ئەوهاوڵاتیانەی کە لە کۆمەڵکوژی ڕزگاریان بووە، باسی هێرشەکەیان کرد

هاووڵاتیانی مەدەنی کە بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی سەردەم، لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژاوا و باکووری سووریاوە بەرەو عەفرین وەرێ کەوتبوون، پێش ئەوەی بگەنە عەفرین لە لایەن سوپای تورکیای داگیرکەرەوە بۆردوومان کران.

ئەو هاوڵاتیانە لە هەرێمە ئارامەکان جێگیرکران. هاوڵاتیان باسی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خۆیان دەکەن.

بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی ئەردۆغانەوە، کەسێکی مەدەنی شەهید و ١٢ی دیکەش بریندار بوون.

 

 

ئەو هاوڵاتیانەی کە لە کۆمەڵکوژی ڕزگاریان بوو، باسی هێرشەکانیان کرد. خەڵات حوسێن، کە لە شاری حەسەکەوە هاتووه باسی کاتی هێرشەکانی بۆ کردین: ''بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین، ئێمە لە شارۆچکەی هۆڵ-ی سەر بە شاری حەسەکەوە وەڕێ کەوتین. بە سەدان سەیارە هاتن کە هەموومان خەڵکی سیڤیل بووین. پێشتریش ئێمە هاتوچۆمان کردبوو. لە زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژاوا و باکووری سووریا، ژن، منداڵ و بەساڵاچوو، لەنێو کاروانەکەی ئێمەدا بوون. بە کاروانێک کە لە سەدان سەیارە پێکدەهات، ڕوومان کردە عەفرین. هەر ئەوەندەمان زانی فڕۆکەی سیخۆری و تۆپخانە، بۆردوومانیان کردین. هاوولاتیان بۆ ئەوەی کە خۆیان ڕزگار بکەن کەوتنە تەقەلاکردن. چەندین کاتژمێر بۆردوومان کراین. لەدواییدا خەڵکی گوندەکان ڕێگەیان پێشانی ئێمەدا و ڕزگاریان کردین. خەڵکێکی زۆر بریندار بوون".

لە سەیارەکەی ئێمەیان دا، بەزەحمەت ڕزگارمان بوو

خەلیل حەمۆ، کە تمەنی ٥٠ساڵانەیە و خەکی کۆبانێیە، دەڵێ: ''بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی عەفرین هاتین. ژمارەمان بە سەدان کەس بوو. ژن و منداڵ و پیرمان لەگەڵ بوو. تۆپبارانیان کردین و تۆپێک لە پێش سەیارەکەی ئێمەی دا. بە زەحمەت خۆمان ڕزگار کرد. زۆر کەس بریندار بوون و خەڵکی گوندەکان فریامان کەوتن".

ئێمە لێرەین و ناترسین

ئەمور عەلووش، وتی: ''چەتەکانی ئەردۆغان هێرشیان کردە سەر خەڵکی سیڤیل. من ٦٥ سآڵم تەمەنە. لە کۆبانیەوە تێکەڵی کاروانەکە بووم. گرووپەکەی ئێمە زۆر گەورە بوو. لە هەموو تەمەنەکان و لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژاواوە خەڵکمان لە گەڵ بوو.

 

 

بەر لەوەی بگەینە عەفرین، چەتەکانی ئەردۆغان بۆردوومانیان کردین. بە فڕۆکە و تۆپ لە ئێمەیان دا. گەلی عەفرین ڕزگاریان کردین. هەموو ڕۆژێ لیرە مرۆڤەکان بۆردوومان دەکرێن، ئێمەش وەک ئەوان. ژیانی ئەوان چی لێهات، با ژیانی ئێمەش وای لێبێت. ئێمە ناترسێین و دڵنیاین کە بەرخۆدانی عەفرین سەردەکەوێ".