'بۆ ئەوەی گەل لە ڤایرۆس بپارێزین، بە هەموو تواناکانمان کار دەکەین

محەمەد نورەدین هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەقا ڕایگەیاند، دوای دەستپێکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک بە هەزاران کەس کۆچیان کرد بۆ ڕەقا و وتی، "بۆ ئەوەی گەل لە ڤایرۆس بپارێزین، بە هەموو تواناکانمان کار دەکەین".

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دا دەستی بە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، بەشێک لە خەڵکی هەرێمەکە ئاوارەی رەقا بوون. بەڕیوەبەرایەتی ڕەقاش هەوڵ دەدات گەل لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزێت.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە ساڵی ٢٠١٨ دا ڕەقای لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرد. دوای ڕزگارکردن ئەنجومەنی مەدەنی ڕەقا دامەزرێنرا. ئەنجومەنەکە هەوڵ دەدات، پێویستیەکانی گەل دابین بکات کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە. ڕەقا دەرگاکانی بەڕووی زۆر کەس کردووەتەوە کە بەهۆی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بە ناچاری ماڵ و موڵکیان بەجێهێشتووە و ئاوارە بوون. هەروەها ژمارەیەکی زۆر پەنابەری ئیدلبیش ڕوویان کردووەتە ئەو پارێزگایە. لە ڕەقا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ٨٠٠ هەزار کەسە، زیاتر لە ٧٥ هەزار پەنابەریش روویان کردووەتە پارێزگاکە.

محەمەد نورەدین هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەقا ڕایگەیاند، بارێکی قوڕس لەسەر شانی ڕەقا هەیە، لەگەڵ سەختیەکان بۆ ئەوەی گەلەکەیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزن و هاوکاری گەلی ڕەقا بکەن، هەموو تواناکانیان خستووەتەگەڕ. هەروەژا باسی ئەوەی کرد، لە کاتی هەڵمەتی ڕزگارکردنی ڕەقادا زیانێکی زۆر بەر خانوو و بالەخانەکان کەوتبوو. بۆیەش ئەوان هەوڵ دەدەن پێداویستیەکانی گەل ڕەقا دابین بکەن. هەروەها دەرگاکانیان بەڕووی پەنابەراندا کردووەتەوە کە بەهۆی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بە ناچار ماڵ و موڵکیان بەجێهێشتووە.

محەمەد نورەدین وتی، "لە ئیدلب زۆر پەنابەر ڕوویان کردووەتە ڕەقا. هەروەها بەهۆی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە گرێ سپی و سەریکانی زۆر کەس ڕوویان لەو شارە کردووە. پەنابەران لە ڕەقا لە سێ شوێن نیشتەجێبوون، بەشێکیان لە کەمپدان، بەشێکیان لە گوندەکانن و بەشێکیان لە خانووە ڕووخاوەکانی ناوەندی شارەکەدا دەژین. لە لایەکی ترەوە ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕەوە لە ڕەقا کۆچیان کردبووە و لە سەرێکانی و گرێ سپی نیشتەجێ ببوون، بەهۆی هێرشی داگیرکەری تورکەوە جارێکیتر گەڕاونەتەوە بۆ شاری ڕەقا. ژمارەیەک خانەوادە پێکەوە لە خانووەکدا دەژین. ئێمەش وەک ئەنجومەنی مەدەنی ڕەقا هەرچیەکمان لە توانادابێت بۆ گەلی ڕەقا و پەنابەران ئەنجامیدەدەین."

گەلی ڕەقا زۆر یارمەتیدەرە

محەمەد نورەدین ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی بەڕیارەکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر دا ئەوان هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی گەلەکەیان ڕێوشوێن بگرنەبەر و وتی، "دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان بڵاوبووەوە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد. ئێمەش وەک ئەنجومەنی ڕەقا بڕیارەکانمان جێبەجێ کرد. وەک هەنگاوی سەرەتایی هەموو خوێندنگا و دەزگاکانمان دەرمانڕێژ کرد. لە ناوەندی شاریش، ناوەندی کەرەنتینەمان دروست کرد. ئەم ناوەندە هەم لە ڕووی کارمەدن و هەم لە ڕووی ئامێری پزیشکیەوە ئامادەیە. لە دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا، نەخۆشەکان لەم ناوەندە چارەسەریان بۆ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشا بۆ ئەوەی گەل ڤایرۆسەکە بناسێت و خۆی بپارێزێت، هوشیاریان پێدەدەین.

ڕێوشێن گیراوەتەبەر کە گەل لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە. ٢٤ هەزار پاکێتی هاوکاری بەسەر گەلدا دابەشکراوە. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پشتگیری لە خانەوادە هەژارەکانی کرد. لەم کاتەدا ئاسایش بۆ ئارامی و توندروستی گەل کارێکی زۆر دەکات. بە ناوی ئەنجومەنی رەقا سپاسیان دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا کارمەندانی تەندروستی و پزیشکەکان لە هەموو ناوەندێک و لە نەخۆشخانەی وەتەن بێ بەرانبەر خزمەت دەکەن. ئێمە سپاسی ئەوانیش دەکەین، لەبەرئەوە ڕەنجێکی زۆر دەدەن.

بۆ ئەوەی بە زوترین کات دەستوەردان بکرێت، ناوەندی قەیران پێکهێنراوە. هەروەها هاتوچۆ بۆ دەرەوە و ناوەوەی ڕەقا کۆنتڕۆڵکراوە. تیمەکانی شارەوانی بەهەموو شیوەیەک چاودێری دوکان و بازار دەکەن بۆ ئەوەی کەلوپەڵ بە نرخێکی زۆر نەفرۆشرێن. تیمی پاککردن و دەرمانڕشتن پێکهێنراون. فڕنەکانمان کار دەکەن. بەشێک لە نەخۆشخانەی وەتەن بۆ کەرەنتینە و چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا تەرخانکراوە. وەک تر بۆ ئەوەی منداڵان لە خوێندن بێبەش نەبن، لە سەر ئەنتەرنێت وانە دەوترێتەوە. لەم کاتەدا بە ڕاستی گەلی ڕەقا زۆر هاوکاریان کردین."

ف.ق