داگیرکەران هێرشیان کردووەتە سەر گوندی ئاشووری و سوریانییەکان

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشێکی قوڕسیان کردووەتە سەر گوندی عەزیزییەی ئاشووری و سوریانیەکانی سەر بە تل تەمر. ئەنجومەنی سەربازی سوریانی وڵامێکی توندی داگیرکەرانیان داوەتەوە. هێرش و بوردومانەکانیش بەردەوامن.

داوڵەتی تورکی داگیرکەر لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە هێرش دەکاتە سەر گوندی عەزیزیەی سەر بە تل تەمر و لە بەرامبەردا ئەنجومەنی سەربازی سوریانی بە توندی وڵامی هێرشی داگیرکەران دەداتەوەو زرێپۆشێکیشیان پێکاوە. لە ئێستادا شەڕێکی قوڕس لە ناوچەکە روودەدات.

بە پێی زانیارییەکان هێرشەکانی سەر گوندی عەزیزییە تا کاتژمێرەکانی دوای نیوەڕۆ بەردەوام بووە. لە لایەکی ترەوە گوندی داودیەو گوندێکی سەر بە ناوچەی عیشا تۆپباران دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستاش لەو ناوچانەی هێرشیان دەکرێتە سەر خەڵکی مەدەن لێ دەژین و ئەم هێرشانە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بەسەر گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

لە شەوی سێشەممەوە لە نێوان ئەنجومەنی سەربازی سوریانی و داگیرکەراندا شەڕێکی قوڕس بەردەوامە.

دەوڵەتی تورک لەم هێرشانەدا فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپ و ئۆبووس و چەکی قوڕس بەکا دەهێنێت.

بە پێی زانیارییەکان لە ئەنجامی هێرشی داگیرکەراندا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردووەوە ٤ شەڕڤانی ئەنجومەنی سەربازی سوریانی شەهید بوون.

لە بارەی کوژراو بریندارانی سوپای تورک و داگیرکەرانیەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان بەدەست نەگەشتووە، بەڵام ئەنجومەنی سەربازی بە بێ ئەوەی زانیاری لەسەر ژمارەی کوژرا و بریندارانی داگیرکەران بدات، ئاشکرای دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر چەتەو سەربازی تورک کوژراون.

دانیشتوانی ناوچەکە بە هۆی هێرشەکانەوە ناچار دەبن کۆچ بکەن

داگیرکەران هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردنی گوندەکانی قاسمییەو رحانییەو رەشیدییە، هەر یەک لە گوندەکانی رمۆنەو دانیاڵ گەکۆو یەڵداو توماو هەبین و قەرەزییانیان داگیر کردووە وهاوڵاتیان بە ناچاری گوندەکانیان چۆڵ کردووە کە ئەمە ئامانجی سەرەکی داگیرکەرانە بۆ کۆچبەرکردنی خەڵکی خۆجێی ناوچەکە.

ز.ش