ئەنجوومەنی سەربازی قەسەدە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەیەکی ئاشکراکرد

ئەنجوومەنی سەربازی قەسەدە ئەنجامنای کۆبوونەوەیەکی خۆی ئاشکراکرد و جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان دژی چەتەکانی داعش کردووەو داواشی لە وڵاتانی گەرەنتیکار کردووە سنورێک بۆ تاوانە دژە مرۆڤایەتیەکان دەبنێن.

ئەنجوومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە، دوێنێ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبرد، و تێیدا بابەتەکانی ڕێکخستنکردنی سەربازی، ڕۆڵی ئەنجومەنە سەربازییە هەرێمیەکان شیکرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگی پێشخستنی هێزی سەربازی لەلایەنی ژمارەو پەروەردەوە لە ڕێگای زیادکردنی ژمارە، چەک و جبەخانە و پەروەردەی تایبەت، تاوەکو ئەو هێزانە بەگوێرەی دۆخەکە ئامادەبن.

هاوکات ڕێککەوتنی سوتچی و بە گەرەنتی ڕووسیا کە لە ٢٢ی ١٠ی ساڵی ڕابردوو ئەنجامدرا، بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دەوڵەتی تورک بەپێی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە ناڕوات و تا ئێستاش بەشێوەیەکی ئەنقەست بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە پێشێل دەکات ئەمەش ئاسایش و ئارامی ئەو هەرێمە بەتەواوی دەخاتە مەترسییەوە.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و دەوڵەتی تورک کە لە ١٧-١٠ی ساڵی ڕابردوو بەسترا، قەسەدە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، دەوڵەتی تورک بەندەکانی ئەو هاوپەیمانێتیەش پێشێل دەکات و تا ئێستاش سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و قڕکردنی ئەتنیکی بەڕێوەدەبات.

هەر لە ئەنجامنامەکە داوا لە وڵاتانی گەرەنتیکار کراوە کە بەرپرسیاریەتی یاسایی سەرشانی خۆیان پێکبهێنن و سنورێک بۆ ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتیانە دابنێن.

هەروەها جەختیش لە بەردەوامکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی قەسەدە لەگەل هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی چەتەکانی داعش کراوەتەوە بۆ لەناوبردنیان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە هەرێمەکە.

ب.ش