دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین بەردەوامە

هێرش و ئەشکەنجەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانیان بۆ سەر عەفرین و عەفرینییەکان بەردەوامە.

هێرش و ئەشکەنجەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانیان بۆ سەر عەفرین و عەفرینییەکان بەردەوامە.

بەهۆی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەتەکانی: بەرەی نوسرە، سوپاى ئازادى سوریا و داعش، ڕۆژی ١٦ی ئاداری ئەمساڵەوە، یەپەگە و بەرێوەبەریی خۆسەر لە عەفرین بڕیاریان دا کە بۆئەوەی پێش لە کۆمەڵکوژیی هاوڵاتییانی مەدەنی بگرن، گەلی عەفرین بەرەو هەرێمەکانی شێراوا و شەهبا بگوازنەوە. سەرباری ئەوەی، بە دەیان کەسیش مردنیان لەبەرچاوبوو، بەڵام هەر لە عەفرین مانەوە.

کاتێک دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیان ڕژانە ناو عەفرینەوە، سەرەتا دەستیان بە تاڵانکردنی ماڵ و دوکانی هاووڵاتییان کرد، پاشان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانەی، کە نەیانویست شوێن و واری خۆیان بەجێبهێڵن. ئەو کەسانەیان ڕفاندبوو و ئەشکەنجەیان کردبوون. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ناوەندی عەفرین و گوندەکانی دەوروبەریی دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە ماڵی هاووڵاتییان و کارگەدا گرت. بلدۆزەر و ئۆتۆمبیلی هاوڵاتیانیان سوتاند و چەتەکانی خۆیانیان لە غۆتەوە هێنا و لە زۆرێک لە گوندەکانی عەفریندا نیشتەجێیان کردن.   

بەپلان و بەرنامە هاووڵاتییان ئەشکەنجە دەکرێن

ئێمە وەک ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) زۆر جار ژمارە و ناوی ئەو عەفرینیانەمان بڵاوکردووەتەوە، کە لەلایەن دەوڵەت و چەتە تورکەکانەوە ڕفێندراون. ئەو دۆخە ئیدی لە عەفرین بووەتە دۆخێکی ڕۆتینی ڕۆژانە و بە بەرنامە چەندین کەس دەڕفێنرێت.

دەگوترێت، بەهۆی هێرش و ئەشکەنجەی چەتەکان و دەوڵەتی تورکیاوە، چەند مرۆڤێکی خەڵکی عەفرین هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

بە پێێ ئەو زانیارییانەی کە لە هەرێمەکەوە بەدەستمان گەیشتوون، لە گوندی کورزەل لە عەفرین، ژنێک بەناوی زەهرا حەسەن تۆپال'ی تەمەن ٥٢ ساڵ، بەهۆی ئەوەی چەتەکان ئێوارەیەک هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەی و ئەشکەنجەیان کردووە، هەوڵی داوە لە ڕێگەی بڕینی دەماری دەستییەوە خۆی بکوژێت.

هەروەها پیاوێک، کە ناوەکەی نەزانراوە، بەهۆی ئەوەی نەیتوانی خۆی لەبرامبەر ئەشکەنجە و دڕندایەتی و سوکایەتیى چەتەکاندا ڕابگرێت، خۆی خستۆتە ناو بیری گوندەکەیانەوە.

عەفرینیەکی تر بە ناوی سلێمان حەسەن لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ڕفێندراوە و ماوەی ١٠ ڕۆژە هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نازانرێت.

لەلایەکی ترەوە دەگوترێت، چەتەکانی تورکیا بە زۆر پارەیان لە براکانی عەونی حسێن حسێن و عەبیل حسێن حسێن سەندووە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردوون.

ر.م