ترامپ: کاتى ئەوە هاتووە سەربازانى ئەمریکى بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانى خۆیان

دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، کاتى ئەوە هاتووە سەربازانى ئەمریکا لە سوریا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانى خۆیان.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لە تویتەرەکەیدا ڤیدیۆی لێدوانێکى خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "ئێمە ئێستا سەرکەوتوین. کاتى گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە".

ترامپ راشیگەیاند "رۆڵەکانمان، ژنە گەنجەکانمان، پیاوەکانمان، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانى خۆیان و هەمووشیان ئێستا دەگەڕێنەوە".

نزیکەى ٢ هەزار سەربازیى ئەمریکی لە باکووری سوریادان. ئەوانەش زۆربەیان هێزی تایبەتن.

 

هەروەها ترامپ وتی "ماوەیەکى زۆرە لە سوریا شەڕ دەکەین. نزیکەى ٢ ساڵە من سەرۆکم و بە راستیش ئێمە گەیشتنە ئاستێکى بەرز و ئێمە لە دژی گروپی دەوڵەتى ئیسلامى سەرکەوتین".

ترامپ وتیشی "ئێمە ئەوانمان تێکشکاند. ئێمە ئەوانمان بە باشی تێکشکاند. ئێمە خاکمان لە ژێر دەستیان درەهێنا. ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە، ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە".

باسی کورد و قەسەدەى نەکرد

ترامپ لە کاتى باسکردن لەو شەڕەدا وتى "ئێمە سەرکەوتین" باسی هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) و یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە)ی نەکرد، کە بەهۆی رۆڵی کاریگەر و سەرەکیى قەسەدە و یەپەگەوە داعش تێکشکێنرا.

ترامپ لەو وتەیەدا کە خولەکێک و ٣٩ چرکەیە، تەنها بە یەک وشەش باسی کورد و قەسەدەى نەکرد.

ر.م