داگیرکەران گوندەکانی تل تەمر بە چڕی تۆپباران دەکەن

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چڕی گوندەکانی سەر بە شاروچکەی تل تەمر تۆپباران دەکەن.

بە پێی زانیاریەکان، داگیرکەران کاتژمێر ٠٩:٤٥ بە ئۆبۆس و هاوەن دەستیان بە تۆپبارانکردنی گوندەکانی داودیە و هیوێشای تل تەمر کردووە. لەو گوندانە تا ئێستاش خەڵکی مەدەنی دەژین.

داگیرکەران لە ١٢ی مانگدا بە شێوەیەکی چڕ گوندەکانی ڕەشیدیە، قاسمیە، ڕەیحانیە، مەناخ، ئۆم ئەلکێف و عەزیزیەی تل تەمر و گوندەکانی دربۆ و کانەبیری هەمان هەرێمی تۆپباران کرد.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی داعش و ئەلنوسرە لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەستی بە هێرشی داگیرکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە. لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیادا هەندێک ناوچەی داگیرکرد. بەهۆی هێرشی داگیرکەریەوە بە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ئاوارەبوون. بە پێی ڕاپۆرتی هەندێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆمەڵکوژی و تاوانی شەڕ ئەنجامدراوە. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوا ڕایگەیاندبوو، ‌دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و قڕکەر لە هێڕشەکانیدا چەکی کیمیایی و غازی فسفۆڕی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.

ف.ق