خۆڕاگرانی بەرخۆدانی سەردەم و رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان، کۆتایی پێهات.

ز.ش