تەرمی هونەرمەند سەعید یوسف لە قامشلۆ بەخاک سپێردرا

هونەرمەندی بە ناوبانگی کوردی رۆژئاوی کوردستان سەعید یوسف کە لە شاری ئەستەنبول بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە شاری قامشلۆ بەخاک سپێردرا.

هاوڵاتییانی شاری قامشلۆ، بە دەیان هونەرمەند، رۆشنبیر و نوێنەری پارتە سیاسییەکان ئەمڕۆ تەرمی هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد سەعید یوسفیان (میری بزق-ساز) لە خاڵی سنووری سێمالکای نێوان رۆژئاوا و باشوری کوردستان وەرگرت.

تەرمی ناوبراو لە گەڕەکی قدوربەگی شاری قامشلۆ بەخاک سپێردرا.

بڕیارە سبەینی پرسەکەی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری قامشلۆ بەڕێوە بچێت.

سەعید یوسف هونەرمەنی بەناوبانگی کورد ماوەیەک بوو بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئەستەنبول چارەسەری بۆ دەکرا و دواجار بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە لە ٢٦ی ئەم مانگە کۆچی دوایی کرد.

سەعید یوسف لە دایکبووی ١٩٤٧-ە و ٥٠ ساڵ بە ساز و بە دەنگە خۆشەکەی خزمەتێکی زۆری موزیکی کوردی کرد. ئەو وەکو میری ساز-بزق دەناسرا و چەندین گۆرانی ئەو لە لایەن هونەرمەندەکانی ترەوە، وتراونەتەوە.

ز.ش