تل تەمر، لە مەراسیمێکدا تەرمی شەڕڤانێک بەخاکسپێردرا

تەرمی شەهید مەحمود محەمەد ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە تل تەمر-ی سەربە فیدراسیۆنی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە مەراسیمێک بە خاکسپێردرا.

بە بەشداربوونی سەدان کەس لە هاوڵاتیانی ناوچەی تل تەمر، تەرمی مەحمود محەمەد ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کە لە دێرەزوور لەئەنجامی هێرشێکی شانە نوستووەکانی چەتەکان شەهید بوبوو، لە گۆڕستانی شەهیدان لە ناوچەی تل تەمر بەخاکسپێردرا.

لە مەراسیمەکەدا، تەرمی ئەو شەڕڤانە لە ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە ناوچەی تل تەمر-ەوە بەرو گۆڕستان بەڕێکراو تێیدا مەراسیم بە وەستان دەقەیەک بۆ ڕێزگرتن و مەراسیمێکی لەشکری بەڕێوەچوو.

سەلمان نوحێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەر بە ناوچەی تل تەمر، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید خواست و بەڵینی تۆڵەکردنەوەی دا و وتی: لەسەرەتای دامەزراندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەهید مەحمود بەبێ دوودڵی جێگای خۆی لە ڕیزەکانیدا گرت، ئێمە تا کۆتایی لەسەر هێلی شەهیدان و ڕێبەر ئاپۆ، هاولاتیانی خۆمان لە شانە نووستووەکان و داگیرکەران دەپارێزین، ئێمە هەموو هێزمان لە شەهیدانی خۆمان وەردەگرین، چۆن شەهید مەحمود تا کۆتایی لە دژی شانە نووستووەکان بەرخۆدانی کرد ئێمەش تا کۆتایی لەسەر هێلی بەرخۆدانی ئەو دەڕۆین.

پاشان عەبدولباقی کوتێ ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە ناوچەی تل تەمر لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد"ئەگەر بەرخۆدانی ئەو قارەمانانە نەبوایە ئێمە نەماندەتوانی لێرە بژین، لەبەرئەوە شەهیدانی ئێمە ڕێبەری مەعنەوی ئێمەن و هیچ کاتێک نامرن".

پاشان ناسنامەی شەهید خوێنرایەوەو ڕادەستی بنەماڵەی شەهیدکرا.

تەرمی شەهید مەحمود محەمەد ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هەلهەلەی دایکان و وتنەوەی شەهید نامرن، بەخاکسپێردرا.

ب.ش