تەڤگەری ئازادی بڕیاری خۆ نوێکردنەوەیدا

لە بارەگای تەڤگەری ئازادی هەرێمی سلێمانی سیمینارێک بۆ ئەندامان و لایەنگرانی بەڕێوە چوو، دەربارەی دوایین گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە بیر و ڕامانی خۆیان تاوتوێ کرد.

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان سیمینارێکی بۆ لایەنگرانی ئەنجامدا و لەسەر چەند پرسێکی گرنگ گفتوگۆیان کرد و هەڵوێستی خۆیان دیاری کرد، لە گرنگترین مژارەکان گفتوگۆ بوو لەسەر گەندەڵی لە باشوری کوردستان و هەروەها چونی گەنجان بەرەو وڵاتانی دەرەوە و دوایین گۆڕانکارییە سیاسیەکان لە ناوچەکە. هەروەها ڕایانگەیاند کە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆژەی دەبێت و خۆی نوێ دەکاتەوە.

لە پاش گفتوگۆکردن و وەرگرتنی بیر و بۆچونی ئامادەبوان تارا حوسێن ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی سیمینارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند:"هیچ هێزێک دۆستی ئێمە نیە و کار بۆ ئێمە ناکات بەڵکو دەبێت کورد ستراتیژی خۆی هەبێت، لە نێوان ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی گەلی کورد لەو ململانێیە تێوەگلێنن، بەڵام نابێت بچینە نێو هیچ سیاسەتێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەڵکو دەبێت هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان هێڵی سێیەم هەڵبژێرین و گەلەکەمان بپارێزین. ڕاستە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هێرش هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین تەنها ئەو هێڵە سەردەکەوێت و نابێتە لایەن لە ململانێ سیاسیەکاندا".

تارا حوسێن ڕاشیگەیاند کە ئەوان وەک تەڤگەری ئازادی دەتوانن لە ماوەی ساڵێکدا هاوشێوەی ئەو لایەنانە خۆمان فراوان بکەین و وتیشی:" ئێمە نامانەوێت ببینە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرلێشێواو، بەڵکو ئامانجی ئێمە ئەوەیە ببینە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە. بۆیە زۆرترین فشار لەسەر تەڤگەری ئازادی دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتەوە، بارەگاکانمان دادەخەن و ئەندامەکانمان دەستگیر دەکەن."

ز.ش