دانپێدانانی سیخوڕەکانی میت لە ڕۆژئاوای کوردستان

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوا، بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی چەتەکانی داعش و هەروەها سیخورەکانی دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک، لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی هاوار دانپێدانانی دوو لە سیخوڕەکانی میتی بڵاوکردووەتەوە.

یەکێک لە سیخورەکان ناوی ‘موستەفا عوسمان’ تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی گوندی منازێ سەربە کانتۆنی کۆبانێ-یە کە ساڵی ٢٠١٣ کۆچبەری ئەنقەرە دەبێت و لەوێ پەیوەندی بە سەرچەتەیەکی سەربە دەوڵەتی تورکەوە دەکات بەناوی ‘ئەبوجابر’ و ساڵی ٢٠١٧ یەکەم کاری سیخوڕیی خۆی بە ئەنجام دەگەینێت و دوای ئەوە دەناسێندرێت بە ئەفسەرێکی دەزگای سیخوڕیی میتی تورکەوە، بەناوی ‘چەتین’ و لەگەڵیدا دەستبەکار دەبێت، ئەمەش لەسەر داوای ئەو ئەفسەرە میتە بوو کە داوای لە سەرچەتەکە کردبوو لە بەرامبەر پێدانی پارە، گەنجانی کورد و عەرەبی پێی بناسێنێت، بۆ سیخوڕی کردن لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا و سوریا.

موستەفا عوسمان

موستەفا عوسمان لە ڕێگەی باوکییەوە کە سەرچەتەیەکی گروپە چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورکە، لە دەروازەی ‘باب’ئەلهەوا’ لە تورکیا دێتەوە ناو سوریا و لەوێشەوە ساڵی ٢٠٢٠ دەچێتە ناوچەکانی خۆبەڕیوبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەچیتەوە گوندەکەیان لە سنووری کۆبانێ.

دوای ئەوەی لەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ میت دەبەستێتەوە، لەسەر داوای ئەوان، نیشانی پێنج خاڵی ئەمنی لەسەر نەخشە (خەریتە) دەنێرێت بۆ میت، کە خاڵەکان لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ و گەڕەکەکانی ناو بازاڕن.

داوا لە موستەفا عوسمان دەکرێت، لە بارەگایەکی میت لە نزیکی ئەنقەرە پەروەردە ببینێت، ئەویش قبوڵی دەکات و دوای ئەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بەرامبەر وەرگرتنی نۆ هەزار لیرەی تورکی گرێبەستێک لەگەڵ میتی تورک واژۆ دەکات.

موستەفا عوسمان لە بەشێک لە دانپێدانانەکانی ئاماژە بەوەدەکات کە لەو بارەگایەدا، ژمارەیەکی زۆر گەنجی وڵاتانی سوریا، عێراق، میسر، پاکستان، چێن و ئەفغانستان بوون کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دوای پەروەردە بۆ سیخوڕی دەنێردران بۆ وڵاتەکانیان.

ئیبراهیم بەشار دوێکە، تەمەن ٢٠ ساڵ، کە کوردە و سیخوڕیی بۆ میتی تورک کردووە، یەکێک لە مەترسیدارترین تاوانکارانی بەشداری پێشلکارییەکان و تاوانەکانی چەتەکانە لە عەفرین و لە ئەنجامی کارێکی بەهێزی هەواڵگیری لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە.

ئیبراهیم بەشار دوێکە

ئیبراهیم دوای هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر عەفرین، بە تەنها لە ماڵەکەی خۆیان لە ڕاجۆ دەمینێتەوە و خانەوادەکەی کۆچبەری شەهبا دەبن، ئیبراهیم لەگەڵ دراوسێیەکیان بەناوی محەمەد عەدنان، دوای هاتنی چەتەکان دەستبەکاری فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و خواردنەوەی کحولی بە چەتەکان دەکەن.

دوای ئەوە لەلایەن چەتەکانەوە ڕادەسپێردرێت بۆ سیخوڕی و دوای ماوەیەک ئەرکدار دەکرێت کە لەگەڵ سەرچەتەی گروپە چەتەکانی حەمزات بەناوی ‘عەباس’ بمێنێتەوە.

ئەو سیخوڕە باسی ئەوە دەکات کە عەباس و میتی تورک لە کاتی شەڕەکەی عەفرین-دا، داوایان کردووە کە خاڵەکانی شەڕڤانان و تۆنێلەکانیان بۆ ئاشکرا بکەم، چونکە ناوچەکەم بە باشی دەناسی، منیش داواکەی ئەوانم بەجێی هێنا، ئەو خاڵانە دوای زانیارییەکانی من بۆردوومانکران و ژمارەیەک زۆر شەڕڤان تێدا شەهیدبوون.

ئیبراهیم دانی بەوەداناوە کە دوای ئەم ڕووداوە، فەرماندەیەکی میت بەناوی جامپ داوایکردووە بچێتە بارەگایەک لە تورکیا و پەروەردەی سەربازیی و سیخوڕی وەرگرێت و ئەویش لەگەڵ ١٥ گەنجی دیکەی عەرەب چووەتە ئەوێ و بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ پەروەرەدەی بینیوە.

ئەو سیخوڕەی میت، ئاماژە بەوەدەکات کە داوای لێکراوە کە لەگەڵ گروپێک چەتە بچنە ناوچە و گوندەکان و ژن و منداڵەکان بڕفێنن و دەڵێت: ئەو داواکارییەم قبوڵکرد و بە زەبری چەک و هەڕەشە، ڕۆژانە ٢٠ بۆ ٥٠ ژن و منداڵمان دەڕفاند، کاتێک دەمانهێنا ئەو ژن و منداڵانە بەسەر چەتەکاندا دابەش دەکران و چەتەکان دەستدرێژییان دەکردەسەر، کە خۆشم یەکێک لەوانە بووم، دەستدرێژیم کردەسەر ٢٠ ژنی گەنجی کورد.

ئیبراهیم بەشار دوێکە، لە ساڵی ٢٠١٩ـدا دووەم پەروەردەی خۆی لە بارەگاکانی دەوڵەتی تورک دەبینێت و دوای ئەوە داوای لێدەکرێت بچێتە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەلاتی سوریا و لەسەر بارەگاکانی قەسەدە، کۆبوونەوە، چالاکییەکان و خاڵە ئەمنییەکان زانیاری کۆبکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت و لەلایەن ئاسایشی هەرێمی فوراتەوە دەستگیر دەکرێت.

ف.ق