«ئەگەر ناچاربین لەنێوان سازش و جینۆساید هەڵبژێرین، ئێمە خەڵکەکەمان هەڵدەبژێرین.»

مه‌زڵووم عه‌بدی فەرماندەی گشتیی هێزە کوردییه‌كان (هه‌سه‌ده‌) ڕوونی دەکاتەوە بۆچی هێزەکانیان لەکۆتاییدا ئامادەن بۆ هاوپەیمانه‌تی به‌ستن لەگەڵ ڕووسیا و ئەسەد.

لە ناوەڕاستی گێژاوی شەڕی ناوخۆی وەڵاتەکەماندا بوو کە دونیا بۆ یەکەم جار گوێی لە ناوی ئێمە؛ هێزەکانی سووریای دێمۆکرات بوو. من وەکوو فەرماندەی گشتیی سه‌ربازیی هێزەکانمان خزمەت دەکەم. هێزەکانی سووریای دێمۆکرات له‌ ٧٠ هەزار سەرباز پێكهاتووه‌، لەساڵی ٢٠١٥-ەوە لە دژی جیهادییە توندڕه‌وه‌کان، کینەی دژبە نەژادی و زوڵم و زۆرداریی سەر ژنان شه‌ڕی کردووە. ئەو سەربازانە بوونەته‌ شەڕڤانی ڕێسابەند و پیشەیی. هەرگیز گولەیان بە ئاڕاستەی تورکیادا نەتەقاندووە. ئێستا سەرباز و سەربەندەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئێمە باش دەناسن و هەمیشە کارامەیی و کاریگەریی ئێمەیان لا پەسەند بووە.

من هەمیشە بەهێزەکانمان گوتووە کە ئەو شەڕە هی ئێمەیە! تیرۆریستە جیهادییه‌كانی دەوڵەتی ئیسلامی لە هەموو دونیاوە هاتن بۆ سووریا. ئێمە ئەوانەین کە دەبێت شەڕیان لە دژ ئەنجام بدەین، چونکە خاکی ئێمەیان داگیر کردووە، گوندەکانیان تاڵان کردووین، منداڵەکانیان کوشتووین و ژنەکانیان کۆیلە کردووین.

یازده‌ هه‌زار سەربازمان لەدەست داوە، لە باشترین شەڕڤان و فەرماندەکانمان بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان بپارێزن لەو مەترسییە تاریکە گیانیان به‌ختكردووه‌. هەروەها ڕێنماییم داوەتە سەرجەم هێزەکانمان کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان هاوبەشی ئێمەن، هەر لەبەر ئەوەشە دەبێت هەمیشە دڵنیابینەوە لەوەی هیچ ئازاریان پێنەگات.

بەپێچەوانەی هێزە حکوومی و ناحکوومییەکانی دیكه‌وه‌، ئێمە لە کاتە هەره‌ ناخۆشەکانی شەڕدا پابەند بووین بە بەهاو و رێسابەندیمانەوە. هێزەکانی قاعیدەمان بەزاند، دەوڵەتی ئیسلامیمان لەناو برد و لە هەمان کاتیشدا بناغەیەکی حكوومڕانی زۆر باشمان دانا لەسەر بنەمای حکوومەتی خۆجێی، پلوڕالیزم و فره‌ڕه‌نگی. خزمەتگوزاریمان لە ڕێگەی ئیداره‌ی خۆجێیەوە پێشکەش بە کورد، عارەب و سریانی مەسیحییه‌كان کرد. بانگەشەمان بۆ شوناسنامەی نەتەوەیی پلوڕاڵیستی سووری کرد کە هەموان لەخۆ بگرێت. فیدڕالیزمی نێوەندپەرت (لامه‌ركه‌زی) بە ئازادیی ئاینی و ڕێزگرتن له‌ هەموو جیاوازییەکان وێنای ئێمەیە بۆ داهاتووی سیاسیی سووریا.

ئێستا ئەو هێزەی کە من فە رماندەیی دەکەم خۆی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی سێ لەسەر یەکی خاکی سووریا لە دژی داگیرکاریی تورکیا و جیهادییە بەکرێگیراوەکانیان. ئەو شوێنەی کە ئێمە بەرگری لێدەکەین بووه‌ته‌ ماڵێکی ئارام بۆ ئەو خەڵکانەی کە پاشماوەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزین کە لەماوەی دوو سەدەی ڕابردوو لەلایەن تورکیاوە لە دژی کوردەکان، سریانییه‌کان، ئاشووری و ئەرمەنه‌کان ئەنجام دراوە. 

ئێمە چاودێری زیاتر لە دوازده‌ هه‌زار زیندانیی تیرۆریست دەکەین و ئەرکی قورسی ژن و منداڵە ڕادیکاڵەکانیشیانمان لەئەستۆ  گرتووە. هەروەها ئێمە ئەو بەشەی سووریامان لە میلیشیاكانی ئێرانیش پاراستووە.

کاتێک هەموو دونیا شكستی هێنا لە پشتگیریکردنمان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی هاوکاری بۆ درێژکردین. تەوقەمان کرد و پێزانینی خۆشمان بۆ پشتگیرییه‌ جوامێرانەکەیان دەربڕی. لەسەر داوای واشنتۆن، ڕازی بووین کە چەکە قورسەکانمان لەسەر سنووری تورکیا بکێشینەوە، هێڵەکانی بەرگریکردن لەناوبەرین و شەڕڤانە هەرە بەهرەدارەکانیشمان بگەڕێنینە دواوە. تورکیا هەرگیز پەلاماری نەدەداین ئەگەر ئەمریکا پابەند بوایه‌ بە قسەکانی خۆیەوە.

ئێمە ئێستا بە سنگی ڕووته‌وه‌ به‌ره‌و ڕووی چەقۆکانی تورک وه‌ستاوین.

سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ دەمێکە بەڵێنی کێشانەوەی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی داوە. ئێمە تێدەگەین و هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین. باوکان دەیانەوێت منداڵەکانیان لەسەر کۆشیاندا دابنیشن و پێبکەنن، خۆشەویستەکان دەیانەوێت گوێیان لە چرپەی هاوژینەکانیان بێت و هەموان دەیانەوێت بگەرێنەوە ماڵەکانی خۆیان.

بەهەمەحاڵ، ئێمە داوا ناکەین سەربازەکانی ئه‌مریكا لە بەرەکانی شەڕ بن. ئێمە دەزانین کە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پۆلیسی دونیا نییە. بەڵام دەمانەوێت ئەمریکا گرنگی پێگەی خۆی بزانێت لە بەرپاکردنی چارەسەری سیاسیی سووریادا. ئێمە دڵنیاین لەوەی کە واشنتۆن هەژموونی پێویستی هەیە بۆ ناوبژیکردن لەنێوان ئێمە و تورکیادا بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی هەمیشەیی.

کاکڵی هزرمان باوەڕبوونمانە بە دێمۆكراتی، به‌ڵام لەژێر ڕۆشنایی داگیرکارییەکەی تورکیا و مەترسی لەناوچوون کە لەسەر خەڵکەکەمان دروست بووە بەهۆی هێرشەکەیانەوە، لەوانەیە پێویستیمان بە پێداچوونەوە بە هاوپەیمانه‌تییه‌کەمان هەبێت. ڕووسەکان و ڕژێمی سووریا پێشنیازیان داوینەتێ کە لەوانەیە ببێتە هۆی پاراستنی ملیۆنان خەڵک کە لەژێر پارێزبەندیی ئێمەدا دەژین. ئێمە باوەڕ بە بەڵێنەکانیان ناکەین. ئەوەی ڕاستی بێت زۆر سەختە بزانین کە باوەڕ بە کێ بکەین.

ئەوەی لەبەر چاومان ڕوونە، مەترسی داعش ئێستاش هەیە له‌نێو شانە نووستووەکانیان کە توانای دووبارە سەرهەڵدانەوەیان هەیە. ژمارە زۆرەکەی زیندانییانی دەوڵەتی ئیسلامی لە زیندانە ناڕێکەکاندا وەکو بۆمبێکی تەوقیتکراو وایە کە دەکرێت لەهەر کاتێکدا بتەقێتەوە.

ئێمە دەزانین ئەگەر کار لەگەڵ ڕووسیا و بەشار ئەسەد بکەین، دەبێت سازشی ئازاربەخش بکەین. بەڵام ئەگەر لەنێوان جینۆسایدی خەڵکەکەمان و سازشەکان هەڵبژێرین، ئێمە بەدڵنیایەوە ژیانی خەڵکەکەمان هەڵدەبژێرین.

سووریا دوو بژاردەی لەبەردەمە: شەڕێکی نەژادی و تایفی ئاینی ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێرە بەجێبهێڵێت بەبێ گەیشتن بە چارەسەرییه‌كی سیاسی، یان ئایندەیەکی ئارام و جێگیر ئەگەر هاتوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێز و هەژموونەکەی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەر لەوەی ئێرە جێبهێڵێت. 

هۆکاری هەڵبژاردنی هاوپەیمانه‌تی لەگەڵ ئەمریکا بەندە بە باوه‌ڕی سەرسەختمان بە دێمۆكراتی. ئێمە نائومێد و سست بووین بەهۆی ئەو قەیرانەوە. خەڵکەکەمان لەژێر پەلاماردان و سەلامەتی ئەوان گەورەترین نیگەرانی ئێمەیە. دوو پرسیار دەمێننەوە: چۆن بتوانین خەڵکەکەمان بەباشترین شێوە بپارێزین؟ ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتاش هەوپەیمانی ئێمەیە؟

ک-ش