تا کۆتایی ھێنان بە داگیرکاریی لە بەرخۆدان بەردەوام دەبین

دکتۆر شێخ عوسمان لەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و قۆناغی تازەی بەرخۆدانی عەفرین، ڕایگەیاند: "ناھێڵین دوژمن بە ئیسراحەت لە عەفرین دانیشێت، تا داگیرکاریی و دوژمناکاریی لەبەرامبەرمان ھەبێت لە بەرخۆدان بەردەوام دەبین".

ھاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین، دکتۆر عوسمان شێخ عیسا، لەسەر ھێرشی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ھاوپەیمانی، قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی عەفرین، ھەروەھا داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لە دیمانەیەکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فورات دەدوێت.

عوسمان، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، بە "نابەرپرسیارێتییەکی گەورە" ناودەبات و ئاشکرای دەکات تا کۆتایی ھێنان بە داگیرکارییەکانی تورکیا و دوژمنان بەرخۆدان بەردەوامە.

"ھێرشەکانی سەر عەفرین لەلایەن تورکیاوە تازە نییە"

عوسمان لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا، ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە، دەوڵەتی تورکیا ھەموو ھەوڵێکی دوژمنکارانەی خستۆتەگەڕ، بۆ کۆتایی پێھێنانی دەستکەوتەکان. دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی چەتەکانی ھاوپەیمانییەوە ھێرشی سەر سەرێکانی، کۆبانێ، عەفرین، جزیرەی کرد.

شۆڕشی ڕۆژئاوا جگە لەوەی شکستی بە داگیرکارییەکانی تورکیا و چەتەکانی ھاوپەیمانی ھێنا، ڕۆژبەڕۆژ لە بواری سەربازیی و سیاسیی و ئیداریدا پێشدەکەوێت.

تورکیا کە تەماشای دیموکراتیەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات، بەھەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر سیستەمە دیکتاتۆرییەکەی خۆی، بۆیە بە ھەموو شێوازێک ھەوڵی لەناوبردنی دەدات.

ھاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین، دکتۆر عوسمان شێخ عیسا وتی: "ھێرشەکانی تورکیا لەسەر عەفرین شتیکی تازە نییە، پێشتر لە ڕێگەی چەتەکانی ھاوپەیمانیەوە ئەو ھەوڵە شکستخواردووەی دا، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورکیا خۆی ڕاستەوخۆ ھێرشدەکات" عوسمان ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا"تورکیا بە پێشکەوتوترین چەک، بە تانک ، بە تۆپی قورس، بە یارمەتی چەتەکانی ھاوپەیمانی ھێرشی کردە سەر عەفرین. بۆئەوەشی ئەم کردەوە دوژمنکارییانەی بۆ بچێتەسەر، چەندین جار سەری بۆ  بۆ وەڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانەواند".

"تورکیا-ڕوسیا-ڕژێمی سوریا...لە کۆمەڵکوژی سەر عەفرین ھاوکار بوون"

عوسمان شێخ عیسا، ئاماژەی بەڕۆڵی ڕوسیا لە ھاوکاریکردنی سوپای تورکیادا بۆ داگیرکردنی عەفرین داو وتی: "ئێمە ھەموو باش ئەوە دەزانین، تاوەکو ڕوسیا ڕێگەی نەدا سوپای تورکیا نەیتوانی سەروەری ئاسمانی سوریا پێشێل بکات. ئەوەی کە ڕێگەی دا بە سوپای تورکیا ئەم کارەی بۆ بچێتەسەر و ھاوکاری کرد، ڕوسیا بوو.

ھەرچەندە عەفرین بەشێکە لە خاکی سووریا، بەڵام ڕژێمی سووریا لەپێناو بەدەستھێنانی ھەندێک ناوچەی تردا، داگیرکردنی عەفرینی بە بەرژەوەندی خۆی زانی. ئەمە لەکاتێکدایە پێشوتریش ڕژێمی سووریا لە ناوچەکانی جەرابلوس لەپێناو بەدەستخستنی بەرژەوەندی بچوکی خۆیدا، رێگەی بە تورکیادا خاک و خەڵکی سووریا داگیر بکات.

ئەوەی لە عەفرین ڕوویدا، دەرەنجامی ھاوپەیمانێتی نێوان سوریا-تورکیا-ڕوسیایە، تورکیا نەیدەتوانی یەک بست لە خاکی عەفرین داگیربکات گەر ڕژێمی سووریا، لەپێناو بەدەستھێنانی غۆتەی ڕۆژھەڵات و بەشێک لە ئیدلب، لەگەڵی ڕێکنەکەوتایە.

عوسمان ئەوەی زیاد کرد " ئیدی ئەو سنورانەی دوای جەنگی یەکەمی جیھان دروستکران، واتایەک بۆ بونیان نەماوە، ئەوەتا بەپێشچاوی دونیاوە دەستدرێژی کرایە سەریان و داگیرکران".

"نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگی بە بڕیارەکانی خۆی نەدا"

ھاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین، ڕایگەیاند: دەربارەی فرۆشتنی خاکی عەفرین، ھیچ کەس وەدەنگ نەھات. ھەرچەندە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام لەبەرامبەر پێشێلکردنیدا بێدەنگی ھەڵبژارد و گرنگی بە بڕیارەکەی خۆی نەدا.

"مێژوو ئەو بەرخۆدانە قارەمانانەی تۆمار دەکات"

عوسمان شێخ عیسا، ئاماژەی بە ڕێکەوتن لەسەر باب، عەفرین، جەرابلوس، عەزاز و حەلەب داو وتی: "ئەو ڕێکەوتنانە لێکدانەوەی جیاواز و تێڕوانی جیاوازی لەسەر ھەیە، گەلی ئەو ناوچانە کە گەلی کورد بەشێکە لێیان، ڕازین بەو ڕێکەوتنە سیاسیانەی لەسەر بەرێوەبردنیان کراوە. بەڵام گەلی ئێمە لە عەفرین و شەڕڤانانی ئەو کانتۆنە بەو ڕێکەوتنانە ڕازی نابێت و تا کۆتایی لەبەرامبەریدا بەرخۆدانی کردووە و لە بەرخۆدانیش بەردەوام دەبێت.

مێژوو ئەو بەرخۆدانەی گەلی عەفرین تۆمار دەکات، ئەو بەرخۆدانەش دەبێتە بنەمای بەرخۆدانی قارەمانانەی گەورەتر.

"سەدان ھەزار ئاوارەی گەلی عەفرین لە شەھبا لە دۆخێکی دژواردان"

عوسمان شێخ عیسا دەڵێت: لەسەر بڕیاری ئەوان گەلی عەفرین لە شارەکە چونەتە دەرەوە. ھەروەھا ئاشکرای کرد" ٣٠٠ ھەزار ھاووڵاتی عەفرینی لە ناوچەکانی شەھبا و شێراوا، لە بارودۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین. لەھەر خانویەکدا ٣ بۆ٥ خێزان دەژین، کە کەموکورتیەکی زۆریان لە بواری، دەرمان، ئاو، خۆراکدا ھەیە. تا ئێستاش ھیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ھاوکارییەکی ئەوتۆی نەکردوون" عوسمان وتی " لەکوێیە بانگەشە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان؟ بۆ خاوەندارێتیان لێناکات؟".

ھەروەھا ئەو ھاوسەرۆکەی عەفرین، ئەوەی ئاشکرا کرد، ئەو ھاوکارییانەی لەلایەن گەلانی باکووری سووریاوە، پێشکەشی ئاوارەکان کراوە، بەشی پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ئاوارەکان ناکات. ھەروەھا لە درێژەی وتەکانیدا دەربارەی دۆخی ئاوارەکان وتی: "تا ئێستا ھیچ دامەزراوە و ڕێکخراوێکی خێرخوازی یارمەتی ئاوارەکانی عەفرینی نەداوە، ئەمە بەرپرسیارێتی جیھانە لەبەرامبەر گەلێکدا، کە سالانێکە جەنگی تێرۆر دەکات. دەبێت بە زووترین کات ڕێکخراوە جیھانیە مرۆییەکان بەو ئەرکە ھەستن کە تا ئێستا ھەنگاویان بۆ نەناوە".

"دز و چەتە ناتوانن ببنە نوێنەری گەل"

ھاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین، ئاماژەی بەو ھەوڵانەدا لە دێلوک بۆ دانانی ئیدارەیەک بۆ بەڕێوەبردنی عەفرین دەردرێت و وتی" ئەوانەی لە دێلوک باسیان لە دروستکردنی ئیدارەیەک بۆعەفرین کرد، چەتە و بەکرێگیراوی دەزگای سیخوڕیی تورکیان. ئەوانە لەھەر نەتەوەیەک بن، کوردبن یان عەرەب و تورک ، بەکرێگیراو و دز و چەتەن. ھەروەھا بەردەوامی بە ووتەکانی دا و ڕایگەیاند" ئەوانەی ماڵ و موڵکی عەفرینیەکانیان تاڵانکرد، مریشک و مەڕ و بزنی ھاووڵاتیانیان دزی، ناتوانن نوێنەرایەتی گەلی عەفرین بکەن. ناتوانین جگە لە بەکرێگیراو شتێکی دیکەیان ناوبنێین. ئەوانەی کە چەندین ساڵە موچەی حکومەتی تورکیا وەردەگرن، ھیچ نین جگە لە بەکرێگیراوی تورکیا. ئەوانە ھەرگیز ناتوانن نوێنەرایەتی گەلی عەفرین بکەن".

"وریای ھەڵخەڵه‌تاندن بن"

عوسمان بانگی لە گەلی عەفرین کرد و وتی: " ووریای ھەڵخەڵەتاندن بن، ئەوانەی داواتان لێدەکەن بگەڕێنەوە بۆ عەفرین، فریوتان دەدەن. لەم چوارچێوەیەدا، بە ناوی ئیدارەی عەفرین و بە ناوی شەڕڤانە پاڵەوانەکانی عەفرینەوە، دووبارە بانگی گەلی خۆمان لە عەفرین دەکەین، عەفرین ئێستا گۆڕەپانی جەنگە و بەرخۆدان و شەڕی دوژمنان بەردەوام دەبێت، تا ئازادکردنەوەی تەواوەتی عەفرین.

شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە، لە بەرخۆدان بۆ ئازادکردنەوەی عەفرین بەردەوام دەبن و ھەر کەسێکیش لەسەر ھێڵی خەباتی شەھیدانی عەفرین نەبێت، ناتوانێت ببێتە نوێنەی گەلی عەفرین.

"ئەردۆغان بە خەیاڵی خەلافەتی عوسمانییەوە دەژی"

عوسمان لەسەر ھەڕەشەکانی ئەردۆغان لە شارۆچکەی تەل ڕەفعەت و مەنبەج دوا و وتی" ئەردۆغان بە خەیاڵی خەلافەتی عوسمانییەوە دەژی".

ئەردۆغان گەر بۆی بچێتەسەر، دەڕواتە حەلەب و موسڵیش، ئەمە لەسەر ڕێکەوتن وەستاوە، مادەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ڕێکەوتنە داگیرکارییەکاندا بێدەنگە، کەواتە تەنھا بەرخۆدان چارەسەرە، دەبێت بەرخۆدان ببێتە کلیلی کردنەوەی خەونی دیکتاتۆریانەی ئەردۆغان.

"بە نسبەت تورکیاوە کوردی باش ئەوەیە کە مردووە"

ھاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین دکتۆر عوسمان شێخ عیسا لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا وتی: "لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە تورکیا ھەموو ڕێگا و شێوازێکی بۆ لەناوبردنی ئەم شۆڕشە گرتەبەر. لەسەرەتاوە لەڕێگەی چەتە و سیخوڕەکانییەوە، پاش سەرنەکەوتنی ئەو ڕێگەیە ئێستا ڕاستەوخۆ خۆی ھاتۆتە مەیدان".

دەبێت گەلی ئێمە ئەوەی لا ڕوون بێت، تورکیا بە تەنھا نەھاتوە، بەڵکو ناتۆ و ڕووسیا بەرگری لێدەکەن و یارمەتی دەدەن. ماوەی حەوت ساڵە تورکیا لەپێناو داگیرکردنی عەفرین، سازشی گەورە بۆ وەڵاتان دەکات، تەنانەت ئامادەیە ھەرچی لەدەستدایە بیبەخشێت، لەپێناو شکستپێھێنانی شۆڕشی ڕۆژئاوادا.

پەندێکی تورکی ھەیە دەڵێت: "کوردی نمونەیی ئەو کوردەیە کە مردووە"، بۆیە بۆً لەناوبردنی خەونی کوردان، ھەموو ڕێگەیەک دەگرێتەبەر.

ک-ع

ک-ش