بەرپرسێکى داعش: میتى تورکیا خوکوژی رەوانەى ئەوروپا کردووە

ئەبو کەرەم یەکێک لە بەرپرسەکانى داعشە کە چەند رۆژ لەوە پێش لەلایەن یەپەگەوە لە عەفرین دەستیگرکرا. ئەبو کەرەم لەبارەى پەیوەندییەکانى داعش و تورکیاوە رایگەیاند، داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشە خۆکوژییەکانى دژ بە ئەوروپا لەگەڵ تورکیا هەماهەنگیى دەکرد.

عادل موسا عەبدولجەزا ناسراو بە (ئەبو کەرەم)، یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانى داعش. لە فەلەستین، لیبیا، تورکیا و سوریا بەشداریى کارە تیرۆریستی و تاوانکارییەکانی گروپە چەتەکانی کردووە. لە ناو گروپە چەتەکانى جوند ئەنساروڵا، کە باڵێکى قاعیدەیە، لە ناو داعش، بەرەى نوسرە، ئەحرار شام، کە هەموویان یەک رەگ و سەرچاوەیان هەیە، کاریکردووە.

بەپێى زانیارییەکانی ئاژانسى هەواڵى هاوار (ANHA) عەبدولجەزا رۆژی ١١ى ئابی ٢٠١٨ / ٢٠ى گەلاوێژ لەلایەن هێزى دژە تیرۆری یەپەگەوە دەستگیرکراوە. کاتێک لە ناو جوند ئەنسار  ئەڵادا بووە لە غەزەى فەلەستین بە ئەبو کەرەم ناوبانگى دەرکردووە و بە کەسی دووەمى ئەو گروپە چەتەیە دەناسرا.

ئەبو کەرەم لە غەزە لەلایەن حەماسەوە دەستگیر دەکرێت و لە دواى چەند ساڵ لە زیندان ئازاد دەکرێت. ئەبو کەرەم ئەمجارە دەڕوات بۆ ناو چەتەکانى داعش و بۆ کاروبارى سیخوڕێ و هەواڵگری دەینێرن بۆ شارى بنغازیى لیبیا و کار و بەرپرسیارێتیى گەورەى خرابووە ئەستۆ و وەک زل بەرپرسێک کاری سیخوڕی و هەواڵگریى بۆ چەتەکانى داعش ئەنجام دەدا.

میت پێشوازیى لێدەکات و دەینێرێت بۆ سوریا

دواى ماوەیەک داوا لە ئەبو کەرەمی چەتە دەکەن لە لیبیاوە بچێت بۆ سوریا. بەپێى راپۆرتەکانى ئاژانسى هەواڵى هاوار، دەزگاى سیخوڕیى تورکیا (میت) پاسپۆرتێکى ساختەیان بۆ دروستکردووە و بە فڕۆکە بردویانە بۆ تورکیا. لە فڕۆکەخانەى ئیستەنبول لەلایەن میتەوە پێشوازیى لێکراوە و رەوانە کراوە بۆ ناو فڕۆکەى ئەنتاکیا. میتى تورک لە ئەنتاکیاوە لە وشکانییەوە ئەبو کەرەم دەپەڕێننەوە بۆ سوریا و لە خاڵی سنووریى باب سەلامی سەر بە پارێزگاى ئیدلب دەربازی سوریاى دەکەن.

ئەو سەرەک چەتەیە بە ئاژانسى هەواڵى هاوارى وتوە "کاتێک من لە فڕۆکەخانەى بنغازیى لیبیا بەرەو تورکیا چووم، بیرم لەوە دەکردەوە لە تورکیاوە چۆن بڕۆم بۆ سوریا؟ هاوڕێکانم پێیان دەوتم 'دەوڵەتى تورک هاوکاریتان دەکات'، بەڕاستیش کاتیک گەیشتمە تورکیا کارەکانم لەلایەن میتى تورکیاوە رێکخراو و ئاسانکاریم بۆ کرا. میت خۆی منی پەڕاندەوە بۆ سوریا. ئێمە چەندین کەس دەبووین، کە هەر لەو رۆژەدا لە دەروازیى خاڵى سنووری باب سەلامەوە بە بێ پشکنین و پرسیارلێکردن رەوانەى سوریا کراین".

کاتێک ئەبوو کەرەم دەپەڕێتەوە بۆ سوریا لە دەروازەى سنووریى باب سەلام، کە دەکەوێتە نێوان تورکیا و ئیدلب لەلایەن ئەبو مسلم، ئەو خەتاب و ئەبو دوجانا ئەل فەلەستینیی هاوڕێیەوە پێشوازیى لێدەکرێت. بەهۆی گرنگیى ئەوبو کەرەم و پەڕینەوەى بۆ سوریا، ئەبوو کەرەم و پەڕینەوەکەى دەبێتە بابەتى سەرەکیى میدیا ناوچەیى و جیهانییەکان. لە زۆربەى ئاژانسەکانى هەواڵى جیهانیدا بە ناونیشانى "گەورەترین تیرۆریستى فەلەستینى پەڕیوە بۆ سوریا" باس لە پەڕینەوەى ئەبو کەرەم کرا. هەروەها پەڕینەوەى بۆ سوریا بۆ هاوپەیمانییە هەرێمییەکەى دەبێتە جێگاى دڵخۆشی.

دواى دامەزراندنى ناوەندى سیخوڕی و هەواڵگریى و گروپی سوریایى ئەبو نور ئەلماقدوسی، داعش داوا لە ئەبو کەرەم دەکات بچێتە رەقا و بەشداری کارى هەواڵگری و دروستکردنى جەیشول سدیق بکات. بەهۆی ئەزموونی ئەبووکەرەم و مانەوەى لە شەڕی فەلەستیندا، داعش دەیخواست سوودی لێوەربگرێت. لەو چوارچێوەیەدا ئەبو کەرەم دەچێت بۆ رەقا و لەوێ دەستدەکات بە دروستکردنى سەنگەرەکانى شەڕ. داعش دەیخواست قورسترین کارەکان بەو بسپێرێت. هەروەها لە باکووری رەقا دەستیکرد بە دامەزراندنى کەتیبەى ئەل ئەکروموای تایبەت  بەکارى هەواڵگری. ئەبو کەرەم ماوەى ساڵ و نیوێک لە رەقا مایەوە و کارەکانى بۆ داعش رادەپەڕاند. ئەبوو کەرەم پێش مانگێک لە دەستپێکردنى هەڵمەتى رزگارکردنى رەقا، لە رەقا دەچێتە دەرەوە و دەڕوات بۆ شاری مەیادین.

پەڕینەوە لە تورکیاوە ئازادە

ئەو سەرەک چەتەیە لەبارەى ئاسوودەیى و ئارامیى چەتەکان لەگەڵ تورکیا دەڵێت "من دەتوانم لەبارەى پەیوەندییە ئاشکرا و نەهێنییەکانى نێوان و تورکیا و داعشەوە قسە بکەم. چونکە من لەو کاتەوە پەڕیمەوە بۆ سوریا، وەک فەرماندەیەکى کاریگەر و گەورە لە ناو داعشدا زۆر شتم بە چاوی خۆم بینیوە. کاتێک من پەڕیمەوە بۆ سوریا، بە چاوی خۆم بینیم کە چۆن تورکیا یارمەتیى پەڕینەوەی داعش دەدات. تورکیا بە ئاشکرا و بە بەرچاوى هەموو جیهانەوە یارمەتیى داعشی دەدا. هەروەها تیرۆریستە جیهانییەکان لە رێگەى هاوکاریکردنى تورکیاوە دەپەڕینەوە بۆ سوریا. فڕۆکەخانەى ئیستەنبول و ئەنتاکیا بووە خاڵەکانى پەڕینەوەى تیرۆریستییەکان لە تورکیا بۆ سوریا. سنووری تورکیا بۆ پەڕینەوەى تیرۆریستەکان کراوە بوو. هەروەها سنوورى تورکیا بۆ بردنى چەک و تەقەمەنی بۆ هەموو گروپە چەتەکان و داعش کراوە بوو.

تورکیا لە رێگەى داعشەوە لە ئەوروپا تەقینەوە ئەنجام دەدات

لە کەمپە تایبەتەکاندا، منداڵ و کەسانێک پەروەدە دەکرێن بۆ ئەوەى کارى خۆکوژی ئەنجام بدەن. فێرى شێواز و بەکارهێنانى تەقەمەنییە جۆراجۆرەکانیان دەکەن. دواتر تورکیا هەموو شتێکیان بۆ ئامادە ەکات بۆ ئەوەى بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا. ئەو کەسە تایبەتە خۆکوژانە بە یارمەتیى میت دەپەڕێنرێنەوە بۆ ئەوروپا. داعش و تورکیا لەبارەى ئەو شوێنانەوە کە تەقینەوەیان تیادا ئەنجام بدرێت لەگەڵ یەکترى هەماهەنگییان دەکرد. تورکیا دەیخواست داعش تەقینەوە خۆکوژییەکانى لە دژى ئەو لایەنانە ئەنجام بدات، کە شەڕی دژ بە داعش دەکەن بە تایبەتى وڵاتانى ئەوروپیى وەک فەرەنسا و بەریتانیا و ئینجا ئەمریکا".

  ئەبو کەرەم لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "من داوا لە هەمووان دەکەم هیچ کەسێک بەشداری ریزەکانى داعش نەبێت و لە کارى تیرۆر و خۆکوژی خۆى دووربخاتەوە. هەر گەنجێک بیەوێت بەشداری ریزەکانى داعش و گروپە تیرۆریستییەکانى تر بێت با تۆزێک بیر بکاتەوە و هۆشیان بێتەوە سەر خۆیان، بۆ ئەوەى خۆیان لە فریودان بپارێزن".

ر.م