بێرنارد کۆشنەر: پێویستە بەرەنگاری توندوتیژییەكانی توركیای داگیركەر ببینەوە

هەدیە یوسف رایگەیاند، دەوڵەتی تورك لە عەفرین كۆمەڵكوژی و تاوانی جەنگی ئەنجامداوە. بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا، دەوڵەتی تورك بە داگیركەر ناودەبات.

هەدیە یوسف رایگەیاند، دەوڵەتی تورك لە عەفرین كۆمەڵكوژی و تاوانی جەنگی ئەنجامداوە. بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا، دەوڵەتی تورك بە داگیركەر ناودەبات. دەڵێت، توركیا لە عەفرین تاوانی كوشتن و كۆچپێكردنی خەڵك و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەكەی ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی 'پاكتاوی ڕەگەزی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە عەفرین' لە عامودێ-ی ڕۆژئاوای كوردستان دەستیپێكرد، تیایدا هەریەكە لە هەدیە یوسف هاوسەرۆكی ئەنجومەنی دامەزرێنەری فیدراڵیی دیموكراتیی باكوری سوریا، هەروەها بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا وتاریان هەبوو.

هەدیە یوسف خۆی ئامادەی كۆڕبەندەكە نەبوو، بەڵام پەیامێكی ئاراستە كردبوو و خوێندرایەوە، دووپاتیكردبووەوە، داگیركردنی عەفرین قۆناغێكی نوێی قەیرانی سوریا بوو، بەو پێیەی جەنگەكەی گواستەوە لە جەنگ بەرامبەر بە گروپە چەكدارەكان و بەناو ئۆپۆزسیۆن، بۆ جەنگ بەرامبەر دەوڵەتێكی دەستدرێژیكەر.

هەدیە یوسف باسیشی لە تاوانەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر لە عەفرین كرد، جەختیكردەوە، توركیا بەردەوامە لە سیاسەتە شەڕەنگێزەكانی بەرامبەر بە خەڵكی عەفرین، كۆمەڵكوژیی زۆری ئەنجامداوە بەرامبەر بە دانیشتوانی ڕەسەنی شارەكە، كە دەچنە خانەی تاوانی جەنگ و پاكتاوی ڕەگەزی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، بەشێوەیەك كە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی بۆ گێڕانەوەی سوڵتانیەتی عوسمانیی فراوانخوار پیشانی جیهان-دا.

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی دامەزرێنەری فیدراڵیی دیموكراتیی باكوری سوریا، سەرەڕای گەورەیی ئەو كارەساتەی گەلی سوریا بەگشتی و عەفرین بە تایبەت تیایدا دەژین، باوەڕی خۆی بە داهاتوویەكی نوێ و گەلێكی ئازاد و سیستمێكی دیموكراتی دووپاتكردەوە.

دواتر بێرنارد کۆشنەر، وەزیری دەرەوەی پێشووتری فەرەنسا وتارێكی پێشكەشكرد.

کۆشنەر ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا، بەجددی كاردەكات بۆ دانانی سنوورێك بۆ دەستدرێژی و پێشێلکارییەكانی توركیا بەرامبەر گەلانی ناوچەكە، لە كوشتن و كۆچپێكردنی خەڵكی عەفرین و گۆڕینی دیموگرافیای شارەكە.

وەزیری دەرەوەی پێشووتری فەرەنسا، توركیای بە دەوڵەتێكی داگیركەر ناوبرد، وتی: "پێویستە بەرەنگاری كارە توندوتیژییەكانی توركیای داگیركەر ببینەوە".

سەدان میوان و كەسایەتیی گرنگی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ڕۆژئاوای كوردستان-ن و بەشدارن لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی 'پاكتاوی ڕەگەزی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە عەفرین'، کە لە شاری عامودێ بەڕێوەدەچێت. لەو کۆڕبەندەدا تاوانەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر و هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە دەخرێنە ڕوو.

ر.م