بەشێک لە زیندانیانی ئێلح گواسترانەوە بۆ زیندانەکانى تر

دواى راپەڕین لە زیندانى جۆری ئێم لە ئێلح هێرشکرایە سەر زیندانییان و بەشێک لە زیندانییەکانیان گواسترانەوە بۆ زیندانەکانى تر لە ناوچەکە.

لە زیندانی جۆری ئێم لە ئێلح لە دوای ئەوەى زیندانیان لە گۆڕینی یاساکانیش بێبەشکران، ئێوارەی دوێنێ زیندانیان راپەڕین و چەندین قاوشی زیندانەکەیان سوتاند. دواى ئەوەى زیندانییەکان بەشێک لە زیندانەکەیان سوتاند دەستیان کرد بە وتنەوەى دروشمی "راپەڕین" و دروشمەکەیان لە دەرەوەى زیندانەکەش بیسترا.

دوای دەستپێکردنی راپەڕینی زیندانییەکان ژمارەیەکى زۆر ئامبولانس و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە رەوانەى زیندانکە کرا. هەروەها ژمارەیەکى زۆر پۆلیس و هێزی تایبەت دەستیانکرد بە گەمارۆدانی زیندانەکە.

دواى ئەوەى لە ناوەندی شارەکە دەنگی دروشمەکان و راپەڕینی زیندانییەکان بیسترا، خزمان و کەسوکاری زیندانیان روویان لە زیندانەکە کرد. گەل لە بەردەم دەرگای زیندانەکەدا کۆبوونەوە و چاوەڕوانی لێدوانی بەرپرسان بوون لەوبارەیەوە، بەڵام هیچ روونکردنەوە و لێدوانێک بۆ خزمان و کەسوکاری زیندانیان نەخرایەڕوو، بەڵام بۆ جارێکیتر لە نیوە شەودا دیسانەوە ئاگر و دوکەڵ لە زیندانەکە بەرزبوویەوە. دوای ئەوە لە رێگەى ژمارەیەکى زۆر لە ئۆتۆمبێلەکانى زیندانەوە، زیندانییەکان گواسترانەوە بۆ زیندانەکانى دەورووبەر.

بەپێی زانیاریی پارێزەرانی کۆمەڵەى مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ٦٥٠ زیندانی لە زیندانی جۆری ئێم لە ئێلح گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانى تر.

هێزە چەکدارەکانى دەوڵەتیش ئاگری قاوشەکانیان کوژاندنەوە و بە گازی بیبەر هێرشیان کردە سەر زیندانیان. دواى کوژاندنەوەى ئاگرەکە، زیندانییەکانیان لەو زیندانە گواستەوە بۆ زیندانەکانى دەورووبەر.

پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) داوایکرد، بارودۆخی تەندروستیی زیندانیان بخرێتە ژێرچاودێرییەوە و پێشکنینان بۆ بکرێت.

وەڵامی داواى چاوپێکەوتنی بنەماڵە و کەسوکاری زیندانییەکان نەدراوەتەوە و جەماوەری خەڵک، کە لە کەسوکاری زیندانیان و پارێزەران و چالاکوانان پێکدەهاتن لە بەردەم زیندانەکە هێرشیان کرایەسەر و بڵاوەیان پێکرا.

ژ.ت