توڕەیى زەیتون لە حەلەب چالاکیى لە دژى چەتەکان ئەنجامدا

ژووری ئۆپراسیۆنى توڕەیى زەیتون لە رۆژهەڵاتى حەلەب لە دژی سەرەک چەتەیەک بە ناوی ئەبو محەمەد ئەل دۆمانی چالاکییەکى ئەنجامدا و لەو  چالاکییەدا دۆمانى کوژرا.

ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى زەیتون رۆژی ٢٨ى ئابی ٢٠١٨ چالاکییەکى لە دژى ئەبو محەمەد ئەل دۆمانى سەرەک چەتەى گروپى سوڵتان مورادا ئەنجامدا. چالاکییەکە لە نێوان گوندی سەندەرە و تل شەهیر لە ناوچەى چۆبان بەگ ئەنجامدرا و لە ئاکامدا دۆمانى کوژرا.

دەقی راگەیاندراوەکەى ژووری ئۆپراسیۆنى توڕەیى زەیتون

"لە چوارچێوەى چالاکییەکانى تۆڵەکردنەوەى شەڕڤانان لە دژى سوپاى تورکیاى داگیرکەر و گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا لە هەرێمەکانى عەفرین و ئیدلب و ناوچەکانى ترى باکووری سوریا، شەڕڤانان رۆژی ٢٨ى ئابی ٢٠١٨ چالاکییەکیان لە دژی ئەبو محەمەد ئەل دۆمانی سەرەک چەتەى گروپى چەتەکانی سوڵتان موراد، کە بەشداربوویەکى هێرش لە دژى عەفرین بوو، ئەنجامدا و ئەو سەرەک چەتەیە کوژرا. چەتەکانى گروپى سوڵتان موراد بەرامبەر بە هاووڵاتییانى عەفرین چەندین دەستدرێژییان ئەنجامداوە و تاڵانییان کردووە و هاووڵاتیانیان کوشتووە.

شەڕڤانەکانمان لە نێوان گوندەکانى سەندەرە و تل شەهیر لە ناوچەى چۆبان بەگ لە رۆژهەڵاتى باکووری حەلەب بۆسەیەکیان بۆ ئەو سەرەک چەتەیە دانا. لەو بۆسەیەدا ئەبو محەمەد ئەبو ئەل دۆمانی کوژرا و دەستیش بەسەر چەکەکانیدا گیرا و دواتر شەڕڤانان لە شوێنى چالاکییەکە دوورکەوتنەوە.

وەک پێشتریش رامانگەیاندبوو، ئێمە وەک ئەندامانى ژوورى چالاکیى توڕەیى زەیتون جارێکیتر دڵنیاتان دەکەینەوە کە تۆڵەکردنەوە مافى ئێمە و ئێمەش تۆڵەى خۆمان لە هەموو ئەو چەتانە دەکەینەوە کە بەشداربوون لە هێرشەکانى دژ بە عەفرین".

ر.م