دانیشتنەکانی لوتکەی 'پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی' بەردەوامە

لە دووهەمین دانیشتنی لوتکەی 'پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا'  گۆتوبێژ لە بارەی هێرشە قڕکەرییەکان و پاکتاوی نەژادی و سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە لایەن داگیرکەرانەوە، کراو لە هەمان کاتدا گوێ لە شاهیدەکان راگیرا.

لوتکەی 'پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا' کە لە لایەن ناوەندی رۆژئاوا بۆ لێکۆلینەوەی ستراتیجیەوە بەڕێوە دەبرێت، لە شارۆچکەی رمێلان بەردەوامە لە کارەکانیدا.

دووهەمین دانیشتنی لوتکەکە لە ژێر ناوی "لە رووی یاساییەوە پێناسەکردن و شیرۆڤەکردنی ئەو پێشێلکارییانەی لە چوارچێوەی رووداوەکانی پاکتاوی نەژادی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی" دا بەڕێوە چوو.

دانیشتنەکە لە لایەن دکتۆر زۆزان ئیبراهیم هاوسەرۆکی پێشووی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی جزیرەوە بەڕێوە چوو.

لە دانیشتنەکەدا راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤ-ی هەرێمی جزیر لە لایەن ئەڤین جومعە چالاکی سیاسییەوە خوێنرایەوە.

باس لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کرا

لە راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤ-ی هەرێمی جزیر باس لە تاوانە قڕکەرییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی کرا کە لە دژی دانیشتووانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دراون.

بە پێی راپۆرتەکە، لە عەفرین هەزار ٢١٣ کەسی مەدەنی کوژراون کە ٥٤ کەسیان بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانیان لەدەست داوە. لە سەرێکانی ٢٧١ کەسی مەدەنی کوژراون کە ١٩ کەسیان بە دەستی هێزەکانی سەر سنوورەوە کوژراون. هەروەها لە راپۆرتەکەدا بە بەڵگەوە باس لە ئەشکەنجەدانی خەڵکی مەدەنی و رفاندن و بە ئامانجگرتنی موڵک و ماڵی هاوڵاتییان و بە ئامانجگرتنی کارمەندانی تەندروستی و رۆژنامەنووسان کرا.

دواتر ئیسراف مستەفا جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی عەفرین سیمینارێکی لەسەر پاکتاوی نەژادی کە لە لایەن داگیرکەرانی تورک و چەتەکانییەوە لە عەفرین ئەنجام درا، پێشکێش کرد.

مستەفا تیشکی خستە سەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٨ لە عەفرین هێرشی هەمەجۆرە و هەوڵی پاکتاوی نەژادی درا و وتی:" لەگەڵ ئەمە، رووداوەکانی کوشتن و کۆچبەرکردن و رفاندن و وەرگرتنی سەرانە و ئەشکەنجەدان لە گرتووخانەکاندا و تەقینەوەو رووخاندنی خوێندنگاو شوێنە پیرۆزەکان و ماڵ و شوێنە ئایینییەکان و تاڵانکردنی ئاسەوارەکان، تا ئێستاش بەردەوامە."

ناوبراو هەروەها تیشکی خستە سەر بنپێکردنی مافی ژنان لە عەفرین و رایگەیاند، ژنان لەو شارە ناچار کران کە دەموچاویان بشارنەوە و چوونەدەرەوەیان لێ قەدەغە کراو وتی:" بە پێی راپۆرتەکان زیاتر لە ٥٠ ژن لە عەفرین کوژران و ٢١٠ ژن بریندار بوون و ٦٠ ژنیش رووبەرووی لاقەکردن هاتوون و ٣ ژنیش بە هۆی تێکچوونی باری دەروونییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە."

مستەفا بانگەوازییەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک چەتەکانی لە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەنە دەرەوەو گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بدەن و ئەوانەی ئەم پێشێلکارییانەیان ئەنجامداوە، سزا بدرێن.

'لە ناو شارەکان تاوان ئەنجام دەدرین"

سیمیناری دووهەم لە لایەنی حەمدان ئەلعەبد جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وە بەڕێوە برا. ئەلعەبد باسی لە تاوانەکانی پاکتاوی نەژادی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەت لە کانتۆنی گرێ سپیی کرد.

ئەلعەبد رایگەیاند، بارودۆخی ئەمنی گرێ سپی و گوندەکانی زۆر خراپە و وتی:"تا ئێستا زیاتر لە ٧ تەقینەوە تێیدا روویداون و رووداوەکانی ونبوون، رفاندن و وەرگرتنی سەرانە بەردەوامن. هەروەها ماڵ و موڵکی خەڵکی مەدەنی دەدزرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە تاڵان دەبرێت."

حەمدان ئەلعەبدیش بانگەوازییەکی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یونیسێف کرد کە لە بەرامبەر ئەم تاوانانە بێدەنگ نەمێنن و بجوڵێن و تاوانباران بدرێن بە دادگا.

دوایین سیمیناری دانیشتنی دووهەمی لوتکەکە لە لایەن عبدولعەزیز عەریانییەوە پێشکێش کرا. عەریانی سیمینارەکەی لە ژێر ناوی "شاری سەرێکانی بەر لە داگیرکەریی و دوای داگیرکارییەکە" بەڕێوە برد.

عەریانی وتی:"بە هەموو پێوەرێک ئێمە ژیانمان دەکرد و کاروباری خۆمان بە ناو بارودۆخێکی ئارام و ئەمنیدا بەڕێوە دەبرد. کورد و عەرەب و سوریانی و چاچانەکان بە یەکەوە دەژیاین. سیستمی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وڵاتی هەموو سیاسەتێکی قڕکردن و پاکتاوی نەژادی دابووەوە. دوای هێرشەکان بۆ سەر سەرێکانی هەموو شتێک گۆڕا. دڵەراوکێ و ترس لە کوشتار زیادی بوو. سەرێکانی چۆڵ بوو، دانیشتووانیی کۆچیان کرد. ئیدی رووداوی تاڵانکردن و رفاندن و گۆڕینی دیمۆگرافی روودەدەن."

عەریان لە کۆتای قسەکانیدا رایگەیاند ئامانجی تورکیا لەو داگیرکەرییانە، گۆڕینی دیمۆگرافی و قڕکردنی هاوڵاتییانە، بۆ ئەوەی لە جێگای خەڵکی ناوچەکە، چەتەکانی تێدا نیشتەجێ بکات.

دوای سیمینارەکان، دانیشتووانی سەرێکانی و گرێ سپی وەک شاهید قسەیان کرد و باسیان لە بنپێکارییەکانی سوپای تورک و چەتەکانیان کرد و رایانگەیاند، سوپای تورکی داگیرکەر بەرپرسیاری یەکەمی پاکتاوی نەژادییە لە ناوچەکە.

بڕیار وایە دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنەکانی لوتکەکە، ئەنجامنامەیەک رابگەیێنرێت.

ز.ش