توڕەیى زەیتون: ٢ چەتەى تورکیا لە عەفرین کوژران

ژووری توڕەیى زەیتون رایگەیاند، لە گوندی دێر بەلوت لە ناوچەى جندرێس لە عەفرین ٢ چەتەى دەوڵەتى تورکیا کوژران.

ژووری چالاکییەکانى توڕەیى زەیتون راگەیاندراوێکى لەبارەى چالاکیى هێزەکانیان لە رۆژی ١١ى ئابی ٢٠١٨دا لە گوندی دێر بەلوت لە ناوچەى جندرێسی عەفرین بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ٢ چەتەى فەیلەقی شامی سوپاى تورکیاى داگیرکەر کوژراون.

بەپێى راگەیاندراوەکەى ژوورى توڕەیى زەیتون، چەتەیەک بە ناوی خالد هایک لە گوندی زەکات لە دەورووبەرى باکووری حەما و چەتەیەکى تر بە ناوی ئەحمەد خەتاب لە گوندی حوێزی سەر بە ناوچەى سەهل خاب کوژران.

راشگەیاندراوە، ئەو ٢ چەتەیە لە سەرەتاى هێرشى داگیرکردن بۆ سەر عەفرین دەستیانکردبوو بە تاڵانکردنى ماڵ و موڵکی هاووڵاتیانى عەفرین و چەندین کردەوەى دڕندانەیان لە دژى هاووڵاتییانى عەفرین ئەنجام دابوو.

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى ژوورى توڕەیى زەیتوندا هاتووە "ئێمە وەک یەکینەکانى ژووری توڕەیى زەیتون بە هەموو ئەو گروپە چەکدارانەى کە خاکى پیرۆزیان داگیرکردووە دەڵێین؛ دەبێت زووترین کات لە خاکى پیرۆزى زەیتون بچنە دەرەوە. ئەگەرنا هەمووتان دەبنە ئامانجی یەکینەکانمان".

ر.م