تاوانی شەڕ: لە زڕگان ٢ هاوڵاتی مەدەنی ڕفێنران

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندێکی باکووری زڕگان ٢ هاوڵاتی مەدەنی ڕفاند.

بەپێی زانیاریەکان، داگیرکەران لە گوندی هەرمەلێی زڕگان کەسێکیان بەناوی عەبدولعەزیز ئەلموستەفا و براکەیان ڕفاندووە.

هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک بۆ ڕفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی فەرمانی بە چەتەکانی ئەلشەمال کردووە کە داوای فیدە لە خانەوادەکانیان دەکەن و چارەنووسیان نادیارە.

لە ٢ی ئەیلولدا لە گوندی مۆساکۆی ناوچەی ڕاجۆی عەفرین کەسێک بەناوی نووری نازمی ڕەشید ئەکاش ڕفێنرا.

لە ٣١ی ئابدا لە عەفرینیش کەسێکی مەدەنی ڕفێنرا. چەتەکانی وابەستەی ئەنقەرە لە گوندی یەلانقۆزی جندرێسیش کەسێکیان بەناوی موراد ڕەشید محەمەدی ٥٨ ساڵیان ڕفاند.

لە ٣٠ی ئابدا کەسێک بەناوی محەمەد خەلکی جندرێس لە لایەن هیزە داگیرکەرەکانی تورکەوە ڕفێنرا و بە ئەشکەنجە کوژرا.

لە ٢ی ئەیلولیشدا گروپێکی چەتەی وابەستەی داگیرکەری تورک لە گوندی ئەلمەنکەلی گرێ سپی هەڵیکوتایە سەر ماڵی کەسێک بەناوی حەمید جاسم ئەلئەیاف کە سەرۆکی هۆزی ئەلبو ئەساف بوو و تا ئیستاش چارەنووسی نادیارە.

ف.ق