دایکانی شەهبا و عەفرین: پێویستە بە زووترین کات دایە زەینەب لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە ئازادبکرێت.

ئەنجومەنی دایکانی شەهیدانی هەرێمی شەهبا و هەرێمی عەفرین بۆ پشتگیریکردن لە دایە زەینەب دایکی شەهید هاوڕێ لیلاخ کە لە لایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتی سنەوە دەستگیراوە چالاکیان ئەنجامدا.

دایکانی شەهیدان کۆبوونەوە و بانگەوازێکیان ئاڕاستەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە دایە زینەب بە زووترین کات ئازاد بکەن و ئاماژەیان بە خرابی دۆخی تەندروستی دایە زەینەب کرد.

لە چالاکیەکەدا شازیە ئیبراهیم ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی شەهیدان و دایکی دوو شەهیدی ڕۆژئاوا قسەی کرد و ڕایگەیاند، دایکانی کورد، دایکانی شەهیدان هەموو کاتێک داوای ئاشتی و ئازادی دەکەن و نایانەوێت خوێن بڕژێت و لایەنگری ئاشتین.

دایە شازیە داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد دایە زەینەب ئازاد بکەن، بە هۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی باش نییە.

لە چالاکیەکەدا هەروەها پانکارتی 'ئازادی بۆ دایە زەینەب ئیسماعیلی' و وێنەکانی 'دایە زەینەب و کوڕەکەی شەهید هاوڕێ لیلاخ ' بەرزکرانەوە.

هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕۆژی ٢٧ی شوبات هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دایە زەینەب و دەستگیریان کرد و بۆ زیندانی ئیتلاعات گواسترایەوە.

لەو ڕۆژەوەی دایە زەینەب دەستگیرکراوە ڕێگا بە خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن، هەروەها ڕێگری لە پەیوەندی تەلەفۆنیش دەکرێت.

دایە زەینەب کێشەی تەندروستی هەیە و پێویستە لە ژێر چاودێری پزیشکدابێت بەڵام بەرپرسانی ئیتلاعاتی سنە ڕێگە نادەن دەرمانیشی پێبگەیەنرێت.

دایە زەینەب، دایکی محەمەد ئەمین ئەمیریە (هاوڕێ لیلاخ)ـە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە بەرخۆدانی بێوێنەی کۆبانیدا لەدژی چەتەکانی داعش شەهید بوو.

ف.ق