بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر:ئێمە دەتوانین پێشوازی لە کۆچبەرانی ئیدلب بکەین

بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جارێکی دیکە بانگەوازییەکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ئەوان دەتوانن پێشوازی لە هاوڵاتییە مەدەنییەکانی ئیدلب بکەن کە بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە کۆچبەر بوون.

لە ئێستادا ١٥٠٠ خانەوادە کە بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە ئیدلبەوە رایان کردووە، لە ناوچەکانی باکور و رۆهەڵاتی سوریا جێگیر بوون. لە چوارچێوەی هەوڵە ئەرکە مرۆییەکانیدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەو دەرفەتە کەمەی لەبەر دەستیدایە، هاوڵاتییە مەدەنییەکانی ئیدلبی لە کەمپەکان جێگیر کردوو و پێداویستی خواردن و تەندروستی بۆ دابین کردووە.

لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر جارێکی دیکە بانگەوازییەکی بلاو کردەوە و رایگەیاند، ئەوان دەتوانن پێشوازی لە هاوڵاتییە مەدەنییەکانی شاری ئیدلب بکەن کە بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە کۆچبەر بوون.

لە لیدوانێکدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند:

"بە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییە مرۆییەکان لە ئیدلب بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکان و کاریگەریەکانی لەسەر هاوڵاتییە مەدەنییەکان، شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەربوون دەستی پێکردووە و پێویستییان بە هاوکارییەکی زۆر هەیە و دەبێت ئازارەکانیان کەم بکرێنەوە.

پێشتریش بەڕیوەبەرایەتی خۆسەری لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و قەسەدەش وەکو ئەرک و بەرپرسیاریەتی سەر شانیان، رایانگەیاندبوو ئەوان ئامادەن ئەو ئەرکە مرۆییەیان جێبەجێ بکەن. لەم بارەیەوە ئێمە جارێکی دیکە بۆ هاوڵاتییانمان لە ئیدلب دووپات دەکەینەوە کە ئامادەین بەو دەرفەت و بارودۆخەی هەمانە، پێشوازییان لێ بکەین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتریش پێشوازیمان لە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییانی ناوچەکە کردبوو و ئەرکی خۆمان لە بەرامبەریان جێبەجێ کردووە.

بەڵام بە هۆی بوونی سەدان هەزار کۆچەبەر لەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک داگیری کردوون و هاوکات بە هۆی ئەو گەمارووەی لەسەر ناوچەکە سەپێندراوە و گرتنی خاڵی سنوری یەعروبیە بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی، هێشتان چەندین رێگری هەن.

لەم بارەیەوە، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەرکە مرۆییەکانی لە بەرامبەر ئەو شەپۆلە نوێیەی کۆچبەران لە ئیدلب جێبەجێی بکات، بانگەوازی ئاڕاستەی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە هاوکاری بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بن و پێشنیار و چارەسەرییەکانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختە، پێشکەش بکەن. هاوکات دەبێت جارێکی دیکە پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکەیان لە بارەی گرتنی خاڵی سنووری ئەلیەعروبیە بکەن و کار بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەن، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بەرپرسیارییە مرۆییەکانمان لە بەرامبەر کۆچبەران جێبەجێ بکەین."

لە ئێستادا ١٥٠٠ خانەوادەی ئیدلب بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کەمپی تایبەتی بۆ کۆچبەران دامەزراندوو و هاوکاری مرۆیی وەکو خواردن و تەندروستی پێشکەش بەوان دەکات.

ز.ش