بنەماڵەی شەهیدانی سەرێکانی: خوا سزای ئەردۆغان دەدات!

گەلی سەرێکانی کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەگەل ئەو هەموو خۆڕاگرییەی کردیان، بە ناچاری کۆچیان کرد. هاوڵاتییانی ئاوارەبوو وتیان "خوا بۆی ناباتە سەر، دین و ئیمانی نییە."

یەکێک لە شارەکانی کانتۆنی جزیرە کە سەدان خێزان کۆچیان بۆ کردووە، درباسیەیە. دایک و باوکی شەهید داود سەیدۆ عەلۆ، کە بە ناچاری بۆ درباسییە کۆچیان کردووە، باسی سەختییەکانی ژیانیان کرد.

"ئێمە وەکو خاوەنی ڕاستەقینە، ئەو خاکانە وەردەگرینەوە"

خەلەف برۆ وتی شەهیدبوونی کوڕەکەی وەکو ئەوەیە کە شیشێکی سوورکراوەی لە جگەر ڕۆ کرابێت، دڵ و جگەری سووتاندووەو پەڕ و بالی شکاندووە. برۆ ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی سوپای تورکدا چەندین دراوسێیان شەهید بوون و وتی: "پێشتر لە سەرێکانی ژیانێکی خۆشمان هەبوو. کوڕەکەم زەماوەندی کردبوو. نەوەکەم ڕۆدی، تەمەنی تەنیا پێنج مانگ بوو، باوکی لە ساڵی ٢٠١٣  لە شەڕی دژی چەتەکانی نوسرە لە سەرێکانی شەهید بوو، کاتی ئەو شەڕە ئێمە چوینە تورکیا، ژیانمان لەوێ سەخت بوو، ئەمە جاری دووهەمە کە بەهۆی ئەم هێرشە قورسانەوە بە ناچاری ماڵمان چۆل دەکەین.

ئەردۆغان هیچ دین و ئیمانی نییە، جگە لە زوڵم هیچ شتێکی بەم گەلە نەداوە. خودا ئەو شتانە دەبینێت کە دەیکات، هیوام وایە خوا سزای بدات. ماڵ و موڵک و نانمان لەوێ بەجێ ما. دیسان دەمانەویت بگەڕێینەوە سەر ئەو خاکانە، وەکو خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو خاکانە، لەوێ بژین".

لەدژی ئەردۆغان پڕن لە ڕق و کینە

جەمیلە سەیدۆ، دایکی شەهید داود سەیدۆ-ش وتی:

"وتمان لە کۆمەلکوژی ڕزگارمان بوو، بەڵام کۆمەڵکوژییەکی گەورەتریان بەسەر هێناین. لەگەڵ دراوسێکانمان ژیانێکی خۆشمان هەبوو. دراوسێکانمان کوژران، کەس نەما لە دەوروبەرمان. لەوێ دەرچووین، چووینە گوندێکی نزیک حەسەکە، لەوێوە چوینە حەسەکە. کاتێک خەڵک چووە ئەوێ، جێگا زۆر نەبوو، ئێمەش چوینە دەرباسیە. دوو ژووریان بۆ دۆزینەوە، ئێستا ئێمە شەش کەس لە دوو ژوورداین. خەڵک دەرگایان لێ کردینەوە، پێداویستییەکانیان دابین کردین. ئێمەی خستە چ حاڵێکەوە... ئیتر دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵی خۆمان."