بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و گەلانی جیهان پشتیوانییان بۆ رۆژئاوا دەربڕی

پشتیوانیی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و گەلانی جیهان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا ژمارەیەک کەسایەتی لە وڵاتە جیاوازەکانەوە پەیامێکیان ئاڕاستەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان کرد و داوایان لێ کردن سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک دابنێن.

نوێنەر و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە پەیامێکیان بۆ خاوێندارێتی و پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە.

'داگیرکەریەکانی تورک، مەترسین بۆ سەر بەدیلەکانی قەیرانە شارستانییەکان'

ژمارەیەک لە کەسایەتیەکانی چەندین وڵاتی جیا جیای جیهان نامەیەکیان پێشکێشی رۆژنامەی زێ گاردیانی بەریتانی کرد و تیایدا تیشکیان خستە سەر ئەوەی لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، نەک تەنها تێکۆشانی دژی داعش، بەڵکو فکر و هزری مرۆڤایەتی و بەدیلەکانی قەیرانی شارستانیەتیش دەکەونە مەترسیەوە.

لە نامەکەدا باس لەوە دەکرێت کە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک سەرەڕای 'ئاگربەست' بە توندترین شێوە، پێشکەوتووترین تەکنیکی شەر بەرامبەر بە کەسانی مەدەنی بەکار دێنێت و گروپە چەکدارە توندڕەوەکانیشی، خەڵکانی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکەن.

'زلهێزەکانی جیهان پەیمانی جنێفیان بنپێ کردووە'

لە نامەکەدا هەروها تیشک خرایە سەر ئەوەی کە هەر یەک لە زلهێزەکانی وەک ئەمریکاو روسیاو بەریتانیاو فەڕەنساو چەند دەوڵەتێکی تر بە رێگەپێدانیان بۆ هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک، یاسای نێودەوڵەتی و پەیمانی نجێفیان بنپێ کردووە و جەخت کرایەوە کە ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی ئەزموونە سەرکەوتوو چاونەترسانەی رۆژئاوایە کە لە دەرەوەی سیستمی جیهانییەوە ئەزموونێکی سەرکەوتووە.

'پێکهاتەکانی باکوری سوریا بە ئاشتیانە و یەکسان دەژین'

لە نامەکەدا باس لەوەش کرا کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ٥ میلیۆن کورد و عەرەب و ئاشووری و تورکمان و ئێزیدی و گەل و پێکهاتەی جیاواز هەن کە لە ناو سیستمێکی سەرکەوتووی دیمۆکراسی و خۆبەڕێوەبەر و یەکسان و ئاشتییانەدا دەژین.

لەو پەیامەدا هەورها فرۆشتنی چەک بە تورکیاش شەرمەزار کراو بۆ پاراستنی رۆژئاوا بانگ لە هەموو کەسێک کرا کە هەڵسێنە سەر پێ, چونکە رۆژئاوا بۆ ئامانجی هەموو گەلانی جیهان تێدەکۆشێت و جەخت لەوەش کرایەوە کە خەباتی گەلان بە یەکەوە بەستراوە و هیچ هێزێک ناتوانێت رێگری لە گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان بکات و بەم شێوەیە کۆتایی بە پەیامەکە هێنرا:

"ئێمە وەکو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و کۆمەڵگاو گەلانی خۆجێیی و پێشەنگانی ئەم رەوتە پشتگیر و پشتیوانیی ئامانج و خۆڕاگریی رۆژئاوا دەکەین و خوازیارین ئەم خۆپاراستن و خۆڕاگری و خەباتە سەربکەوێت. ئەمە پرسێکی مرۆڤایەتییەو پێویستە کۆتایی بەو داگیرکەریە بهێنرێت."

ئەو کەسایەتیانەی نامەکەیان ئیمزا کردووە بریتین لە:

LaDonna Brave Bull Allard Standing Rock, Turtle Island  (لە ئەمریکاوە)
Salim Dara Rural Solidarity (لە وڵاتی بەنین-ی باشووری ئەفریقاوە)
 Eve Ensler One Billion Rising (لە ئەمریکاوە)
Sabine Lichtenfels Tamera Peace Research Center (لە پۆرتوگالەوە)
Tiokasin Ghosthorse First Voices Indigenous Radio, Turtle Island  (لە ئەمریکاوە)
Alnoor Ladha The Rules ( لە کەنەداوە)
Gildardo Tuberquia Peace Community of San José de Apartadó ( لە کۆلۆمبیاوە)
Yael Ronen Maxim Gorki Theater (لە ئەلمانیاوە)
Sami Awad Holy Land Trust,  (لە فەڵەستینەوە)
Gigi Coyle Beyond Boundaries (لە ئەمریکاوە)
Joshua Konkankoh Better World  (لە کامیرۆنەوە)
Stuart Basden Extinction Rebellion  (لە بەریتانیاوە)
Aida Shibli Global Campus  (لە فەڵەستینەوە)
Claudio Miranda Favela da Paz  (لە بەرازیلەوە)
Rajendra Singh Tarun Bharat Sangh  (لە هندستانەوە)

ز.ش