د. کاموران بەرواری: ئەوانەی زووتر تێکبشکێن پەدەکە و یەنەکەن

د. کاموران بەرواری مامۆستای زانکۆی دهۆک لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان هۆشداریی دایە پەدەکە و یەنەکە.

مامۆستای زانکۆی دهۆک د. کاموران بەرواری بەشداریی کردبوو لە کۆڕبەندی دژی داعش کە لە لایەن ناوەندی ڕۆژئاوا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بەڕێوەچوو، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی لە باشووری کوردستان و داگیرکردنی عەفرین هەڵسەنگاند. د. بەرواری ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک شوێنى داعشی گرتووەتەوە.

بەرواری وتی: "هەمووان ئەوەیان بینی داعش لەژێر چەتری تورکیادا سەریهەڵدا و گەورە بوو. نمونەی ڕوونی ئەوەش داگیرکردنی عەفرینە. هەروەها هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستانە. کورد لە هەر شوێنێک بێت دەبێتە ئامانجی دەوڵەتی تورک".

بەرواری ئەوەشی وت، دەوڵەتی تورک مەترسییە بۆ سەر هەموو کورد و مەترسییەکەی لە مەترسیی داعشی ساڵی ٢٠١٤ گەورەترە. بەرواری بوونی 'نۆکەریی' وەکو هۆکاری یەکەمی ئەوە نیشان دا و وتی: "کاتێک داعش ساڵی ٢٠١٤ هێرشی کرد، باشووری کوردستان و عێراق وەکو ئەمڕۆ لەناو مەترسییەکی گەورەدا نەبوون. بۆیە دەبێت بڵێین، لەناو هێرشەکان دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان، هێزێکی باشووری کوردستانیش بەشدارە. هێرشە داگیرکارییەکان لەدژی باشووری کوردستان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو کورد. دەیانەوێت باشووری کوردستان وەکو عەفرین لێبکەن، پاکی بکەنەوە لە کورد".

'باشووری کوردستان دەتوانێت ببێتە کوێتی ئەوان'

بەرواری سەرنجی ڕاکێشایە سەر پشتیوانیکردنی ئاشکرای پەدەکە بۆ داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و وتی: "ئەوەی لە داگیرکردنی باشووری کوردستاندا زیانی هەرە گەورەی پێدەگات، پەدەکەیە. ئەگەر بەشێکی داگیرکاریی و خزمەتکاریشی بێت ئەوەی زیانی هەرە گەورەی پێدەگات پەدەکەیە. تەنانەت ئەگەر پلانێکی خۆیشی هەبێت، بەڵام ئەوەی زۆرترین زیانی پێدەگات هەر پەدەکەیە. بۆیە دەبێت هەڵوێستێکی هاوبەش لەدژی ئەو داگیرکارییە نیشان بدرێت".

بەرواری لەبارەی سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش هێرشی داگیرکاریی بۆ ئەنقەرە، هەروەها بێدەنگیی ئێرانەوە وتی: "قەبوڵ ناکرێت کورد ببێتە بەشێک لەو داگیرکارییە. لەلایەکی دیکەوە ئەو هەوڵە داگیرکارییەی تورکیا و ئێران بۆ باشوور دەکرێت وەکو داگیرکردنی کوێتە لەلایەن سەدامەوە. دەتوانێت ببێتە جوگرافیایەک کە جیهان هەموو بخاتە نێو شەڕێکی گەورە".

'گەلی کورد قەبوڵی ناکات'

بەرواری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەستکەوتانەی گەلی باشووری کوردستان لە ئەنجامی تێکۆشانی ئازادیدا بەدەستیهێناون، کەس بۆی نییە بۆ بەرژەوەندیی خۆی پێشکەشی داگیرکەرانی بکات. بەرواری هۆشداری دا کە دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە نەکەونە ئەو داوەوە و وتی: "ئێمەش پێشمەرگە بووین و بۆ ئازادی کوردستان ساڵانێکی دوورودرێژ تێکۆشاین، هێشتاش تێدەکۆشین. هیچکام لە ئێمە بۆ بەرژەوەندیی کەسی و چەند بنەماڵەیەک ئەو تێکۆشانەمان نەکردووە. گەلی کوردیش ئەو شتانە قەبوڵ ناکات کە ئێستا ئەنجام دەدرێن".

'دەبێت پێشمەرگە لە سەنگەری گەل دا بێت'

بەرواری سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەواڵەکانی میدیای پەدەکە کە دەڵێن، هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سەربازەکانی تورک بەشدار دەبن و وتی: "پەدەکە لە مێژووی خۆیدا لەدژی پارچەکانی دیکەش، لەدژی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی باشووری کوردستانیش هەڵەی گەورەی کردووە. ئێستاش لەدژی گەلی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش لە هەڵەکانی بەردەوامە. ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە، ئەوەی زیاتر مەترسیدارە ئەوەیە، کە دەیەوێت پێشمەرگە بکاتە بەشێک لە هەڵەکانی. بۆیە بانگەوازیی بۆ پێشمەرگە دەکەین؛ لە سەنگەری گەل دا بن، لە سەنگەری گەریلا دا بن، لە سەنگەری کوردستان دا بن. داگیرکەر هەرکەسێک بێت گرنگ نییە، لەدژی داگیرکەران لە سەنگەری گەل دا بن".

'سەرەتا پەدەکە و یەنەکە تێکدەشکێن'

بەرواری وتی: "ئەگەر ئۆتۆنۆمی لە باشووری کوردستان لاواز ببێت، سەرەتا پەدەکە و یەنەکە زیانیان پێدەگات، سەرەتا پەدەکە و یەنەکە تێکدەشکێن".

ڕاشیگەیاند: "ئەوکاتە هەستانەوە سەخت دەبێت لەو ناوچانەی تیایدا شکستیان هێناوە. هەرێمی بادینان کە ئێستا بووەتە ئامانجی دەوڵەتی تورک، ئەو هەرێمەیە کە لانکەی تێکۆشانی ئازادیی کوردە. ئەگەر ئەو هەرێمە لەدەست بچێت وەکو عەفرین و باکوری کوردستان، هەموو ڕۆژێک گەلەکەمان لە باشووری کوردستان کۆمەڵکوژ دەکرێت".

ر.م