تەڤدەم: دۆخی ئۆجالان و زیندانیانی تر مایەی نیگەرانیە

تەڤدەم رایگەیاند، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی تر مایەی نیگەرانیە و داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد، هەڵوێستیان هەبێت.

تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤدەم) لە ڕاگەیەنراوێکدا بۆ ڕای گشتی ئاماژەی بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک بڵاوبووەتەوە و بۆیە لەبارەی دۆخی ئۆجالان نیگەرانن.

ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان بڵاوبووەتەوە، ڕێوشوێنی پێویست هەم بۆ کۆمەڵگا هەم بۆ کەمپەکان و زیندانەکان دەگیرێتەبەر، هەروەها زۆرێک لە دەوڵەتەکان هەندێک دۆسیەیان لەبەرچاو گرتووەتەوە، یەکێک لەو دۆسیایانەش لەبارەی زیندانیانی سیاسیە و زیندانیان ئازاد کراون، یان سیستمی کەرەنتینە بۆیان جێبەجێ دەکرێت و ڕیگا دەدرێت پارێزەران و  خانەوادەکان سەردانیان بکەن.

ئاکەپە/مەهەپە و دەوڵەتی تورک لەبارەی پەتاکەوە سەختی دەکێشن، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامی بە سیاسەتە شۆڤێنیەکەیان دەدەن، نمونەی ئەوەش هەڵوێستیانە لەبەرانبەر دۆسیەی زیندانیانی سیاسی، ڕای گشتی و گوێنەدان بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ. ئەو ڕێکخراوانەش سەرقاڵی ڤایرۆسی کۆرۆنان و ئەوانیش سەختی دەکێشن و تا ئێستا چارەسەریەکیان بۆ پەتاکە نەدۆزیوەتەوە.

بەو هۆیەوە دوای ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و گیانیان لەدەستدا ئاشکرا کرا، بووە هۆی ئەوەی نیگەرانی لەسەر دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد زیاد ببێت. لەبەرئەوەی گۆمانمان هەیە دەوڵەتی تورکی شۆڤێنی کردەوەی قێزەونتر لەدژی زیندانیانی سیاسی، بە تایبەتی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدەدات.

ڕەتکردنەوەی سەردان و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ، زیاتر سەرنجی کۆمەڵگای کورد و کۆمەڵگای ئازادیخواز بۆسەر زیندانی ئیمڕالی دەكێشێت، بە تایبەتی کە دەوڵەتی تورک کردەوەی دژە مرۆیی لەدژی شەهید عەگید ئیپەک ئەنجامدا کە تەرمەکەی لە ڕێی پۆستەخانەوە بۆ دایکی ڕەوانەکرا و لەبەرانبەر دەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ پێوانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشێلکرد. لەم کاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە پەتای کۆرۆناوە سەرقاڵە و دەوڵەتی تورک کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدات و دەیەوێت سەرلەنوێ ئیرادەی گەلانی تێکۆشەر تێکبشکێنێت."

تەڤدەم لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کار لەسەر دۆخی زیندانیانی ناو زیندانەکانی دەوڵەتی تورک بکەن و لەبەرانبەر کردەوەکانی دەوڵەتی شۆڤێنی تورک کە لە دوورگەی ئیمڕالی و زیندانەکانی تر ئەنجامیدەدات، بەرپرسیاریەکانی جێبەجێ بکات."

ف.ق