دوایین دەستەى راوێژکارانى یەپەگە لە منبج کشانەوە

فەرماندەیى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج رایگەیاند، دوایین دەستەى راوێژکارانى یەپەگە لە منبج کۆتاییان بە ئەرکەکەکانى خۆیان هێنا و بە تەواوى لە منبج کشانەوە.

فەرماندەى گشتیى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج لەبارەى کشانەوەى دوایین دەستەى راوێژکارانى یەپەگە لە شارەکەیان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەنجوومەنى سەربازیى منبج رایدەگەیەنێت، دوایین دەستەى راوێژکارانى سەربازیى یەپەگە لە دواى ئەوەى ئەرکی خۆیان لە پەروەردەکردنى شەڕڤاناندا بە هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی کۆتایى پێهێنا، رۆژی ١٥ى تەموووزی ٢٠١٨ لە منبج کشانەوە".

لە راگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج دا ئەوەش هاتووە "دواى ئەوەى لە ٤ى نیسانی ٢٠١٦دا ئەنجوومەنى سەربازیى منبج دامەزرێندرا دەستکرا بە ئامادەکاریى هەڵمەتى رزگارکردنى منبج و دەورووبەری. رۆژی ١ى حوزەیرانی ٢٠١٦ هەڵمەتەکە دەستیپێکرد. ئێمە داوای هاوکاری و پشتیوانیمان لە یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى کرد".

ئاماژە بەوەشکراوە "ئەنجوومەنى سەربازیى منبج و یەپەگە بە هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە ١٥ى ئابی ٢٠١٦ دا شارەکەیان رزگارکرد. دواى گەڕانەوە و چەسپاندنى ئارامى لە هەرێمەکە، هەزاران هاووڵاتى گەڕانەوە بۆ شارەکەى خۆیان".

ئەوەش خراوەتەڕوو "لە رۆژی ١٦ی تشرینى دووەمی ٢٠١٦ ئێمە وەک ئەنجوومەنى سەربازیى منبج بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایش و سەربازیى منبجمان دامەزراند و ئەو ئەرکەمان لە ئەستۆى خۆمان گرت. یەپەگە بۆ بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوى فەرمی، رێوڕەسمێکى سەربازیى لە شارەکەدا ئەنجام دا، بەڵام ئێمە کارەکانى خۆمان لە بوارەکانى دامەزراندنى دامەزراوەکان و رێکخستنى کاروباری چۆنیەتى پاراستنى شارەکە درێژە پێدەدا. ئێمە داوامانکرد، دەستەیەک راوێژکارى سەربازیى یەپەگە لە منبج بمێننەوە بۆ ئەوەى بە هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى یارمەتیمان بدەن لە پەروەردەکردنى شەڕڤانانى ئەنجوومەنەکەماندا".

لە راگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج دا باسى ئەوەشکراوە "دواى ٢ ساڵ ئەنجوومەنەکەمان ئیتر خۆى دەتوانێت پەروەردە و راهێنانەکانى ئەنجام بدات. لەبەر ئەوەش و بەپێى رێککەوتن یەپەگە بەشێک لە راوێژکارەکانى لە ٣ى حوزەیراندا کشاندەوە، ئەمڕۆش دوایین دەستەى راوێژکارانى یەپەگە لە دواى کۆتایهاتنى ئەرکەکانیان کشانەوە".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج دا هاتووە "ئێمە وەک ئەنجوومەنى سەربازیى منبج جارێکیتر سوپاسی یەپەگە و راوێژکارە سەربازییەکانى دەکەین، کە پشتیوانییان لێکردین. هەروەها سوپاسی هێزکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دەکەین. سڵاو بۆ ئەو بەرخودێر و خۆڕاگرانانەش دەنێرین کە شارەکەیان لە تیرۆر زرگارکرد".

ر.م