بەرخودانى عەفرینییەکان لە شەهبا گەڕانەوە مسۆگەر دەکات

هاووڵاتییانى عەفرین و بنەماڵەى شەهیدانی عەفرین، کە ئێستا لە شەهبا لە بەرخودان و خۆڕاگیریدان رایانگەیاند، بە بەردەوامى درێژە بە رێگا و دۆزی شەهیدان دەدەن و رۆژێکیش دێت بگەڕێنەوە بۆ عەفرین.

هاووڵاتییان و بنەماڵەى شەهیدانى عەفرین لە شەهبا بە ئەنجامدانى رێپێوانێک دەنگیان بەرامبەر بە هێزە نێونەتەوەییەکان هەڵبڕی و وتیان "یان عەفرین، یان عەفرین".

"شەهیدمان داوە و شەهیدیش دەدەین"

سورەیا حەبەش دایکى شەهید رەشید و ئەندامى دەزگاى بنەماڵەى شەهیدان وتی، هەرچەند رووسیا دەیانکاتە قوربانیى بەرژەوەندییەکانى خۆی، بەڵام ئێمە بەرخودان دەکەین و لە دژی یاسا و بڕیارەکانیان دەوەستینەوە. هەزاران کەسمان لە بەرخودانى سەردەم دا شەهید بوون و دیسانەوە بۆ رزگارکردنى عەفرین شەهیدى تریش دەدەین.

"ئێمە رزگارکردنى عەفرین لە یاد ناکەین"

دایە ئەمینە دایکی ٢ شەهید رایگەیاند، لە مێژوودا کورد بە بەردەوامی بە ئاشتیخواز و بەرخودان ناسراوە و دەناسرێت، هاووڵاتییانى عەفرینیش و شەڕڤانەکانى قارەمانانە خۆڕاگری و بەرخودانیان کرد.

دایە ئەمینە راشیگەیاند "ئێمە درێژەپێدەر و شوێنکەوتووی رێگاى شەهیدەکانمانین و هەرگیز رزگارکردنى عەفرین لە یاد ناکەین. هەر وەک خۆتان دەبینین، بۆ تێکشکاندنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد هەڤاڵان دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کردووە و جەستەى خۆیان رووبەرووی مەرگ کردووەتەوە و سات بە سات لە شەهادەت نزیک دەبنەوە، بەڵام بە داخەوە ئەو دەوڵەتانە کە بە ناوی مرۆڤایەتییەوە دەدوێن تاوەکو ئێستا بێدەنگەیان لێکردووە و بێدەنگییەکەشیان مردنى مرۆڤەکان بە دواى خۆیدا دەهێنێت".

"ئێمە گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکەین"

باوکی شەهید سەڵام محەمەد کێنجۆ وتى "ئێمە بێدەنگیى رووسیا ئیدانە دەکەین. ئێمە لە دژی داگیرکردنى عەفرینین، کە رووسیا بە هەرزانى رادەستى تورکیای کرد و لە دژی ئەوەش بەرخودان و بەرەنگاری دەکەین. ئێمە بە ئیرادە و ورە و بەرخودانى خۆمان گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکەین. دەوڵەتى تورک بە ناوی رزگارکردنى عەفرین لە تیرۆر موڵک و ماڵی هاووڵاتییانى عەفرینى داگیرکرد. رۆژانەش ئەشکەنجە بەرامبەر بە هاووڵاتییان بەکاردەهێنێت و رۆژانەش هاووڵاتییان دەڕەفێنێت. ئامانجی سەرەکیشیان لەو کارانە سڕینەوەی کورد و گۆڕینى دیمۆگرافیا و باری دانیشتوانی هەرێمەکەیە. ئێمە دەمانەوێت ئەوە بۆ هەموو جیهان بخەینەڕوو، کە ئێمە خاوەنی زێد و ماڵ و موڵکی خۆمانین و ئومێدمان بەوە هەیە قەسەدە لە ماوەیەکى کورت دا ئێمە بگەڕێنێتەوە بۆ عەفرین".

"عەفرین هەموو کات چاوەڕێمانە"

دایکى شەهید باران هاوار سەلوا ئەحمەد شێخۆ رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە بە ورە و ئیرادەى دایکى شەهیدان عەفرین رزگار دەبێت. دەوڵەتى تورک بە وەحشیگەری و کارە دڕندانەکانی و بە پشتیوانى رووسیا عەفرینى داگیرکرد و ئێمە لە عەفرین کۆچبەر بووین. دەوڵەتى تورکیا هیچ مافێکى بەسەر شوێن و زێد و موڵک و ماڵی ئێمەوە نییە. دەبێت ئێمە بە خێرایى هەنگاو بۆ پێشەوە بنێنین، چونکە هاوار و ناڵەى عەفرین و عەفرینییەکان تاوەکو کەشکەڵانى ئاسمان بەرزبووەتەوە. عەفرین هەموو کات چاوەڕێمانە. تاوەکو گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ تێکنەشکێنرێت، ئێمە هەموو کات لە گۆڕەپانەکان و لە شەقامەکاندا لەسەر پێ دەبین. بانگەوازمان بۆ ئەو خەڵکەى لە ناو عەفریندان ئەوەیە، کە ئێمە چۆن بۆ مافی خۆمان لە گۆڕەپانەکانداین دەبێت ئەوانیش هەموو رۆژ و ساتێک لە گۆڕەپانەکاندا لەسەر پێ بن و بۆ ئازادیى خۆیان بۆ گەڕانەوەى ئێمە".

ر.م