داعشیەکان چاوەڕێی دادگاییکردنن

بابەتی دادگاییکردنی چەتە دەستگیرکرداوەکانی داعش لە زیندانەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تا ئێستاش یەکلایی نەبووەتەوە و بابەتێکی نادیارە. ئەمەش لەوانەیە ببێت بە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی دیکە. ئاژانسی هەواڵی فورات سەردانی دوو لە قەرەبالغترین زیندانەکانی کرد.

لە چوارچێوەی سەردانکردنی دوو لە قەرەباڵغترین زیندانەکانی داعشدا لە شاری حەسەکە، بەدواداچوونمان بۆ هەڵومەرجی گیراوانی داعش و کێشەکانیان کرد. هەموو گرتووخانەکان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆڕسەری دیمۆکراتیکن. پاراستنیشیان لە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە دایە کە ژمارەیان نزیکەی هەزار کەسە. دوای وەرگرتنی مۆڵەت و چەند زانیارییەک، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەند داعشییەک ئەنجامدا.

گرتووخانەی ناوەندی حەسەکە

یەکێک لەو زیندانانەی سەردانمان کرد، زیندانی ناوەندی حەسەکە بوو کە پاراستنی لە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایشدایە. لەو زیندانە نزیکەی ٤ هەزار ئەندامی داعش دەستبەسەرن. هەندێکیان ئەندامی سوپای سوریای ئازاد و بەرەی ئەلنوسرەن، بەڵام بە زۆری ئەو گیراوانە سەر بە داعشن. داعشییەکان زۆربەیان خەڵکی عێراق و سوریان.  

بەشێکیان لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە لایەن دادگای 'پاراستنی گەلەوە' دادگایی کراون و سزایان بەسەردا سەپێندراوە. زۆربەیان لە ژووری ٥٠ کەسیدا دەمێننەوە. زۆربەی ئەو گیراوانەی قسەمان لەگەڵدا کردن، وتیان کە رازین لە سیستم و هەڵومەرجی گرتووخانەکە و جەختیان کردەوە کە مامەڵەیەکی مرۆییان لەگەڵدا دەکرێت و دەتوانن لەگەڵ خانەوادەکانیان قسە بکەن. رۆژانە سێ لە گیراوان و سێ چێشتلێنەر بۆ گرتووخانەکە خواردن ئامادە دەکەن و لە ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەراندا بەسەر ژووری گرتووخانەکەدا دابەش دەکرێت.

دان بە تاوانەکانیان نانێن

جگە لەوانەی تاوانەکانیان سەلمێنراوە و سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، بگرە ئەوانی دیکە هەموویان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە و گوایا تەنها لەو ناوچانە ژیاون کە داعش داگیری کردبوون. بۆیە، بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامی داون، هەوڵێکی ورد و هەستیار دەدرێت.

یەکێک لە ئەندامانی داعش کە دانی بە تاوانەکانیدا نەناوە ناوی ئەحمەد تالیب مەنسور و هاوکات باوکی بە ناوی مەنسور ئەل حوێدی ئەلشەمەرییە کە خەڵکی عێراقن. ئەحمەد تالیب مەنسور لەگەڵ باوکیدا لە هەمان ژووری گرتووخانەکەدان. بەرپرسانی زیندانەکە دەڵێن، ئەحمەد تالیب مەنسور یەکێکە لە جەلادەکانی داعش. بەڵام ئەحمەد مەنسور ئەمە رەد دەکاتەوە و ئیدیعای ئەوە دەکات کە لە ناو رێکخراوی داعشدا ئەرکی دۆزینەوە و بڵاوکردنەوەی ئەرزاقی پێ سپێردرابوو.

ئەو تاوانانەی ئەحمەد تالیب مەنسور کردوویەتی، سەلمێندراون. چەندین دیمەن کە بە دەستی خۆی خەڵکی بێتاوانی بە شێوازی دڕندانە کوشتووە، کەوتوونەتە دەست لایەنی پەیوەندیدار. دوای بەدەستهێنانی دیمەنەکان، ئەحمەد تالیب مەنسور یەکێک لە تاوانەکانی قبوڵ کردووە و دەڵێت تەنها کەسێکی کوشتووە. دادگای دژە تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپاندووە.

تا ئێستاش کردەوە دڕندانەکانیان دەپارێزن

هەندێک لە سزادراوان دەڵێن کە پەشیمانن لەوە بەشداری رێکخراوی داعش بوون، بەڵام زۆربەیان دەڵێن، ئەوان هەڵگری ئایدۆلۆجیای داعشن و گوایان ئەم ئایدۆلۆجیایە رزگاریان دەکات.

گیراوێکی دیکەی داعش بە ناوی هادر سەعید عوسمان کە خەڵکی عێراقە، لە ژوورەکەی خۆیدا چاوپێکەوتنمان لەگەڵیدا ئەنجامدا. عوسمان دەڵێت، ئەو لە ساڵی ٢٠١٥دا بەشداری ریزەکانی ریکخراوی داعش بووە و وەکو خۆی دەڵێت، شەڕڤانیکی چالاکی ئەو رێکخراوە بووە. ئەو رازیە لە هەڵومەرجی ناو گۆتووخانەکە و دەڵێت، لە گرتووخانەکانی عێراق مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ گیراواندا دەکرێت و دەشلێت:"ئەگەر رادەستی عێراق بکرێمەوە، بەر لەوەی بەڕێ بکرێم، خۆم دەکوژم."

لێمان پرسی ئایا تۆ پەشیمانی کە بەشداریت کردووە لە ریکخراوێکی دڕندەی وەکو داعش یان نە؟ لە وڵامدا وتی:"ئێمە هیچ کارێکی دڕندانەمان نەکردووە." بەڵام کاتێک بەڵگە و دیمەنە دڕندانەکان و کۆمەڵکوژییەکەی شەنگالمان بەبیری هێنمایەوە، وتی:"هەڵومەرجەکان بۆ کافران، ئەمەی دەوێت."

گیراوێکی دیکەی داعش کە لە حەوشەی گرتووخانە چاوپێکەوتنمان لەگەڵیدا ئەنجامدا، ناوی ئەشرەف ئەحمەد ڤاحات بوو کە خەڵکی دێرزۆرە. لە ساڵی ٢٠١٣دا بەشداری سوپای سوریای ئازاد ببوو. لە شەڕێکی نێوان ئەو سوپایە و داعشدا، لە لایەن ریکخراوی داعشەوە گیراوە و دوای مانەوەی ٨ مانگ لە زیندانی داعشدا، دواجار بەشداری ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بووە.

ئەحمەد ڤاحات لە ساڵی ٢٠١٧دا تەسلیمی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە ببوو. ئەو دەڵێت:"من زۆر پەشیمانم کە بەشداری رێکخراوی داعش بووم. کاتێک بیستم قەسەدە بە شێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ گیراوانی داعشدا دەکات، خۆم تەسلیم کرد. دەمەوێت سزاکەم وەرگرم و جارێکیتر ببمەوە مرۆڤێکی ئاسایی. مامەڵەکردن لەگەڵ ئێمەدا لە گرتووخانە، مامەڵەیەکی مرۆڤانەیە. هیچ هەڵسوکەوتێکی خراپمان لەگەڵدا ناکەن."

مەترسییەکی گەورە هەیە

دواتر سەردانی زیندانێکی دیکەمان کرد لە حەسەکە کە زۆربەی گیراوانی داعش کە لە باغۆز گیراون، تێیدا دەستبەسەرن. دوای ئەوەی ژمارەی چەتە گیراوەکان زیادی کرد، چەند زانکۆیەکی شاری حەسەکە داخران و کران بە زیندان. ئەمە قەرەبالغترین گرتووخانەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە. ئەم زیندانە لە توانای خۆی زیاتر گیراوی تێدایە. لێرە ٥ هەزار داعش هەن.

خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و هەموو پێداویستییەکی ئەو ٥ هەزار گیراوە، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیکەوە دابنین دەکرێت. پاراستنیش سپێردراوە بە هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە. ئەم گرتووخانەیە شوێنێکی زۆر کۆنە، هێندە پارێزراو نییە. لە هەندێک لە ژوورەکانی ئەو گرتووخانەیە ١٠٠ گیراو و لە هەندێکیشیان ١٥٠ گیراوی تێدایە. ناوەندی تەندروستیەکەی زۆر قەرەبالغە و زیاتر لە تواناکانی قەرەبالغی لەسەرە، بۆیە کێشەی ئەمنی و تەندروستی لەو گرتووخانەیە زۆرن.

ئەگەر شوێنی گیراوان زیاد نەکرێت یان بەشێکیان نەگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەیەکی دیکە، لەوانەیە رووداوی نەخوازراوی وەکو راپەرین و راکردن و چەندین حاڵەتی نەخوازراوی دیکە روو بدەن. هەروەها لەوانەیە نەخۆشییەکانی ئەنفلۆنزا بڵاو ببنەوە و ئەمەش ببێتە هۆی مردنی گیراوان. بەر لە ماوەیەک لە ژوورەکانی گرتووخانەکە و ناوەندەکانی تەندروستی، لە لایەن گیراوانەوە هەوڵی گێرەشێوێنی زۆر درابوو. هاوکات هێرش کرابووە سەر پاسەوانەکانی گرتووخانەکە و چەند رۆژنامەنووسێک. پاسەوانەکان وتیان ئەوان ناتوانن ئاسایشمان بپارێزن، بۆیە رێگەیان نەدا بچینە ژووری گیراوەکان.

لە پشت شیش و دەرگا ئاسنینەکانەوە دیمەنەکان دەگوازینەوە. بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ گیراوانیش دەمانگوازنەوە بۆ ژووری بەتاڵ.

زۆربەی ئەو گیراوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام دەدەین، قبوڵی ناکەن کە ئەندامی رێکخراوی داعشن. بەڵکو دەڵێن، لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدا بوون، کۆچیان کردووە.

بەرپرسان و فەرماندەکانی قەسەدەش دەڵێن، ئەو گیراوانە داعشین و تا دوا ساتەکان لە باغۆز لە دژی هێزەکانیان شەڕیان کردووە. زۆربەی ئەو گیراوانەی قسەیان لەگەڵدا دەکەین، دەڵین پێشوازی لە هزری داعش دەکەن و تەنها گلەییان لە ئەمیر و سەردەستەی داعشەکان هەیە و دەڵێن، ئەمیرەکانی داعش ئەوانیان لە ژێر تۆپبارانەکاندا بەجێهێشت و رایان کرد بۆ تورکیا و ئەوروپا.
لێرە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەتەیەکی داعش بە ناوی ریدڤان گەنج ئەنجامدا کە خەڵکی شاری ئافیۆنی تورکیایە. ئیدیعای ئەوە دەکات کە لە ئەنکەرە لە ناو جەماعەتێکدا بووە و بۆ ئەوەی منداڵەکانی فێری عەرەبی ببن چووەتە ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدا بوون. ریدڤان هاوکات ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەو تەنها کاری تەکنیکی بۆ داعش کردووە. کاتێک پێمان وت، داعش لە دژی مرۆڤایەتییە، لە دژی ژنان تاوانی دڕندانەی ئەنجام داوە، دەڵێت:" ئەگەر لە ئایین دا باس کرابێت، دەبێت بکرێت. ئایین لە ویژدان لە پێشترە."

بۆچی خاوەندارییان لێناکەن؟

عەبدوڵلا نۆمان هاوڵاتی بەلجیکا و بە ڕەگەز خەڵکی فاسە، یەکێکە لەو داعشانەیەی تاوانەکەی قبوڵکردووە، کاتێک دیمەنەکانی ئاشکرابوون کە هەڕەشەی لە بەلجیکا دەکرد وتی، "ئەو کاتە مادەی هوشبەرم بەکارهێنابوو، لەسەر هۆشی خۆم نەبووم. عەبدوڵلا نۆمان دەڵێت، "دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە ئاگاداری پەیوەندی من و جەماعەت هەبوو. لەگەڵ ئەوەی ناوم لەلای ئیستخباراتی تورکیا هەبوو، بەڵام منیان ڕانەگرت. سەرەتا چوومە ئەڵمانیا. لەوێ بە فڕۆکە چوومە تورکیا. لە دیلۆکەوە سنورم تێپەڕاند. کاتێک سنورمان تێپەڕاند لە هەردوولاوە سەربازی تورک هەبوون بەڵام هیچیان پێنەوتین."

عەبدوڵا داوای لە بەلجیکا و جیهان کرد کە ئەوان دادگاییبکەن و وتی، "بۆ ئەوەی هانمانبدەن بەشداری بکەین، رێگایان کردەوە. ئێستاش خاوەنداریمان لێناکەن. ئێمە تاوانمان کرد، سزامان چیبێت ئەبێت بیکێشین."

گەنجان زیاتر رادیکاڵ دەبن

فاتیح چێفچی ٥٥ ساڵان لە ئەستەنبوڵەوە بەشداری داعش بووە. چیفچی دەڵێت، لە باغجلار لەگەڵ جەماعەت کاری دەکرد و لەگەڵ خانەوادەکەی چووەتە سوریا. چیفچی ڕایگەیاند، بێ کێشە سنوریان تێپەڕاندووە و لەبەر ئەوەی قەسەدەی دەناسی خۆی ڕادەست کردووە.

دەڵێت، "لێرە کێشەی ئەشکەنجە و خواردنمان نییە. مامەڵەیەکی مرۆڤانەمان لەگەڵدا دەکەن. جێگاکەمان قەرەبالغە. کێشەی جێگا و دەرمان هەیە. کێشەی سەرەکیمان ئەوەیە نازانین چیمان بەسەردێت. ئاگاداری جیهان نین. ئەو دۆخە کاریگەری لەسەر هەموومان دروست کردووە. هەموو کەسێک وەک من بەتەمەن نییە. لەناوماندا گەنج هەیە، ئەوان نازانن ژیانی بەکۆمەڵ چۆنە. نازانن گوێ بگرن. ماوەیەک لەمەوبەر لە قاوشەکەمان دەستیان بە ڕاپەرین کرد. پێویستە دادگایی بکرێین. پێویستە دادگاییبکرێین و سزامان چیبێت دیاری بکرێت. ئێمە لەسەر ئەم خاکە ماینەوە. ئەگەر تاوانێک کرابێت، لەم خاکە کراوە. لەبەرئەوە ئەگەر تاوانبار بین یان نە پێویستە لێرە دادگاییبکرێین."

لە دەرەوەی هێزی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە

بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە ئاماژە بەوە دەکات، زیندانیەکانیش دەیانەویت دادگاییبکرێن. لەبەرئەوەش زیندانیان زیاتر ڕادیکاڵ دەبن.

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیکیش لەسەر ئەو بابەتە هاوڕان. دەڵێن دادگاییکردنی ئەو داعشیانەی لەدژی مرۆڤایەتی تاوانیان ئەنجامداوە، بەرپرسیاری مرۆڤایەتیە. بەرپرسان ڕایدەگەیەنن بۆ دەرفەتی تەواویان لەبەردەست نییە کە ئاسایشی زیندانەکان بپارێزن و ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت چەتەکان زیاتر ڕادیکاڵ دەبن و مەترسی داعش دیسانەوە سەرهەڵدەداتەوە.

ز.ش