داگیرکەران لە دژی دانیشتووانی کۆبانێ بۆمبی فرفێسک رێژیان بەکار هێنا

لە چوارچێوەی گەشتێکی سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر و سەربازانی روسیدا لە کۆبانێ گازی فرمێسک رێژ لە دژی هاوڵاتییانی ناوچەکە بەکار هینرا.

کاروانێکی سەربازیی هاوبەشی روسی و تورکی لە دەوروبەری گوندی ئاشمێ کە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کۆبانێ، دەستی بە گەشتێکی سەربازی کرد.

لە گوندی چارقلی-ی کۆبانی کە کاروانە هاوبەشەکە بەوێدا تێپەڕ بوو، لە لایەن گوندنشینانەوە رووبەرووی ناڕەزایەتی بووەو زرێپۆشەکانی سوپای تورک بەرباران کردان.

لە گوندی خۆرخۆر کە بە دووری ١٧ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای کۆبانی، داگیرکەران گازی فرمێسک رێژیان لە دژی خەڵکی مەدەنی بەکار هینا و هاوڵاتییانیش بە بەرد وڵامی داگیرکەرانیان دایەوە.

لە ١٢ی تشرینی دووهەم، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە لەگەڵ سەربازانی روسی دەستیان بە گەشتێکی سەربازی کردبوو، دانیشتووانی کۆبانێیان دابووە بەر دەستڕێژی گوڵە و لە ئەنجامدا ٨ کەس بریندار ببوون کە برینی چواریان سەخت بوو.

لە ٨ی تشرینی دووهەمیشدا لە ناوچەی گرکێ لەگێ لە کاتی گەشتی سەربازی سوپای تورکدا، کەسێکی مەدەنی بە ناوی سەرخوەبوون عەل لە لایەن سوپای تورکەوە خرایە ژێر زرێپۆشەکانیانەوەو گیانی لەدەست دابوو.

ز.ش