خۆبەڕێوەبەری: لێدوانی ترامپ ڕێگەخۆشکەرە بۆ پاکتاوی ئیتنیکی

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەر وچەتەکانی پابەند نین بە ئاگربەست، هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی پرۆسەی پاکتاوی ئیتنیکی لەوناوچانە بەردەوامە کە سوپای تورکیا داگیرکردووە.

راگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی

لە ماوەی سێ ڕۆژی ئاگربەستی کاتیی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و لایەنی تورکی بە نێوەندگیریی ئەمریکا، کەرەستە بکوژەکانی تورکیا و چەتەکانی لە هێرشی سەربازی نەوەستاون بۆ سەر هێزەکانمان، لەو چوارچێوەیەشدا ٢٥ شەڕڤان شەهید بوون و ١٧ی دیکەش بریندار بوون، وێڕای ئەوەش قێزەونترین پێشێلکاریی لەدژی هاوڵاتیانی سڤیل لە سەرێکانی ئەنجام داوە، بەو هۆیەوە تەنیا لە کاتی ئاگربەستدا ١٧ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون لە دەرەنجامی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شارەکە، هاوکات دەیان تەرمیش لەژێر داروپەردووی ڕووخاودا ماونەتەوە، وێڕای ئەوەش چەندین حاڵەتی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی جیهانی دەبینرێن و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتی سڤیل بە شێوەیەکی زۆر خراپ سووتاون، ئەوەش دەرەنجامی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی فۆسفۆری سپییە.

خۆبەرێوەبەری باکور و ڕۆژهەلاتی سوریا ڕەخنەی لە ئیدارەی ئەمریکاش گرت سەبارەت بە چاوپۆشیکردنی لە پێشێلکارییەکان و ئاماژەی بەوە کردووە "دووبارەبوونەوەیەکی ڕوون هەیە لەوەی کە لە عەفرین ڕوویدا لە تەواوی پێشێلکارییەکان و ئەو تاوانانەی کە تا ئێستاش بەردەوامن، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا بە ئاشکرا چاوپۆشیی لەو دۆخە دەکات، ئەوان بەرپرسی بەدواداچوونی پرۆسەی ئاگربەستن، چونکە هێزی گرەنتیبەخشی نێوان هەردوو لایەنەکەن."

خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا سەرسوڕماوی خۆی لە لێدوانەکانی ترامپ ڕاگەیاند، "ئێمە لە خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەکو گەل و ئیدارە، سەرسوڕمانی خۆمان لەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا دەردەبڕین کە جەخت دەکاتەوە لەوەی ئاگربەستی کاتیی بە پابەندبوونی لایەنی تورکی سەرکەوتووە، ئێستا ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە، تورکیا و چەتەکان بە هیچ شێوەیەک پابەند نین بەو ڕێککەوتنە و بەردەوام پێشێلی ئاگربەستەکە دەکەن.

هۆشداری ئەوەشی دا لەوەی ئەو لێدوانانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ بەردەوامیدان بە کۆمەڵکوژکردنی کورد لە لایەن تورکیاوە "لێدوانی ئەم دواییانەی ترامپ لەبارەی ئەوەی گوایە کورد لە شوێنە تازەکان نیشتەجێ کراون، ڕێگەخۆشکەرە لەبەردەم پاکتاوی ئیتنیکی کە ئامانجی تورکەکانە، چونکە ئەو هاوڵاتییە سڤیلانەی لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون لە شارەدێی سەرێکانی و گرێ سپی و گوندەکانیان، پێویستە لە ڕێگەی گرەنتییەکی نێودەوڵەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان و ئەو ناوچەیە لەژێر چاودێری نێونەتەوەیی بێت، ئەگەرنا تورکیا گەلی کوردمان جینۆساید دەکات، پێویستە ئەمریکا بەرپرسیاریەتیی تەواوەتی ئەو کارە بخاتە ئەستۆی خۆی."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر تورکیا، زۆر پێویستە هێزەکەی لەو ناوچانە پاشەکشە پێ بکات کە داگیری کردوون، هەروەها بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ئەوەی هێزی نێونەتەوەیی بنێرێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل لە بەرانبەر هەموو جۆرە پێشێلکارییەک، ئەو وڵاتەی چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە دژی گەلەکەمان نابێت سەرپەرشتی ئەو ناوچەیە بکات."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پەلە لێژنەیەک بنێرێت بۆ سەلماندنی ئەوەی چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکارهێنراوە، بۆ سەلماندنی تاوانی پاکتاوی ئیتنیکی و لەسێدارەدان لە گۆڕەپانەکان لەدژی هاوڵاتیانی سڤیل."

ک-ش