ئەوانە دوژمنی دار و درەختەکانی عەفرینن

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، لە عەفرین تاوانی شەڕ ئەنجام دەدەن و سروشت وێران دەکەن. لە مابەتا هاووڵاتییانی گوندەکانیان رفاند و لە بلبلێ-یش دارەکان دەبڕنەوە.

دەوڵەتی تورک لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ەوە عەفرینی داگیر کرد و بە شێوەیەکی ڕێکخراو هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل و سروشتی عەفرین.

دەوڵەتى تورک دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت و خەڵکەکەی ئەشکەنجە دەدات و هاووڵاتییانی مەدەنی دەڕفێنێت و دەیانکوژێت و پاکتاوی ئەتنیکی ئەنجام دەدات و سەرچاوەکانی بژێوی خەڵک تاڵان دەکات و مێژوو و سروشتی عەفرین وێران دەکات.

دوژمنی درەختەکان

لە ٢٦ی تەمموزی ٢٠١٩/ ٤ی گەلاوێژەوە چەتەکان لەگوندی گوا-ی ناوچەی بلبلێی عەفرین دەستیان کردووە بە تاڵانکردنی دار و درەختەکانى ئەو ناوچەیە. لەدیمەنێکدا لە کاتی بڕینەوەى دار و درەختەکان لەلایەن چەتەکانەوە دەنگێک دەبیسترێت، کە دەڵێت: "مەترسە، ئەوە لەخۆمانە، لە ئاسایشی تورکەکانە".

دار زەیتووەکانی گوندی بیریمحی سوتێنران

هێرشی چەتەکان لەدژی سەرچاوەکانی بژێویی خەڵک و تاڵانکردنی سروشت تەنیا بڕینەوەی دار و درەخت نییە. بە بەرنامە و ڕێکخراو هێرش دەکەنە سەر دار زەیتوونەکان. لە ٦ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١٥ی پووشپەڕەوە دار زەیتوونەکانی گوندی بیریمجی ناوچەی مابەتا-ی عەفرین لە لایەن چەتەکانەوە سوتێنران.

لە گوندی باسوفان زیاتر لە هەزار دار زەیتوونیان بڕیوەتەوە

هاووڵاتییانی ئێزدیى کامپی سەردەم لە ناوچەی شەهبا  لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ٣٠ی جۆزەردان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردبوەوە و ناڕەزایی خۆیان لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندەکانیان ڕاگەیاندبوو. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە گوندی باسۆفای ئێزدییەکان زیاتر لە هەزار دار زەیتوونیان بڕیوەتەوە.

لە شێراوا ٣ هەزار هێکتار رەز و باخ و زەویى جوتیارانیان سوتاند

دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ٢٨ی ئایاری ٢٠١٩ / ٧ی جۆزەردان رەز و باخ و زەویى جوتیارانى گوندی کورزەلێی ناوچەی شێراوایان سووتاند. دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەند بۆ سەر رەز و باخ و زەویى جوتیارانى گوندەکانی باسل، دەرمیشمش، سیخونەکە، بەنە، ئاقبە، کمارە و کۆبەرە و زیانێکى زۆر پێگەیاندن. هەر بەو هۆیەوە هەزاران دار چام (کاژ) لە گوندی سیخونەکە سووتان. لە ئەنجامی ئەو ئاگرەدا بە لانیکەمەوە ٣ هەزار هێکتار (١٢ هەزار دۆنم) رەز و باخ و زەویى کشتوکاڵیى جوتیارانى ناوچەی شێراوا سوتان.

پاکتاوی ئەتنیکی

عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیر کراوە. لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ / ٢٧ی ڕەشەمەوە، واتە لە ڕۆژی داگیرکردنی عەفرینەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو تاوانی شەڕ لە عەفرین ئەنجام دەدرێت. هەموو ڕۆژێک موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی عەفرین دەستیان بەسەردا دەگیرێت. خەڵکی مەدەنی دەڕفێنن بۆ ئەوەى فیدیەیان لێ بستێنن. هاووڵاتییان ئەشکەنجە دەدەن و دەیانکوژن. ڕژێمی تورک و چەتەکانی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دا لە عەفرین سەدان هاووڵاتییان ڕفاندووە.

لە دواهەمین شاڵاوى رفاندنی هاووڵاتییان دا دوێنێ ٢٧ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٥ی گەلاوێژ لە گوندی مامیلای ناوچەی مابەتای عەفرین چەندین هاووڵاتیى تریان رفاند. گروپێک لە چەتەکان بەناوی سوڵتان موراد چەند هاووڵاتییەکى کوردیان بە ناوەکانی عەلی بەگ جەعفەر، عیزەت کوردی و نوری کوردی رفاندووە و چارەنووسیشیان نادیارە و کەسوکاریان نیگەرانن لە مەترسی بۆ سەر چارەنووس و ژیانیان.

ر.م