بەرخودێرانی سەرێکانی: ئەمە شەڕی مان و نەمانە

ئەو شەڕڤانانەی لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی تورک لە سەرێ کانی بەرخۆدان دەکەن، ڕایانگەیاند، ئەو شەڕە شەڕی مان و نەمانە و بانگەوازیان بۆ گەلی کورد کرد کە هەستنە سەرپێ و بەرخۆدان بکەن.

لەبارەی ئەو پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورک دەیگوت "ناوەندی شاری سەرێ کانی کۆنترۆڵ کراوە" ئەرسین چاکسوو ڕۆژنامەوانی ئاژانسی هەواڵی فورات ANF لەگەڵ فەرماندەکانی ناو بەرخۆدانەکە قسەی کرد.

'خاوەن ئیرادەیەکی پتەوین'

شەڕڤانێکی یەپەژە بەناوی نوودەم، کە لە بەرەی تەل خەلەف لە بەرخۆدان دایە وتی: "پێنج ڕۆژە ئێمە لێرەین، ئەوان هیچ کات ئێمەیان نەشکاندووە. چونکە خاوەن ئیرادەیەکی پتەوین. سەرێ کانی بەدەست خۆمانەوەیە، بەرخۆدانی هەڤاڵانمان بەردەوامە. هیچ شتێک ناتوانێت ورەمان بڕوخێنێت، ئێمە بە ڕامان و فەلسەفەی ڕێبەرایەتییەکەمان، خۆمان بەهێز دەکەین. ئیرادەمان پتەوە، بۆیە تەکنیک ناتوانێت ورەمان لاواز بکات، ورەی هەڤاڵانمان زۆر بەرزە، ئەو شەڕە بە ورە بەردەوامە".

'ورەمان زۆر بەرزە'

یەکێک لە فەرماندەکان بەناوی سیدار قامیشلۆ-ش وتی: "دوێنێ هێرشێکی قورس هەبوو. کاتژمێر ١٠ دەستیپێکرد و ئێمەش کەوتینە شەڕ. فڕۆکە شەڕخوازەکانیش بۆردومانیان دەکردین. ٧-٨ هەڤاڵمان بریندار بوون. ئێمە تەنیا ٤ هەڤاڵ بە ساغی ماینەوە. لە بەیانییەوە هەتا سعات ٢:٠٠ی دوای نیوەڕۆ لە شەڕدا ماینەوە. بۆ ئەوەی هەڤاڵە بریندارەکانمان ڕزگار بکەین، ئاسایشیان بۆ دابین بکەین لە بازنەکە هاتینە دەرەوە. دواتر دیسان ئۆپەراسیۆنمان دەستپێکرد و ئەو شوێنانەی داگیر کرابوون، کۆنترۆڵمان کردنەوە".

قامیشلۆ وتیشی: "سەرێ کانی لەژێر کۆنترۆلی هەڤألانمانە" وتیشی "ورەکان زۆر بەرزە، چونکە سەربەرزی بۆ ئێمەیە. سەربەرزیمان خستوەتە پێشمان، تێکشکان قەبوڵ ناکەین. شەڕڤانەکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنی سەرێ کانی دەبن".

'ئەمە شەڕی مان و نەمانە، هەستنە سەر پێ'

قامیشلۆ لە کۆتاییدا بانگەوازی بۆ گەلی کوردستان کرد: "دەبێت هەموو کورد هەستێتە سەر پێ و لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست و هێرشەکانی ئەردۆغان بوەستێتەوە. هیچ کەسێک، هەر کەسێک بەخۆی دەڵێت کورد، دەبێت هەستێتە سەر پێ. ئەو شەڕە بۆ کورد شەڕی مان و نەمانە".