ترەمپ کوژرانی بەغدادی بە فەرمی ڕاگەیاند

دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لە باکوری سوریا ڕاگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی ڕاگەیاند.
ترەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەغدادی لەگەڵ یاریدەدەرەکەی کوژراوە.
بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر ٨:٠٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەڕێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکە سیخوڕییەوە ئەنجام دراوە.
بەرپرسانی عێراق و ئێران-یش ڕایانگەیاند کە بەرپرسانی سوریا کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادیان پشتڕاست کردوەتەوە.
بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی ٢ کاتژمێر بەردەوام بووە و ٩ کەس کوژراون.
ترەمپ سوپاسی کورد و عێراق و سوریا و ڕووسیای کرد کە هاوکارێکی باشیان بوون.
پێشتریش هەر ئەمڕۆ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی قەسەدە لەسەر ژمارەی تویتەری خۆیدا نووسیبووی "ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە بە خەباتی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەچوو" عەبدی نووسیبوی "دوای ٥ مانگ هەواڵگریی و کۆکردنەوەی زانیاری، تیرۆریست ئەبوبەکر بەغدادی کوژرا".
ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی چەتەکانی داعش بوو، چەندین هەزار کەسیان کوشتبوو.

ز.ش