ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنادا بە تەنیان

باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە ژمارەی دانیشتوانی ٥ میلیۆن کەسە و میلیۆنێک پەنابەریشی لێیە، لە بەرامبەر ئەم قەیرانە جیهانیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها بەجێیان هێشتووەتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کاریگەری لەسەر گشت جیهان دروست کردووە، تا ئێستا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پێدەچێت کارەساتی مرۆیی رووبدات.

هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ٧ هەرێم پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانی ٥ میلیۆن کەسە، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناتوانێت بە پێی پێویست رووبەرووی ئەو ڤایرۆسە ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەی کەمترین دەرفەتی رووبەرووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەی لەبەردەستدایە، بە تایبەت لە کانتۆنی حەسەکەی سەر بە هەرێمی جزیر، بە سەدان هەزار پەنابەریش بۆ ئەو ناچەیە کۆچیان کردووە.

 ژمارەیەکی زۆر لەو پەنابەرانەش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریاوە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ژمارەیەکیشیان لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی و تل تەمر ناوچەکانی دیکەوە هاتوون، کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر کراون.

هاوکات لە ناوچەکە بە دەیان کەمپی بچوک و ١٥ کەمپی گەورەی پەنابەران دروست کراون کە بە هەزاران خانەوادەی داعش لە ناو دوو لەو کەمپانەدان.

تا ئێستا هیچ رێکخراوێکی تەندروستی و رێکخراوەکانی هاوکاری مرۆیی جیهانی، هیچ جۆرە هاوکاریەکیان پێشکەشی ئەو کەمپانە نەکردووە.

زۆرترین رێژەی پەنابەران لە حەسەکەن

لە ئێستادا زۆرترین رێژەی پەنابەران لە کانتۆنی حەسەکەن. ژمارەی دانیشتوانی کانتۆنی حەسەکە نزیکەی میلیۆنێک و ٤١٣ هەزار کەسە. لەو ٣٠٠ هەزار کەسەی بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە ناچاری لە گرێ سپی، سەرێکانی و گوندەکانی تل تەمر و زرگانیەوە کۆچبەر بوون، نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس، ئاوارەی کانتۆنی حەسەکەیان بوون و بەشێکیشیان لە خانووی کرێدا دەمێننەوە. بەشێکیان زیاتر بە چوار خێزان ماڵێکدا دەمێننەوە و هەندێکیشیان لە ٧٦ خوێندنگادا ژیان بەسەر دەبەن.

٣ کەمی گەورەی پەنابەران هەن

لە کانتۆنی حەسەکە ٣ کەمپی گەورەی پەنابەران هەن.

کامپی هۆڵێ

 گەورەترین کەمپی پەنابەرانە لە سەرتاسەری هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیک کە ٦٧ هەزار و ٥٥٤ کەسی تێدایە و ١٠ هەزار و ٢٨ کەسیان ژن و منداڵی ئەندامانی داعشن.

کەمپی واشۆکانی

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک هەر یەک لە سەرێکانی و گرێ سپیی داگیر کرد، ئەم کەمپە بە دووری ١٢ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای حەسەکە دروست کرا. تا ئێستا ٩ هەزار و ٧٠٠ کەس لە دانیشتوانی سەرێکانی و گوندەکانی دەوروبەری، تل تەمر و زرگانی تێیدا دەمێننەوە.

کەمپی ئاریشە

زۆربەی دانیشتوانی ئەو کەمپە، ئەو کەسانەن کە لەو ناچانە کۆچیان کردووە کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریا دان، بە تایبەت لە دێرزۆرەوە کە ١٣ هەزار و ٤٤٥ کەس کە دەکاتە ٢٧٣٣ خێزان، لەوێ نیشتەجێ بوون.

 لەگەڵ مەترسی بلاوبوونەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەوڵەتی تورک ئاوی لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە گرتووەتەوە

سەرچاوەی پرۆژەی ئاوی حەسەکە، لە هەرێمی عەلۆکێی سەر بە سەرێکانیە کە لە ئێستادا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر کراوە. دەوڵەتی تورک بۆ جاری چوارەمە ئاوەکە دەگرێتەوە. لە کاتێکدا گشت جیهان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەوتووەتە جموجوڵ، بەڵام دەوڵەتی تورک لە ٢١ی ئازارەوە ئاوی لەسەر کانتۆنی حەسەکە، تل تەمر و ناوەندی شارەکان سەر لە نوێ گرتووەتەوە.

یونیسێف رایگەیاندووە کە بەم هەنگاوەی دەوڵەتی داگیرکەر، ٤٦٩ هەزار مرۆڤ بێئاو ماون و تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی نابێت ئاو وەکو ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی سیاسی و سەربازی بەکار بهێنرێت. تا ئێستاش ئاوەکە بەرنەدراوەتەوە.

رۆژهات عەلی راوێژکاری کەمپەکانی هەرێمی جزیری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیک لەم بارەیەوە رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی تورک بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر کەمپی واشۆکانی و ناوەندی شارەکە دروست کردووە و وتی:"توانا و دەرفەتەکانی بەردەستی ئێمە زۆر کەمن. لە ئێستا دا ئاوی خواردنەوە، لە بیرەکانەوە بە تەنکەر دەگوازینەوە بۆ کەمپەکانی هۆل، ئاریشا و واشۆکانی. بەڵام ئەمەش پێدەچێت تا ماوەیەکی دیکە بەردەوام بێت. لەم بارودۆخەدا ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو ببێتەوە کارەسات روودەدات. دەوڵەتی تورک بەم هەڵوێستەی، هەڕەشە لە سەدان هەزار کەس دەکات."

لە کانتۆنی قامشلۆ ٢ کەمپ هەن

کەمپی نەورۆز

لە مانگی گوڵانی ساڵی ٢٠١٤وە بۆ ئەو هاوڵاتیە ئێزیدیانە دروستکرا کە بە هۆی کۆمەڵکوژیەکەی شەنگالەوە پەنایان بۆ رۆژئاوای کوردستان برد. دوای ئەوەی شەنگال لە دەستی داعش رزگار کرا، هاوڵاتیە ئێزیدیەکان کە لەو کەمپە جێگیر کرابوون، گەڕانەوە بۆ شارەکەیان. لە ئێستادا ٣٧٩ کەس کە پێک هاتوون لە ٨١ خێزانی گرێ سپی، سەرێکانی و تل تەمر لەو کەمپە دەمێننەوە.

کەمپی رۆژ

لەو کەمپە ١٨٣٣ کەس کە دەکاتە ٥٢١ خێزان دەمێننەوە و لەو ژمارەیەش ١٥٣٥ کەسیان (٤٢٩ خێزان) بیانین و کە ٢٢٠ کەس (٧٨ خێزان) عێراقین و ٦٨ کەس (١٤ خێزان) خەڵکی سوریان.

کامەپەکانی ناوچەی تەبقا و رەقا و منبج

کەمپی تل سەمین

ئەم کەمپە لە هەرێمی رەقایە و ٢ هەزار و ٢٨٨ کەس لە هاوڵاتیانی گرێ سپی و عەین عیسا و کۆبانێی تێدا نیشتەجێن. ئەم کەمپە دوای هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک لە ٩ی تشرینی یەکەمدا دروست کراوە.

کەمپی مەحمودی

ئەم کەمپە لە هەرێمی تەبقایە و ٨ هەزار و ١٧٦ کەس لە خەڵکی دێرا زۆر، تەبقا و رەقا تێیدا نیشتەجێن کە لە ناوچەکانی ژێر دەستی رژێمی سوریاوە کۆچیان کردووە.

لە منبجیش ٣ کەمپی پەنابەران هەن

کەمپی پێشووی رۆژهەڵاتی مەنبج

٢ هەزار و ٤٤٢ کە (٣٧٨ خێزانی) ناوچەکانی حەلەبی تێدا نیشتەجێن.

کەمپی نوێی رۆژهەڵاتی منبجیش ٢ هەزار و ٩١٢ کەس (٥٦٤) خێزانی تێدا نیشتەجێن.

کەمپی جەدیدەت ئەل حومر

خەڵکی ئیدلب کە کۆچبەر بوون، لەوێ نیشتەجێن. لە ئێستا دا ٣٣٠ هاوڵاتی ئیدلبی تێدا نیشتەجێن.

هاوکات لە دەرەوەی منبج و رەقا و تەبقا بە دەیان کەمپی بچوک هەن کە فەرمی نین. هەروەها وەکو ناوچەکانی دیکە لە ناوەندی شاری منبجیش پەنابەر هەن.

کەمپەکانی ناوچەی شەهبا

لە ناوچەی شەهباش نزیکەی ١٠٠ هەزار ئاوارە هەن کە زۆربەیان هاوڵاتیانی عەفرینن. خەڵکی عەفرین کە بە ناچاری بە هۆی داگیرکردنی شارەکەیان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ناچار بوون ئاوارە ببن، لە ٥ کەمپی شەهبا نیشتەجێ بوون.

کەمپی گەڕانەوە: ١٠٤ خێزان، بە گشتی ٤٥٥ کەسی تێدا نیشتەجێیە.

کەمپی شەهبا: ٩٦ خێزان، بە گشتی ٤٥٩ کەسی تێدا نیشتەجێیە.

کەمی سەردەم: ٧٥١ خێزان، بە گشتی ٣ هەزار و ٨٥ کەسی تێدا نیشتەجێیە.

کەمپی بەرخۆدان: ٧٢٣ خێزان، بە گشتی ٢ هەزار ٦٤٧ کەسی تێدا نیشتەجێیە.

کەمپی عەفرین: ٩١ خێزان، بە گشتی ٣٩٨ کەسی تێدا نیشتەجێیە.

ژمارەیەک لە هاڵاتیانی عەفرین کە بە هۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورک ئاوارە بوون، لە ناوچەکانی تل رفعەت و ئەحرازی سەر بە هەرێمی شەهبا لە ناو ماڵی هاوڵاتیانی ناوچەکەدا دەمێننەوە. دەوڵەتی تورک وەک چۆن هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی تل تەمری سەر بە کانتۆنی حەسەکە، بە هەمان شیوە هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی شەهباش. لەگەڵ بانگەوازیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست بە هۆی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەلام دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەردەوامن لە هێرشەکانیاندا.

'ئێمە تەنها توانیمان لە بەرامبەر رژێمی سوریا رێوشوێن بگرینەبەر'

رۆژهات عەلی لە بەردەوامی قسەکانیدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەرفەتی کەمی لەبەردەستدایە، بۆیە لە کەمپەکان بە پێی پێویست نەیانتوانیوە رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.

لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هاتوچۆیان وەستاندووە و لە بارەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش بڵاوکراوە و زانیاریان بەسەر گەلدا بڵاو کردووەتەوە.

عەلی وتی:"بۆ ئەوەی دانیشتوانی کەمپەکە قەرەبالغی دروست نەکەن و لە یەک شوێن کۆ نەبنەوە، لیژنەکان خۆیان کاری دابەشکاری بۆ پێویستەیکانی رۆژانە دەکەن.

'رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەڵوێستێکی جدی و روونیان نییە'

رۆژهات عەلی هاوکات رایگەیاند، هەفتەی رابردوو بە بەشداری دەستەی تەندروستی، مانگی سووری کورد و ٣٣ رێکخراوی هاوکاریی ناوچەکە، دوو کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و وتی:"لە کۆبوونەوەکاندا تیشکمان خستە سەر بارودۆخی کەمپی ئاوارەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. نوێنەرانی یونیسێف و خاچی سوریش بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. دەبێت بۆ هەموو کەمپەکان رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر. هاوکات بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی کەمپەکان دەمێننەوە، دەبێت نەخۆشخانەی کاتی دروست بکرێن.

لەم رووەوە پێشنیارمان بۆ رێکخراوەکانی هاوکاری نێودەوڵەتی کرد. بەر لە هەموو شتێک دەبێت لیژنەیەکی تایبەت دروست بکرێت. ئەگەرنا درەنگ دەبێت. رێکخراوەکانی هاوکاری و تەندروستی نێودەوڵەتی تا ئێستا هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە. بڕیار وایە لە رۆژانی داهاتوودا هەڵوێستیان ئاشکرا بکەن.

'تا ئێستا هیچ پشتیوانیەکیان نەکردووین'

شێخ مووس ئەحمەد هاوسەرۆکی ئۆفیسی پەنابەرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، نە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و نە خاچی سوور و مانگی سووری سوریا لە بەرامیەر بارودۆخی ئاوارەکانی ناوچەکە هیچ رێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر.

شێخ موس ئەحمەد وتی:"گەورەترین کێشەی ناو کەمپەکان، کێشەی تەندروستیە. رێکخراوی تەندروستی جیهانیش لەم رووەوە هاوکاریەکانی بۆ پەنابەران وەستاندووە. چونکە دەترسن کارمەندانیان تووشی ڤایرۆسەکە ببن. تا ئێستا لە رووی تەندروستیەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە."

شێخ موس ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازیەکی ئاڕاستەی رێکخراوەکانی بواری هاوکاری نێودەوڵەتی کرد کە لە رووی دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکان، بە تایبەت لە رووی تەندروستیەوە، هاوکاری بگەیێننە ئەو سەدان هەزار پەنابەرانەی لە ناوچەکەن.

ز.ش