بەرپرسانى سوریانی: گەلەکەمان بێ ئەڵتەرناتیڤ و دەستەوەستان نییە

بەرپرسانى سەربازی و بەڕێوەبەریى سوریانییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکەوە رایانگەیاند، گەل بێ ئەڵتەرناتیڤ و دەستەوەستان نییە و پرۆژەى نوێیان هەیە.

سهام قۆرییە هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەریى باکوو و رۆژهەلاتى سوریا و کینۆ گابریەل وتەبیژی هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوان.

قۆرییە لەبارەى بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ کشانەوە وتى، لەبەر ئەوەى کاتی بڕیارەکە هاوکات بوو لەگەڵ زۆربوونی هەڕەشەکانى تورکیا بۆ داگیرکەری، نیگەرانی لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەوە دروستبووە.

سهام قۆرییە وتى، رەنگە بڕیاری کشانەوە بڕیارێکى دروست بێت، بەڵام کاتێک لە چوارچێوەى قۆناغی هەستیاری ئێستای باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لێکدانەوەى بۆ بکەین و هاوکات هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک لە بەرچاو بگرین، ئەو کاتە بڕیارەکە رێگا لەسەر گومانێک دەکاتەوە، کە رەنگە بمانگەڕێنێتەوە بۆ ٨ ساڵ لەوە پێش و بمانباتەوە بۆ قۆناغێکی قورس و شەڕ و خوێناوی.

"هاوکاری بە کردەوە روویدا"

سهام قۆرییە ئاماژەى بەوەکرد، ئەمریکا دواى شەڕی کۆبانێ هاتە گۆڕەپانی سوریا و بە کردەوە لە نێوان ئەمریکا و قەسەدەدا هاوکاری و هاوبەشی روویداوە.

قۆرییە رایگەیاند، ئەو بڕیارە لە رووی سیاسییەوە چەند لایەنى باش و خراپی هەیە و لەوباریەوە وتى "لایەنە باشەکانى بڕیارەکە ئەوەیە، کە رەنگە ئەو بڕیارە ببێتە یەکەم هەنگاو بۆ کشانەوەى هێزەکانى تر لە سوریا. ئێمە ئەمریکامان بۆ ئێرە نەهێناوە. لە کاتى شەڕی کۆبانێ دا هاتن. هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە دواى بەرخودانى یەپەگە و قەسەدە هاتنە گۆڕەپانەکە و لەسەر عەرزدا لە دژی دوژمنی هاوبەش تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوەبرا. لە تل حەمیسەوە تاوەکو رەقا، زۆرێک لە ناوچەکان لە دەست داعش رزگارکران".

"هەموو کات قەسەدە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەرکە مێژوییەکانى"

سهام قۆرییە راشیگەیاند، قەسەدە تاوەکو ئێستا خاکی سوریاى لە چەتەکانى داعش پاککردووەتەوە و لە ئەمڕۆش بە دواوە بەردەوام دەبێت لەو رۆڵەى خۆی و لەوبارەیەوە وتیشی "هێزەکانمان هەر کات ناوچەیەکى سوریایان رزگارکردبێت رێک لەو کاتەدا دەوڵەتى تورک راستەوخۆ دەستیکردووە بە هەڕەشەکردن. ئەوەتا جەرابلوس، باب وعەزاز و ئەمدواییەش عەفرینى داگیرکرد. ئێستاش دەیەوێت ئەو داگیرکەرییەى درێژبکاتەوە تاوەکو قامیشلۆ، بەڵام ئێمە گەلانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا خاکی خۆمان دەپارێزین. ئێمە لە یەکەم رۆژەوە ئەو کارە دەکەین. کاتێک ئێمە دەستمان پێکرد، هەرگیز بۆ یەکجاریش نەمان وت، ئەمریکا وەرە و هاوکاریمان بکە و بەڕێوەمان ببە. قەسەدە خاکی سوریا ئازاد دەکات و لە کام ناوچەى خاکی سوریادا داگیرکەر هەبێت، بۆ ئازادیى ئەو شوێنە تێدەکۆشێت. قەسەدە وەک پێشتر و لە ئێستا بە دواوەش ئەرکە مێژووییەکەى خۆی ئەنجام دەدات".

"دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایش لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک رێوشوێن بگرنە بەر"

سهام قۆرییە باسی ئەوەیکرد، ئەوان دەیانزانى هەر رۆژێک ئەمریکا دەکشێتەوە. لەوبارەیەوە ئەوەشى وت "بۆیە ئێمە هەموو کات باسی ئەوەمان کردووە، کە قەیرانى سوریا دەبێت لەلایەن گەلانى سوریاوە چارەسەر بکرێت. ئێمە لەو چوارچێوەیەدا تێدەکۆشین. ئامانجمان ئەوەیە قەیرانى سوریا بە دینامیکەکانى سوریا چارەسەر بکرێت. لە هەمان کاتدا داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لە دژی هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکیا هەڵوێستیان هەبێت، چونکە لە ئەگەری روودانى هێرشدا، هەم قەیرانێکى گەورەیى مرۆیى روودەدات و هەمیش گورزێکى قورس لە چارەسەرکردنى قەیرانى سوریا دەدات".

"ئەو بڕیارە هێزى داوەتەوە بەر داعش"

کینۆ گابریەل وتەبێژی هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) وتى، لە دواى بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ کشانەوە، داعش لە هەجین و دێرەزۆر هەموو هێزى خۆی هێنایە بەرەکانى شەڕ و شانە نوستوەکانیشى خستە جموجوڵ. ئەو بڕیارە زیانى بە تێکۆشانی دژ بە داعش گەیاند.

گابریەل باسی ئەوەشیکرد، ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەر تێکۆشان و شەڕی دژ بە داعش دەکات و لەوبارەیەوە وتی "تاوەکو ئێستاش لە دێرەزۆر شەڕی دژ بە داعش درێژەى هەیە. دواى ئەو بڕیارە چەتەکانى داعش لە هەجین دەستیان بە هێرش کرد. ئەو بڕیارە زیانى گەورەی بە شەڕڤانانی قەسەدە و هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش گەیاندووە".

"رێگا بەڕووی مەترسیى نوێدا دەکاتەوە"

گابریەل رایگەیاند، ئەو بڕیارە رێگا بۆ دروستبوونی چەندین قەیران و هەندێک لەو هێزانە دەکاتەوە، کە دەیانەوێت خاکی سوریا داگیر بکەن. راشیگەیاند "ئەو بڕیارە دەرفەتى بۆ ئەو هێزانە رەخساندووە، کە چەندین ساڵە دوژمنایەتیى بەرامبەر بە خاک و خەڵکی سوریا دەکەن. رێگا بۆ ئەو هێزانە دەکاتەوە، کە دوژمنایەتیى گەلان دەکەن. بە تایبەتى رێگای بۆ تورکیا کردووەتەوە. رێگای بۆ ئەو هێزانە کردووەتەوە، کە دووبەرەکێ، ئاژاوە، فیتنە و بشێوی دروست دەکەن".

"ئێمە لەسەر پرۆژەکانى چارەسەری گفتوگۆ دەکەین"

کینۆ گابریەل وتەبێژی قەسەدە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بۆ سوریایەکى دیموکراتیک و یەکسان تێکۆشاون و بەردەوامیش دەبن لە ئەنجامدانی رۆڵ و ئەرکی خۆیان. گابریەل ئەوەشی وت "بۆ بونیاتنانی سوریا پرۆژەى خۆمان ئامادە دەکەین و دەیخەنەڕوو، چونکە ئەو دەرفەت و توانایى بۆ هێزەکانى قەسەدە و ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) لە گۆڕێدایە. ئێستا قسە لەبارەى ئەوەوە دەکرێت، کە گوایە هێزێکمان لە پشتەوە نەبێت ناتوانین بەردەوام بین. نەخێر شتی وانییە، چونکە ئێمە خاوەنی شێوازی چارەسەریى خۆمانین. هێز و پرۆژەکەمان دەتوانێت گەلەى خۆی بپارێزێت و ئارامی دابین بکات. ئێمە پلانى جیاوازمان هەیە و دەستمان بە گفتوگۆش لەبارەى ئەو پلانانەوە کردووە. ئێمە هێز و توانایى ئەوەمان هەیە و ئەنجامیشی دەدەین".

ر.م