تەرمی شەهیدان عەباس و ریدوان بە مەراسیمێکی شکۆدار بەخاک سپێردران

بە مەراسیمێکی شایستە تەرمی هەر دوو شەهیدی هێزەکانی ئاسایش ناوخۆ عەباس و ریدوان بەخاک سپێردران کە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی تربەسپی شەهید بوون.

هەر دوو شەڕڤانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ عەباس عەباس و ریدوان ئەلحەمید دوێنێ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندی دوگوری سەر بە ناوچەی تربەسپی شەهید بوون.

ئەمڕۆ بە هەزاران هاوڵاتیی کانتۆنی قامشلۆ تەرمی هەردوو شەهیدیان وەرگرت و بە کاروانێک بەرەو گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخانی شاری قامشلۆ بەڕێیان کرد.

لە گۆڕستانەکە مەراسیمێک ساز کراو سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان مەراسیمەکە دەستی پێ کرد. سەرەتا ئیدان ئەلئەفینی ئەندامی ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدان قسەی کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدان کرد و وتی:"کاتێک ئێمە ژیانمان خۆش بوێ، واتە وڵاتمان خۆش دەوێت. لەگەڵ هەموو هەڵومەرجە قوڕسەکانی ژیان تێکۆشان لە هەموو روویەکەوە بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا بەڵێن دەدەین بە هەموو شەهیدەکانمان کە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانماندا، تا ئەو رۆژەی هەموو ناوچە داگیرکراوەکان رزگار دەکەین."

دواتر ئاسیا عەبدولا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار قسەی کرد و خۆڕاگریی گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەت خۆڕاگریی کەسوکاری شەهیدانی بەرز نرخاند و وتی:"سەرمان دادەنوێنین لە بەرامبەر فیداکاریی شەهیدان. شەهید عەباس و شەهید ریدوان کە لە پێکهاتەی کورد و عەرەبن لە لایەن داگیرکەرانی تورکەوە بە ئامانج گیران. شەهیدبوونیان ئەوە دەسەلمێنێت کە ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی ژیانی هاوبەشی پێکهاتەکانی هەرێمەکە و پرۆژە دیمۆکراتیکەکەیێتی."

عەبدولا هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی مێژووی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لێوان لێوە لە کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گەلان و گۆڕینی دیمۆگرافی و وتی:"داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە سەدەی ٢١ دا، لە بەر چاوی جیهان گەلێک رووبەرووی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە کە گەورەترین رێکخستنی تیرۆری لە جیهان تێکبرد. تورکیا عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی داگیر کرد."

عەبدولا بانگەوازییەکی ئاڕاستەی دەوڵەت و زلهێزەکان، بە تایبەت رژێمی سوریا و روسیا کرد کە هەلوێستی خۆی لەبەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، ئاشکرا بکەن و وتی:"ئەو مافەمان هەیە کە لەسەر خاکی خۆمان، بە ئاشتییانە و بە ئارامی بژین. چونکە لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش و داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە ١١ هەزار شەهیدمان دا، بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین. خۆڕاگریمان بەردەوام دەبێت تا ئەو رۆژەی سەردەکەوین. ئێمە لە هەموو ناوچەیەک تێکۆشانمان گەورە دەکەین و لە بەرامبەر هێرشەکان دەوەستینەوە. خۆڕاگری دەکەین تا ئەو رۆژەی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە سەر خاکەکەمان لەناو دەچێت."

دوای قسەکان، ناسنامەی شەهیدان خوێنرایەوەو رادەستی خانەوادەکانیان کرا و پاشان تەرمی هەر دوو شەهید بە وتنەوەی دروشم بە خاک سپێردران.

ز.ش