له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی منبجدا ٣ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا، ٢ شه‌ڕڤانی منبج و ٨ سیڤیل ژیانیان له‌ده‌ست دا - نوێكراوه‌ته‌وه‌

له‌ شاری منبج-ی فیدراسیۆنی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ ڕوویدا. چه‌ندین كه‌س ژیانیان له‌ده‌ست دا كه‌ له‌نێویاندا سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی هه‌ن‌.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ كۆڵانی سندس-ی شاری منبج له‌ به‌رده‌م چێشتخانه‌ی «قصر الأمراء» ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ڕوویدا. سه‌رچاوه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ ڕایانگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ كاتی تێپه‌ڕبوونی ده‌وریه‌یه‌كی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانان ڕوویداوه‌.

كۆمیته‌ی ته‌ندرووستیی منبج ڕایگه‌یاند، له ئه‌نجامی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌دا ٣ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی، ٢ شه‌ڕڤانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی منبج و ٨ كه‌سی سیڤیل‌ ژیانیان له‌ده‌ست داوه‌، هه‌روه‌ها ١٨كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون كه‌ برینی ٥ كه‌سیان سه‌خته‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش به‌رپرسایه‌تیی خۆی له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ ڕاگه‌یاند.

s.m