داگیرکەران دەیان هاووڵاتیى گوندی کەباشینی عەفرین-یان رفاند

سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى هەڵیانکوتایە سەر گوندی کەباشین لە عەفرین و دەیان هاووڵاتیى ئەو گوندەیان رفاند.

بەپێى ئەو زانیارییانەى لە ناوچەکەوە بە دەستمان گەیشتوون، سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى فەیلەقی شام ئێوارەى دوێنێ هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی کەباشین لە ناوچەى شێراواى عەفرین.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى فەیلەقی شام دەیان هاووڵاتیی ئەو گوندەیان رفاند.

ژمارەیەک لە هاووڵاتییانى ئەو گوندە بۆ ئەوەى نەکەونە دەست داگیرکەرەکان هەڵهاتوون بۆ ناو باخ و رەزەکانی ناوچەکە.

هاووڵاتییانی گوندى کەباشین رایانگەیاندووە، سەربازان و چەتەکانى تورکیا لە کاتى هەڵکوتانە سەر گوندەکە و ماڵی هاووڵاتییاندا، دەستیان بە ئەشکەنجەکردنى هاووڵاتییان کردووە و هەروەها ماڵی هاووڵاتییانیان تاڵانکردووە.

هاوکات سەرچاوەکانمان لە بلبلێ-یەوە رایانگەیاندووە، سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکان لە بەردەم ناوچەکەدا بازگە و خاڵى پشکنینان داناوە و لە بازگەکەدا چەکى قورسیشیان جێگیرکردووە.

ر.م