بازاڕی کۆبانێ و ئاپێ نەبۆ

هەر وەکچۆن کۆبانێ بە بەرخۆدانی خۆی بوو بە سیمبول، بەهەمان شێوەش لەناو شارەکەدا چەندین سیمبول چ لە شوێن و چ لە کەسەکانیدا هەیە. لە بازاڕی کۆبانێ سیمبولێکی سەرنجڕاکێش هەیە، ئەویش ئاپێ (مام) نەبۆی شێخ حەسەنە.

ئەگەر مرۆڤ بڕواتە بازاڕی کۆبانێ و مام نەبۆ نەبینێت و چکلێتی پۆلات نەخوات، مانای وایە کە نەڕۆیشتووەتە بازاڕی کۆبانێ. ئێمەش ڕۆیشتینە بازاڕی کۆبانێ و سەردانی مام نەبۆمان کرد. کاتێک کە ئێمە سڵاومان لە مام نەبۆ کرد، خێرا دەستی برد و چکلێتی پۆلاتی پێداین.

مام نەبۆ تەمەنی ۸۵ ساڵە و وا ماوەی ۶۰ ساڵە دوکانی خۆی هەیە. هەتا ئێستاش پێوەر و کلتوری کۆنی خۆی نەگۆڕیوە. مام نەبۆ مرۆڤێکی دەم بە خەندە و قسەخۆشە. زۆر نوکتەی خۆشی لەسەر کارەکەی خۆی هەیە. جارێک کەسێک دەچێتە لای و دەپرسێت 'مام نەبۆ، ددانی مارت لا دەست دەکەوێت؟'، ڕاستەوخۆ مام نەبۆ لە وەڵامدا دەڵێت 'بەڵێ، ددانی ماری چەند ساڵت دەوێت؟'. جارێکیتر کەسێکی تر دەڕواتە لای مام نەبۆ و لێی دەپرسێت 'مام نەبۆ، ئەوەت هەیە؟'، مام نەبۆش ڕێگە نادات قسەکەی تەواو بکات و خێرا وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت 'بەڵێ، چەند کیلۆت دەوێت؟'.

ئەو نمونانە بە واتای ئەوە دێت، کە هەموو شتێکت لە دوکانەکەی مام نەبۆ دا دەست دەکەوێت. کاتێک کە ئێمە بەناو دوکانەکەی مام نەبۆ دا گەڕاین، هەستمان دەکرد کە گەڕاوینەتەوە بۆ شەست ساڵ پێش ئێستا، چونکە هەموو شتەکانی کۆنە و هەندێک کەلوپەلی شەست ساڵەشی لەلا ماوە. دوکانەکەی وەک مۆزەخانەیەکی بچووک وایە.

ئێمە لە مام نەبۆمان پرسی 'چی لە دوکانەکەی تۆدا هەیە"’. لە وەڵامدا پێی وتین "لە دەرزیەکەوە تا ئەسپ لە دوکانەکەمدا هەیە".

نەبۆی شێخ حەسەن باسی کوڕەکەی دەکرد کە لە بەرخۆدانی شێخ مەقسود دا شەهید بووە و وتی "هەر کە چاوم بە وێنەکەی دەکەوت، خۆم پێ نەدەگیرا و دەستم بە گریان دەکرد، بەڵام لەم دواییەدا، باوەڕم بە خۆم هێنا و بیرم لەوە کردەوە کە منیش وەک ئەو خەڵکەی ترم کە هەر ماڵێک شەهیدێک و دوو شەهیدی هەیە. ئەگەر ئەوان نەبوایە، منیش نەمدەتوانی ئێستا لێرەدا بە ئازادانە، دوکانەکەشم بکردایەتەوە".

مام نەبۆ دەڵێت، بەو تەمەنەی خۆیەوە بۆ پارە کار ناکات، بەڵام بە کارکردن ئارام دەبێتەوە و کاتی خۆی پێ بەرێدەکات.

جارێکی تر دەیڵێینەوە کە ئەگەر تۆ بچیتە بازاڕی کۆبانێ و نەچیتە لای مام نەبۆ، مانای وایە بازاڕی کۆبانێت نەدیوە.

ر.م