حەمدان العبد: دەوڵەتی تورک تیرۆر هەناردە دەکات

حەمدان العبد یاریدەدەری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی تورک تیرۆر هەناردەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەوروپا دەکات.

العبد لە بارەی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا دەگاتە ئەفریقای باکور و ئەوروپا لە هەوڵی جێگیرکردنی پرۆژەی عوسمانییەکاندایە و وتی:" دەوڵەتی تورک تیرۆر هەناردە دەکات."

العبد لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:"لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک رێکخراوەکانی وەکو ئەلنوسرە و داعش پەیدا بوون. بە مەبەستی زیندووکردنەوەی خەیاڵی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ئەمەی کرد. پارچەیەک لە خاکی سوریای داگیر کرد و ویستی بیلکێنیێت بە خاکەکە خۆیەوە."

'دەوڵەتی تورک تیرۆر هەناردە دەکات'

العبد هەروەها رایگەیاند، کاتێک گروپە چەتەکانی دەوڵەتی تورک تێک چوون، دەوڵەتی تورک دەستی بە داگیرکەری کرد. یەکێکی دیکە لەو شتانەی کە دەوڵەتی تورک دەیکات، هەناردەکردنی تیرۆرە. زۆرێک لە سەردەستەی چەتەکانی داعشیش دانیان بەوەدا ناوە. لە دەریای سپییەوە تا حەلەب و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و کەرکوک و موسل دەیانەوێت داگیری بکەن. ئامانجی داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی گرتووخانەکانی داعش بوون، کە ئامانجیان ئەوە بوو ئەو چەتانە رزگار بکەن.

'تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت'

هەموو ئەو گروپانەی گوایا لە سوریا ئۆپۆزسیۆن بوون، لە شام، دەرعا، حومس و جەرابلوس یەک بە یەک لەناو بران و دواتر ئەندامەکانیان برد بۆ ئیدلب. ئێستاش ئەوان لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەکار دەهێنن. بە دۆسیەی پەنابەران دەیانەوێت ئەوروپا چاوترس بکەن. بەڵام ئەو شوێنانەی داگیری کردوون، تیرۆرست و خانەوادەکانیان جێگیر دەکەن. ئەم گۆڕینی دیمۆگرافییە تاوانی جەنگە. بە پێی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان ئەمە تاوانە. ١٦٠ دەوڵەتی جیهان ئەمەیان ئیمزا کردووە، بەڵام لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگییەک هەیە.

ئەلعبد هەروەها وتی:" پرۆژەی دەوڵەتی تورک زۆر مەترسیدارە. با سەیرێکی لیبیا بکەین. ئەمڕۆ دەستوەردان لە لیبیا دەکات. دەوڵەتی تورک لەسەر ئیخوانەکان، دەیەوێت هەڕەشە لە مسر و ئەفریقای باکور بکات. بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆرستی ناردە بۆ ئەوێ. بەم شێوەیە دەیەوێت هەڕەشە لە ئەروپا بکات."

'ئێمە بۆ دیالۆگ ئامادەین'

لە بەردەوامی قسەکانیدا العبد تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەوان ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەک دانیشن و وتی:"بۆ ئەوەی کۆتایی بەو داگیرکەرییە بێت، ئێمە ئامادەین بۆ دیالۆگ و هەر جۆرە پەیوەندییەک. ئەرکی ئێمە وەکو خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک ئەوەیە خزمەتی گەلان بکەین. ئێمە پارچەیەکی سوریاین. ئێمە هەمیشە ئەوەمان وتووە، ئەمڕۆش هەمان شت دەلێین."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا حەمدان العبد یاریدەدەری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا باسی لەوە کرد کە بەشێک لە خاکەکەیان داگیر کراوە و وتیشی:" بۆ ئەوەی شکۆی خۆمان بپارێزین کۆچمان کرد، ئێمە داگیرکەری قبوڵ ناکەین. ئەوان ئەم گەلەیان نەناسیوە. ئەم گەلە ئەم بارودۆخە قبوڵ ناکات. گەلەکەمان لە سەرتاسەری ئەو ناوچانەی داگیر کراون، رادەپەڕێت و زوڵم قبوڵ ناکات. تاکە رێگامان خۆڕاگرییە. ئێمە واز لەم رێگایە ناهێنین."

ز.ش