باران بێریتان: پەژاک پێشەنگایەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

باران بێریتان ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە بەرنامەیەکی ئاریەن تیڤی دا باسی لە گرنگی و پێویستی پرۆژەی پارتەکەیانی کرد و وتی: ئێمە بە پرۆژەیەکی چارەسەری هەوڵدەدەین کێشەی لایەنەکان چارەسەر بکەین و یەکێتییەک لە نێوانماندا دروست بکەین

باران بێریتان ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە بەرنامەیەکی ئاریەن تیڤی دا باسی لە گرنگی و پێویستی پرۆژەی پارتەکەیانی کرد و وتی: کێشەی زۆر جدی لە ناو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە بە پرۆژەیەکی چارەسەری هەوڵدەدەین کە کێشەی لایەنەکان چارەسەر بکەین و بتوانین یەکێتیەک لە نێوانماندا دروست بکەین.

"پرۆژەکەمان تەنها پرۆژەی پەژاک نییە، بەڵکو داخوازیی تاک بەتاکی گەلی کوردە"

باران بێریتان لە سەرەتای  وتەکانیدا رایگەیاند: "لە سەدەی ڕابردوو گەلەکەمان ڕوو بەڕووی هەر جۆرە سیاسەتێکی قەتڵ عام لە ڕووی فەرهەنگی و فیزیکییەوە بوویەوە. لە دوای سایکس - پیکۆ بەتایبەت دوابەدوای لۆزان گەلی کورد لە ڕووی هەبوون ناسی دا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوویەوە. نەبوونی فکرێکی هاوبەش، بەڕێوەبەرییەکی هاوبەش و نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەش هۆکار بوو کە کوردان بۆ سەد ساڵ دوابکەوێت".

باران بێریتان تیشکی خستە سەر تێکۆشانی ئەم سەردەمەی گەلی کورد راشیگەیاند: "ئەمڕۆ لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە پێشەنگایەتیی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد و بە فکر و ڕامانی سەرۆک ئاپۆ، زهنییەت و ئەقڵیەتێکی هاوبەش لەناو گەلی کوردا بونیاتنراوە. وەک گەل، ئەمڕۆ گەلی کورد قۆناغی پارچەبوونی تێپەڕاندووە، باشترین نموونەش بەشداری بەرچاوی تێکۆشەرانی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. ئیدی کەس ناتوانێت باسی قۆناغی ڕابردوو بکات، ئیدی سنوور واتای خۆی نەماوە، پەیماننامەکانی سایکس - پیکۆ و لۆزان تێکچووە، ئەم سەردەمە سەردەمی سەر لەنوێ دیزاینکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە".

باران بێریتان سەرنج دەخاتە سەر پرۆژەکەیان و دەڵێت: "پرۆژەکەمان بە ڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخە هەستیار و مێژووییە پێشکەشکراوە. ئەمە تەنها پرۆژەی پەژاک نییە، بەڵکو لەهەمان کاتدا داخوازیی گەلی کوردە. هەموو تاکەکانی گەلی کورد هەمان داخوازیی ئێمەیان هەیە. لەبەر ئەوە گرنگە لایەنەکانیش وەک تاکەکانی کۆمەڵگا بیربکەنەوە و بەرژەوەندی گەلەکەیان بەبنەما بگرن".

باران بێریتان ئەندامى مەجلیسى پەژاک لە بەردەوامیى وتەکانیدا دەشڵێت: "پێویستە خۆمان بە پێی ئەم سەردەمە پێناسە بکەین. کاتێک ناوی پارتی سیاسی لە خۆمان دەنێین، ئەو کاتە مەرجە کە بەپێی لۆژیکی سەردەم سیاسەت بکەین. ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاوی کورد شەهید دەبێت، ئەوەی بۆ ئێمە زۆر پێویستە، ئەوەیە کە ئێمە بتوانین هێزێکی لەشکری (سەربازی) هاوبەش و شارەزاو سەردەمیانە دروستبکەین، کە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا بتوانێت گەلەکەمان بپارێزن".

باران بێریتان باسی لە گرنگی لایەنی دیپلۆماتیک بۆ گەلی کورد دەکات و دەڵێت: "ئێمە لە پرۆژەکەماندا گرنگی و ڕۆڵی دیپلۆماتیکمان ئاماژە پێداوە، لەبەر ئەوە هیچ کەس ناتوانێت ئەمڕۆ لە واشنتۆن و ئەمریکا، پاریس و فەرەنسا یان لە لەندەن دا بچێت نوێنەرایەتی هەموو کورد بکات. ئەوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە. ئەوە تەنها ڕەنگ و بۆنی بەرژەوەندیی تەنگی حیزبایەتییە. لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت وەک پارتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتیدا بەهێز دەرکەوین، پێویستیمان بە ناوەندێکی هاوبەش هەیە".

"ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە فکرێکی سیاسی و مۆدێڕن و دیمووکراتیک هەیە"

ئەو ئەندامەی مەجلیسی پەژاک وتیشی: "ئەوەی بۆ ئێمە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا فکرێکی سیاسی و مۆدێڕن و دیمووکراتیکە. بەداخەوە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ڕوانگەیەوە دوورن. لە ڕۆژهەڵاتی  کوردستان میراسی حیزبایەتییەکی هەشتا ساڵە بوونی هەیە، بەڵام لە ڕووی مۆدێڕن بوون، دیمووکراتیک بوون، لە ڕووی سیاسیشەوە  بەتایبەت لە لایەن پرۆژەوە و بەرنامەیەکی بەهێز بۆ بەڕێوەبردنی گەلی کورد کێشەی زۆر جدی هەیە. ئێمە پێویستە ئەم خاڵانە ببینین و بە ڕوانگەی ڕەخنە و ڕەخنە داین کار و خەبات بکەین".

باران بێریتان لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەشی وت: "کێشەی بنەڕەتیى لایەنەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی سەربەخۆیە. کاتی ئەوە تێپەڕیوە، کە پارتێکی سیاسی خۆی وەک نوێنەری گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێناسە بکات. ئەمە نابێت، هەر پارتییەک دەتوانێت بە پێی هێزی خۆی نوێنەرایەتی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی  کوردستان بکات. ئەگەر مەجلیسێکی هاوبەش دروست بکرێت، ئەوا ئەو مەجلیسە دەتوانێت نوێنەرایەتیی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، ئەو مەجلیس دەتوانێت ببێتە زەمینەیەک بۆ کۆنگرەیەکی نەتەوەیی. ئەوە بۆ ئێمەی گەلی کورد لە نان و ئاو گرنگترە".

باران بێریتان ئاماژەی بەو ڕەخنانە کرد کە ئاڕاستەی پرۆژەکەیان کراوە و وتی: "هەندێک لایەن پرۆژکەمان بە پرۆژەیەکی خەیاڵی ناو دەبەن. بەڕاستی ئەگەر پارتییە سیاسییەکان هێشتا لەسەر هەمان ڕوانگە بن ئەوا دەردەکەوێت، ئەو پارتە سیاسییانە لە ڕووی پێشەنگایەتیکردنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی  کوردستان و بە گشتی کوردستاندا زۆر دوا کەوتوون. باشە پارتییە سیاسییەکان کاتێک خۆیان پێناسە دەکەن، خۆیان وەک هێزێکی پێشەنگ بەناو دەکەن، هەمیشە ئەوەش دەڵێن، دەبێت چەندین هەنگاو لە پێش گەلەوە بن. ئەگەر پارتی سیاسی خاوەن ڕوانگەیەکی بەم ڕەنگەبن و پرۆژەی یەکێتی و یەکڕیزی بە پرۆژەیەکی خەیاڵی بەناو بکەن، ئەوا دیارە سیاسەتی ئەو پارتییە سیاسییانە خزمەتی گەلی کورد ناکات، چونکە گەلی کورد یەکڕیزی و یەکێتی دەخوازێت، لەبەر ئەوە سیاسەتێکی بەم شێوەیە هیچ خزمەتێک بە گەلی کورد ناکات. ئەمەیە خاڵی سەرەکی، کە دەبێت ڕاوەستەی لەسەر بکەین".

"پێویستە ئێمە لەگەڵ گەلەکەماندا ڕاستگۆ بین"

باران بێریتان تیشکیشی خستە سەر کێشەی نێوان پارتییە سیاسییەکان و وتی: "گەورەترین کێشەمان لێکترازانی پارتییە سیاسییەکانە. پارتییەکان ڕوانگە و ڕێبازیان لەیەکدی جیاوازە، بێگومان ئەمە کێشەیەکی جدیە. ئێمە ناڵێین دەبێت یەک پارتی هەبێت، هەبوونی پارتی سیاسی خاڵێکی ئەرێنییە، پارتی سیاسی بە سیاسەت و ئایدۆلۆژیای خۆی دەناسرێتەوە. جیاوازیی پارتییە سیاسیەکانیش ئاساییە. بەڵام ئەوەی لە نێوان پارتییە سیاسییەکاندا هەیە جیاوازییەکی زۆر گەورە و جدییە، کە دەبێتە لەمپەر لە بەردەم لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان".

وتیشی: "ئێمە هیچ کات ناڵێین ئەو پرۆژەیە هی ئێمەیە، لە بنەڕەتدا ئەو پرۆژەیە، ئەو خاڵانەشی کە لەناو پرۆژەکەدا هاتووە، لە کەسێکی زۆر سادەی گەلی کورد بگرە هەتا ڕۆشنبیر و ئەکادیمسییەنەاکان و سیاسەتمەداران پێداگریی لەسەر دەکەن. مادەم ڕاستییەکی بەم شێوەیە هەیە، پارتییە سیاسییەکان دەبێت گرنگیی  ئەمە ببین و لەو چوار چێوەیەدا هەنگاو هەڵێنن. کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونی ڕابردووی لەبەرچاوە، لەبەر ئەوە ئیدی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو پرۆژانەی کە ڕەنگ و بۆنی دەسەڵاتدارێتییان لێ دێت قبوڵی ناکات"

بێریتان بە هەستیاریەوە باسی دووبارەنەبوونەوەی ئەزموونی شەڕی براکوژیی کرد و وتی: "گەلی کورد ئەزموونی ساڵی ١٣٥٧ / ١٩٧٩ی شۆڕشی  گەلانی ئێرانی لە یاد نەکردووە، لەو قۆناغەدا هەل و دەرفەتێکی گەورە بۆ پارتە کوردییەکان ڕەخسا، کە  دەیتوانی ئەو قۆناغە باش هەڵبسەنگێنێت و دەستکەوت بۆ گەلی کورد دروست بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتییە سیاسییەکان خاوەن سیاسەتێکی هاوبەش نەبوون، نەیانتوانی ئەو دەرفەتە زێڕینە بقۆزنەوە، تەنها ئەمەش نەبوو، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران توانیی بەسەر ئەوهێزانەدا زاڵ ببێت و شەڕ و ئاژاوە بخاتە ناویانەوە. لەبەر ئەوە ئێمە ڕێگا نادەین ئەو ئەزموونە، واتە ئەزموونی شەڕی براکوژی! دووبارە ببێتەوە. لە ئێستادا شەڕێکی تایبەت هەیە کە هانی پارتییە سیاسییەکان و دۆستان و لایەنگرانیان دەدات کە ئەو ئەزموونانە دووبارە بکەنەوە، ئێمە هەڵوێستمان هەڵوێستی گەلەکەمانە، هیچ کات گەلەکەمان لەگەڵ شتێکی وەهادا نەبوون، هەر بۆیە ئێمەش هەڵوێستی گەلەکەمان بە کردەوە بە ئەنجام دەگەیەنین".

لە کۆتایی قسەکانی دا باران بێریتان ئەرک و ڕۆڵی ئەم قۆناغەی تێکۆشان دیاری دەکات و دەڵێت: "بۆ ئەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە، بۆ ئەوەی خوێنی ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان بە هەدەر نەچن، ئەرک و بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی هەموو پارتییە سیاسییەکان، کە ئەو پرۆژەیە بەسەر بخەین و بتوانین هاوبەشییەکی فکری لە نێوان خۆماندا دروست بکەین، دوابەدوای ئەوە مەجلیسێکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەین، هێزی دیپلۆماتیک دروست بکەین، ئەوە ئەرکی ئێمەیە و دەبێت ئەرکی خۆمان بە جێ بهێنین".

ژ.ت