'تا دوا هەناسە تێدەکۆشین لە دژی ئەوانەی منداڵەکانمان دەکۆژن'

دانیشتوانی شاری حەسەکە لە دژی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیر رژانە ناو شەقامەکان و بە یەک دەنگ وتیان، تا دوا هەناسە لە دژی ئەوانەی منداڵەکانمان دەکۆژن، تێدەکۆشین.

لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە ٢ی ئەم مانگە لە ناوچەی تل رفعەت و شەهبا ١٠ کەسی مەدەنی کوژران کە هەشتیان منداڵ بوون و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون کە ژمارەیەک لەو بریندارانەش بە هەمان شێوەی منداڵ بوون. لە دژی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورکی قڕکەر و داگیرکەر، هاوڵاتییانی شاری حەسەکە رژانە ناو شەقامەکان و تیشکیان خستە سەر ئەوەی دەوڵەتی تورک لەبەر چاوی جیهان کەسانی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات و بانگیشیان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە ئەرکەکانیان بەرامبەر بەو دەستدرێژییانەدەی رژێمەکەی ئەردۆغان جێبەجێ بکەن.

"منداڵەکانمان بە ئامانج دەگرن"

بەیان عەبدۆ کە یەکێک بوو لە بەشدارانی خۆپیشاندانەکە وتی:" مێژووی دەوڵەتی تورک پڕە لە کۆمەڵکوژکردنی کەسانی مەدەنی و منداڵان. بە کۆمەڵکوژییەکەی تل رەفعەت، کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجەمان دێتەوە یاد. ئەمە یەکەمین کۆمەڵکوژی نییە بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت. پێشتریش دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژییەکی زۆری بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجام داوە. لە سەرێکانیش بە چەکی قەدەغەکراوی جۆری فسفۆری سپی منداڵەکانیان کۆشتین. منداڵەکانمان بە ئامانج دەگرن."

ناوبراو هەروەها رایگەیاند ئەوان پشتیوانی لەوانە دەکەن کە لە بەرەکانی جەنگ لە دژی داگیرکەران گیانیان بەخت دەکەن و وتی:" ئێمە نامانەوێت منداڵەکانمان بکوژرێن. تا دوایین دڵۆپی خوێنمان تێدەکۆشین بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک."

'ئایا ئەم گەلە مافی ژیانی نییە؟'

هەژمار مەحمودیش کە یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە وتی، دەوڵەتی تورک واز لە هاوڵاتییە مەدەنییەکان و منداڵانی عەفرین ناهێنێت کە بە هۆی داگیرکەرییەکانەوە کۆچیان کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە قڕیان دەکات و وتیشی:"بۆ ئەوەی منداڵ نەکوژرێن هەر یەکێک لە ئێمە لەگەڵ خانەوادەکانمان رژاینە ناو شەقامەکان."

فەهیما ئەحمەدیش یەکێک لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەکە، وتی:" دەوڵەتی تورک لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە دژی خەڵکی سڤیل کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. ئێمە بە هیچ شێوەیەک فاشیزمی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەین. دەوڵەتی تورک لەبەر چاوی جیهان خەڵکی سڤیل کۆمەڵکوژ دەکات. پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دژی ئەم کردەوە دڕندانانەی دەوڵەتی تورک ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات."

'ئێمە لە داگیرکەران ناترسین'

حەمید جەمیل حەسەن کە باوکی ٩ منداڵە دەڵێت، مێژووی دەوڵەتی تورک پڕە لە کۆمەڵکوژیی، ئەردۆغان منداڵەکانمان دەکوژێت. گەلی کورد هەمیشە بووەتە ئامانجی ئەم هێرشانە. تا یەکێک لە ئێمەش مابێت لە دژی داگیرکەران تێدەکۆژین. تانک و تۆپی ئەردۆغان ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن، ئێمە لە داگیرکەران ناترسین و تا کۆتایی تێکۆشان دەکەین."

ز.ش