بەرخۆدانی ‌هاوڵاتیانی عەفرین

محەمەد نوری یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی عەفرین کە ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانی کرد، دەربارەی ئێش و زەحمەتیەکانی دوورکەوتنەوە لە عەفرین دەدوێت.

محەمەد لە سەرەتای قسەکانیدا دەڵێت: پێش ئەوەی ئێمە لە عەفرین بچینە دەرەوە، دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشی بۆسەر عەفرین دەکرد، ئامانجی ئەوەبوو کە ئێمە لە خاکەکەمان داببڕێت، ئەگەر فڕۆکەی  هەڵنەساندابایە، بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانەوە نەبوایە، ئێمە هیچ کاتێک عەفرینمان چۆڵ نەدەکرد، بەهۆی فڕۆکەکانەوە فشارێکی زۆرمان بۆهات تا ناچاربووین لە عەفرین بچینە دەرەوە.

ئەو هاوڵاتییە جێهێشتنی ناچاری عەفرین بە ئێش و ئازارێکی گران ناو دەبات و دەڵێت: جێهێشتنی عەفرین زۆر بە ئێش بوو، لە مێژووی مرۆڤایەتییدا شەڕێکی وەها نەبووە، لە کاتژمێر ١١:٠٠ی شەوەوە تا ڕۆژی دواتر کاتژمێر ٠٣:٠٠ پاشنیوەڕۆ گەل لە ژێر تۆپ خۆی ڕزگاردەکرد، من بینیم ژنێک منداڵەکەی خۆی لەناو نایلۆنێک پێچابووەوە بۆ ئەوەی لەباران بیپارێزێت و بەناو زەوی زەیتوون بەبێ پێڵاو ڕێگای دەبڕی و منداڵەکانی دیکەشی لەگەڵی دەڕۆشتن، ئایا گوناهی ئەوانە چییە؟

 محەمەد باسی ساتەکانی دوورکەوتنەوە لە عەفرین و زەحمەتیەکانی ڕێگا دەکات و دەڵێت: کاتێک ئێمە لە ڕێگادابووین باران دەباری، ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگای جەبەل ئەهلام تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ بوو کەسێک گیانی لەدەستدا، دوو خزمی ئەو کەسەی لە ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا بۆ شاردنەوەی تەرمەکەی بە ناچاری لەژێر تۆپ و بۆردوومان گەڕانەوە عەفرین، دوای دوورکەوتنەوە لە عەفرین و پاشان لە دوورەوە سەیرمان کرد، لە هەموو ناوچەیەکی عەفرین دووکەڵ هەڵدەستێت.

محەمەد نوری بەهاوکاری ماڵی خوشکەکەی لە حەلەب و بەهاوکاری کۆمینی گەڕەکەکە، خۆی و خێزانەکەی گەیاندۆتە ئەوێ و هاوشێوەی هەزاران هاوڵاتی عەفرینی دیکە، بەهۆی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکان، دووساڵە لە جێگاو واری لەدایکبوونیان دوورن و لە ئاوارەییدا دەژین.