"تەنها لە مانگی ئازاردا لە سوریا ١٠٣ کەس کوژراون"

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ماوەی مانگی ئازاردا ١٠٣ کەس لە سوریا کوژراون. بە پێی ئەو ئامارە لە بەرواری دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠١١وە لە سوریا ئەو مانگە کەمترین کەسی تێدا کوژراون.

بە پێی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەو ژمارەیە ٥١ کەسیان بە هۆی تۆپبارانەکانی رژێمی سوریا گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی دیکەش بە هۆی تەقینەوەی مین و رووداوی جیاوازەوە کە پەیوەندی بە شەڕێ ناوخۆی ئەو وڵاتەوە هەیە، گیانیان لەدەستداوە.

 بە پێی ئامارەکان تەنها لە مانگی شوباتی ئەم ساڵیشدا ٢٧٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. لە سوریا خوێناویترین مانگ کە زۆرترین هاوڵاتی مەدەنی تێیدا کوژراون، مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ بوو کە بە پێی ئامارەکان هەزار و ٥٩٠ هاوڵاتی مەدەنی بە هۆکاری جیاواز لەو مانگەدا کوژراون. ئەم رەشەکوژیانە لە ئەنجامی شەڕی نێوان رژێمی سوریا و گروپە چەکدارەکان لە هەرێمی حەلەب روویان داوە.

بە گشتی لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی سوریادا لە ساڵی ٢٠١١ وە تا ئێستا واتە لە ماوەی ٩ ساڵدا ٣٨٠ هەزار کەس بە هۆکاری جیاواز کوژراون.

ز.ش