تەڤدەم بانگەوازیی هاوکاریی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک- تەڤدەم،لەڕۆژئاوای کوردستان، بەبۆنەی کارەساتی لافاوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە سەرەخۆشیی لەخانەوادەی قوربانیان دەکات و داوای لە گەلی ڕۆژئاوا وباکووری سووریا دەکات کە پاڵپشتی ڕۆژهەڵات بن.

هاوسەرۆکایەتیی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات- تەڤدەم،دەربارەی کارەساتی لافاوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و داوای لە گەل کردووە کە بە ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆیان هەستن و یارمەتی گەلی ڕۆژهەڵات بدەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"لە لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلەکەمان و خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بوونەتەوە، لەم کارەساتەدا لانیکەم ٨٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، سەرەتا سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانیان و هەروەها گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و ڕایدەگەینین کە هاوخەمی ئازارەکانیانین".

ئەوەش هاتووە:"لەم دۆخە نائاساییەدا کە گەلەکەمان لەم کارەساتە قوربانییان داوە، ئەرکی سەرشانمانە، کە لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، گەلی کورد و هەموو مرۆڤەکان بە شێوەیەکی بەپەلە و بە هەستیارییەکی گەورەوە هەموو دەرفەتەکان بەکاربهێنن و ئەوەی لەدەستیان دێت، پێویستە هاوکاریی بکەن".

لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەی تەڤدەمدا هاوتووە، "  بانگەوازیی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و گەلانی ڕۆژهەڵات و باکووری سوریا دەکەین کە بۆ هاوکاریی و پشتیوانیی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپەلە خۆیان بەڕێکخستن بکەن و لە بەرامبەر گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕووبەڕووی سەختی و مەینەتی بوونەتەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی خۆیان بەجێی بێنن".

ک-ش