" بۆ دادگاییکردنی تورکیا پێویستە لیژنەیەکی لێپرسینەوە پێک بهێنرێت"

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای کرد بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکانی تورکیا و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک بهێنرێت و رایگەیاند بە هۆی بنپێکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان پێویستە تورکیا بدرێتە دادگا.

فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەو دەستەی تەندروستیی بەرێوەبەرایەتی خۆسەریی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بارەی بکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە لایەن دەوڵەتی تورک و هێرشەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ساز کرد.

کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە لە ناوەندی فەرمانگەکە لە شاری قامشلۆ لە لایەن هەر یەک لە عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەو جوان مستەفا هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیەوە بەڕێوە چوو.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا باس لە بنپێکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کراو لەو چوارچێوەیەشدا وێنەی برینداران کە دەیسەلمێنێت دەوڵەتی تورک چەکی کیمیای بەکار هێناوە، پیشانی رای گشتی و راگەیاندنەکان درا.

هاوسەرۆکانی پەیوەندیەکانی دەرەوەو دەستەی تەندروستیی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر بەم شێوەیە باسی رەوشەکەیان کرد:

"بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکانی، پێویستە بنپێکاریەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە تیرۆرست و چەتەکانی، بەرامبەر بە پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت و بدرێن بە دادگا. ئەم کریارانە زیادەڕەوی و بنپێکردنێکی ئاشکرای یاسا و پەیمان و میساقە نێودەوڵەتیەکانە. ئەوەی رووی داوەو ئێستاش بە تایبەت لە عەفرین روو دەدات، پێویستیی بە لیژنەیەکی لێپرسینەوە هەیە. لە لایەکی ترەوە لە سەرێکانی و گرێ سپی لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەموو یاسا و پەیمان و میساقە نێودەوڵەتیەکانیان بنپێ کردووە کە لوتکەی ئەم بنپێکردنانە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بووە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی. تا ئێستا ٣٠ کەس کە ژمارەیەکیان منداڵن بەرکەوتەی چەکی کیمیایین.
پێویستە گشت رێکخستن و رێکخراوە پسپۆرەکان بە تایبەت رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و بیۆلۆجی، هەوڵ و هەڵوێستەکانی خۆی لە بارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە ئاشکرا بکات کە بەڵگەی سەلمێنەرمان لە بەر دەستدایە."

"پێدانی ٣٠ هەزار یۆرۆ بەخشیش بە OPCW لە لایەن تورکیاوە بە رێکەوت نیە"

لە لێدوانەکەدا باس لەوەش کرا کە دەوڵەتی تورک بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی هەموو هەولێک دەدات و لەم چوارچێوەیەدا بڕی ٣٠ هەزار یۆرۆی داوا بە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و بەم شێوەیە باسی کرد:

"ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پشتڕاستی دەکەینەوە کە داواکەمان ئەوەیە بەدواداچوونێکی جدی بۆ بنپێکاریەکانی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بکرێت. هەروها هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی و رێگریکردن لە دروستکردنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی، ئەویش بە پێدانی بڕی ٣٠هەزار یۆرۆ وەک بەخشیش بە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) لە ١٧ی تشرینی یەکەمدا کە هاوکاتە لەگەل بەکارهێنانی چەکی فسفۆر، بە رێکەوت نیە.
بەڵگەی پێویستمان لەبەر دەستدایە کە تاوانبارکردنی تورکیا مسۆگەر دەکات. ئێمە ئامادەین پێشوازی لە لیژنە پسپۆرەکان بکەین و ئامادەین هاوکاریان بکەین بۆ لێکۆلینەوە لەو شوێنانەی دەوڵەتی تورک چەکی قەدەغەکراوی تیایدا بەکار هێناوە."

"پێویستە بەڵگەکان لە رووی یاسایی و پزیشکیەوە پشتڕاست بکرێنەوە"

لە بەشێکی تری لێدوانەکەدا باس لەوە کرا کە پێویستە ئەم دۆسیەیە بە ئاسانی بە سەر تورکیا دا تێنەپەڕێنرێت و بەم شێوەیە کۆتایی بە لێدوانەکە هێنرا:

"لەم روویەوە بانگێکی بە پەلەی بەدواداچوونی بابەتەکە دەکەین و داواکارین ئەم دۆسیەیە لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بە شێوەیەکی ئاسان تێنەپەڕێنرێت، چونکە تەواوی جیهان بەتاڵ دەبێتەوە لە یاساکانی یەکسانی و ماف و بەرپرسیارێتی. ئەمەش دەبێتە پشتیوانیەک بۆ ئەوەی دەولەتی تورک بەردەوام بێت لە پەیرەوکردنی سیاسەتی نایاسایی. ئەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنن دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی و قەدەغەکراوی بەکار هێناوە، پێویستە لەڕووی پزیشکیی و یاساییەوە پشتڕاست بکرێنەوە و دواتر دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بدرێنە دادگاو سزا بدرێن."

دوای کۆتایی هاتنی لێدوانەکە، جوان مستەفا هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی وێنەی ئەو بریندارانەی کە بەرکەوتەی چەکی فسفۆرن، پیشانی رای گشتی و کاناڵەکانی راگەیاندن دا.

جوان مستەفا بانگی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە پێش ئەوەی ئاسەوارەکانی چەکی قەدەغەکراو لەو ناوچانە تیایدا بەکار هاتووە، نەمێنێت، بە زووترین کات لیژنەیەکی لێکۆلینەوە پێک بهێنرێت و سەردانی ناوچەک بکەن.

ز.ش