ئەنوەر موسلم و ئایشە حسۆ بە هاوسەرۆکانی پەیەدە هەڵبژێردران

لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پەیەدە دا دوای پەسەندکردنی پەیرەوی ناوخۆ و بەرنامەی سیاسی حزب، هەر یەک لە ئەنوەر موسلم و ئایشە حسۆ وەک هاوسەرۆکانی پەیەدە هەڵبژێردران.

هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە کە لە شارۆچکەی رمێلان بەڕێوە دەچێت، لە سێیەمین رۆژیدا بەردەوامە.

لە کۆنگرەکەدا کە دوور لە چاوی کامێرا و رۆژنامەنووسان بەڕێوە دەچێت، بەرنامە و پەیرەوی حزب گۆتۆبێژی لەبارەوە کرا و بە پرۆسەی دەنگدان قبوڵکران.

دوای پەسەندکردنی بەرنامەی سیاسی، گۆتۆبێژ لە بارەی پەیرەوی ناوخۆی حزبیشەوە کرا و دوای پرۆسەی دەنگدان  پەیرەوی ناوخۆش پەسەند کرا.

ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارتەکە لە ٤٩ ئەندامەوە بۆ ٩٠ ئەندام زیاد کرد و ژمارەی ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەیەدەش لە ١٣ ئەندامەوە زیاد کرا بۆ ٢٠ ئەندام.

دوای پەسەندکردنی پەیرەوی ناوخۆ، هاوسەرۆکان هەڵبژێردران و بە پڕۆسەی دەنگدان هەر یەک لە ئەنوەر موسلم و ئایشە حسۆ وەکو هاوسەرۆکانی نوێی پەیەدە هەڵبژێردران.

لە ماوەی رابردووشدا ئایشە حسۆ ئەرکی هاوسەرۆکایەتی پەیەدەی وەرگرتبووە و لە ئەنجامی دەنگداندا بۆ سەردەمی نوێی حزب، جارێکی دیکەش هەڵبژێردرایەوە.

ئایشە حسۆ کێیە؟

ئایشە حسۆ لە ساڵی ١٩٨٧ لە ناوچەی شێراوای سەر بە عەفرین لەدایک بووە. لە کۆلێژی مێژوو و زمان خوێندوویەتی بەڵام نەیتوانیوە تەواوی بکات.

لە سەرەتای دامەزراندنی پەیەدەوە بەشدار بووە لە خەباتە سیاسیەکانی پارتەکەدا. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوا لە چوارچێوەی یەکێتی ستاردا خەباتی کردووە کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ کۆنگرەی ستار.

ئایشە حسۆ هاوکات بەشدار بووە لە خەباتی بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی رۆژئاوا-تەڤدەم و لە حەوتەمین گۆنگرەی ئاسایی پەیەدە دا لە ٢٧-٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٧ ببوو بە هاوسەرۆکی پەیەدە.

ئەنوەر موسلم کێیە؟

ئەنوەر موسلم لە شاری کۆبانێ لە دایک بووە. دوای تەواوکردنی کۆلێژی یاسا لە زانکۆی حەلەب، بۆ ماوەیەک لە کۆبانێ پارێزەر بووە.

لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کانتۆنی کۆبانێ. بەشدار بووە لە خۆڕاگرییەکەی شەڕی کۆبانێدا و یەکێک بوو لەو کەسانەی دەیوت "کۆبانێ دەبێت بە گۆڕستان بۆ داعش".

ئەنوەر موسلم دوایین ئەرک کە پێی سپێردرابوو، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری هەرێمی فورات بوو.

ز.ش