دکتۆر عاکیف کۆبانێ: بە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکى پیرۆز هەستاوین

دکتۆر عاکیف کۆبانێ کە لە شەڕی کۆبانێیەوە لە دژى داعش، بەشداریى هەموو هەڵمەتەکانى دژ بە داعشی کردووە رایگەیاند، ئەو پزیشکانەى، کە پابەند و دڵسۆزى سوێندى هیپۆکراتن، دەبێت هاوکاریی رێکخراوە کۆمەبەخشەکانى گەلی باکوورى سوریا بکەن.

دکتۆر عاکیف کۆبانێ کە لە شەڕی کۆبانێیەوە لە دژى داعش، بەشداریى هەموو هەڵمەتەکانى دژ بە داعشی کردووە رایگەیاند، ئەو پزیشکانەى، کە پابەند و دڵسۆزى سوێندى هیپۆکراتن، دەبێت هاوکاریی رێکخراوە کۆمەبەخشەکانى گەلی باکوورى سوریا بکەن.

ئەوانەى چاودێریى دۆخى رۆژئاوا و باکوورى سوریا دەکەن، دکتۆر عاکیف بە باشى دەناسن. دکتۆر عاکیف لە سەرەتاى شۆڕشەوە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانى لە بواری تەندروستى و چارەسەریدا بەجێدەهێنێت. لە شەڕی کۆبانێ-یەوە تاوەکو ئێستا لە گۆڕەپانەکانى شەڕدا هەم گەل و هەم شەڕڤانان چارەسەر دەکات. لە شەڕی کۆبانێ، لە هەڵمەتەکانى هۆل، شەدادی، رەقە، تەبقا و دێرەزۆردا بە بەردەوامى بە دەم شەڕڤانانەوە چووە و ئێستاش هەر بەوشێوەیە درێژە بەکارەکانى دەدات.

دواى دێرەزۆر، ئەومان لە قامیشلۆ بینى. بۆ ئەوەى خزمەتى تەندروستى بگەیەنێتە ئەو سەدان هەزار هاووڵاتییەى عەفرین، کە کۆچیان بۆ ناوچەى شەهبا کردووە، دەیەوێت بڕوات بۆ شەهبا. لە کاتى بەرخۆدانى عەفریندا ویستى بڕوات بۆ عەفرین و لەوێ خزمەتى بوارى تەندروستى بکات، بەڵام دەستەى تەندروستى پێشنیازەکەى بۆ چوونى بۆ عەفرین قبوڵ نەکرد.

عاکیف کۆبانێ ژیانى خۆى کردووەتە دیاری بۆ گەلان و مرۆڤایەتى. لەبەر ئەو تایبەتمەندییە لە ناو شەڕڤانانى قەسەدە و گەلدا زۆر خۆشەویستە. کاتێک ئێمە لەگەڵیداین زەنگى تەلەفونەکەى بۆ ساتێکیش ناوەستییت و بە بەردەوامى لێى دەپرسن "دکتۆر تۆ لە کوێیت، ئەحواڵت چۆنە؟".  

دکتۆر عاکیف کۆبانێ بۆ ئاژانسەکەمان (ئاژانسى هەواڵى فوارت - ANF) لەبارەى کارى پزیشکى لە  گۆڕەپانى شەڕ و باکوورى سوریادا قسەى کرد.

"شەڕ دەستیپێکرد و ژمارەى دکتۆرەکان کەمیکرد"

دکتۆر عاکیف کۆبانێ رایگەیاند، دواى ئەوەى شەڕی ناوخۆى سوریا و شۆڕشى ڕۆژئاوا دەستیپێکرد، ژمارەى پزیشکە راهێنراوەکان کەمیان کرد، بەڵام دکتۆر عاکیف، کۆلێژى پزیشکیى لە نیوەدا بە جێهێشت و دەستیکرد بە چارەسەرکردنی هاووڵاتییان و شەڕڤانان. دکتۆر کۆبانێ وتى "لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاوەکو ئێستا لە سوریا شەڕ روودەدات و ماوەى ٨ ساڵە پرۆسەى شۆڕشی رۆژئاوا بەردەوامە. دیارە گەلانی کورد، عەرەب و هەموو گەلانى دانیشتوانى ناوچەکە بەشێوەیەکى یەکسان بەشداریی شۆڕشی رۆژئاوا بوون. منیش وەک رۆڵەیەکى باکوورى سوریا سەرقاڵی خوێندن بووم. کاتێک لە زانکۆ بووم، شەڕ دەستیپێکرد و ئیتر دەرفەتى ئەوە نەما کە خوێندنەکەم تەواو بکەم. لە رۆژئاواش شەڕێکى قورس ڕوویدەدا و ژمارەى دکتۆرەکانیش کەم بوون. پێویستى بەو گەنجانە هەبوو، کە لە کۆلێژی پزیشکى دەیانخوێند. دەبوایە ئەو گەنجانە لە ناو تیمەکانى تەندروستیدا کاریان بکردایە. منیش لەو کاتەوە بەشداری ئەم ئەرکە بووم".

هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ یەپەگە / یەپەژە و قەسەدەدا بووە

دکتۆر عاکیف لەگەڵ دەستپێکردنى شۆڕشى رۆژئاوا بەشداریی کارى بوارى تەندروستى بوو، بەڵام کارى پزیشکیى لە گۆڕەپانى شەڕدا لە ساڵانى ٢٠١٤-٢٠١٥ و لەگەڵ شەڕێ کۆبانێدا دەستپێکرد. دکتۆر کۆبانێ و هاوڕێکانى لە دواى شەڕی کۆبانێ لە هەموو هەڵمەتەکاندا، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ شەڕڤانانى یەپەگە / یەپەژە و قەسەدەدا بوون.

دکتۆر عاکیف کۆبانێ لەلایەن هەموو شەڕڤانانى یەپەگە / یەپەژە و قەسەدە و هاووڵاتییانەوە بەباشى دەناسرێت و زۆر خۆشەویستە، باسی لە کارى پزیشکیى خۆى لە گۆڕەپانى شەڕدا کرد و وتى "لە مانگى ٩ى ساڵی ٢٠١٤دا داعشی دوژمنى مرۆڤایەتى هێرشی کردە سەر کۆبانێ، لەو کاتەدا کارم لە بواری تەندروستیدا دەکرد. بەڵام بە ڕاستى لە کۆبانێ شەڕێکى زۆر قورس ڕوویدەدا و باجی زۆر قورس بۆ پاراستنى کۆبانێ دەدرا. داعشیش دوژمنێک بوو کە هیچ پێوەرێکى مرۆیی نەبوو و مافەکانى مرۆڤى قبوڵ نەدەکرد و شەڕێکى بە دوور لە هەموو بەها ئەخلاقییەکان بەڕێوەدەبرد. دواى ئەوەى کۆبانێ رزگارکرا لە ناو گەلانى باکوورى سوریادا توڕەبوونێک بەرامبەر داعش دروستبوو. پیر، منداڵ، ژن و هەموان لە دژى داعش ڕاپەڕین. منیش وەک زەحمەتکێشێکى بوارى تەندروستى لە باکوورى سوریا، بڕیارمدا لەگەڵ هێزەکانى یەپەگە / یەپەژە و قەدەسەدە بم بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو دوژمنەى کە ژن، منداڵ و دایک و باوکەکانمان دەکوژێت. ئێمە رۆیشتین بۆ منبج، دواتر چووین بۆ رەقا لە دواى رزگارکردنى رەقاش، چووین بۆ دێرەزۆر. ئێستا تەنها ٦ بۆ ٧ گوند لە دێرەزۆر ماوە، کە لە داعش پاک بکرێتەوە".

"پزیشکى لە گۆڕەپانى شەڕدا جیاوازە"

دکتۆر عاکیف باسى ئەوەیکرد، کاری پزیشکى لە گۆڕەپانى شەڕدا قورسترە لەکارى پزیشکى بۆ هاووڵاتیان یان کارى پزیشکى لە شوێنێکى مەدەنیدا. بەخێرایى وتى "پزیشک لە شوێنە مەدەنییەکاندا رۆژانە چەند نەشتەرگەرییەک ئەنجام دەدات. ئەوە کارێکى ئاساییە، بەڵام بارودۆخى ئێمە جیاوازە، چونکە لە رۆژێکدا ناچار دەبین چەندین نەشتەرگەری ئەنجام بدەین و دەیان کەسى تریش چارەسەر بکەین".

"بوونى پزیشک لە بەرەکانى شەڕدا ژیانى زۆر کەس رزگار دەکات"

دکتۆر عاکیف کۆبانێ لەکاتى قسەکانیدا ئاماژەى بە پێداویستیى کەمى پزیشکى لە گۆرەپانى شەڕدا کرد، بەڵام سەربارى ئەوەش بوونى پزیشکێک لە گۆڕەپانى شەڕدا دەبێتە هۆى ئەوەى ژیانى زۆر کەس زرگار بکرێت.

دکتۆر عاکیف راشیگەیاند، ئەوان لەبەرەکانى شەڕەدا نەیانتوانیوە نەشتەرگەریى قورس ئەنجام بدەن، بەڵام خوێنبەربوونەکانیان راگرتووە. کاتێکیش دۆخەکە مەترسیداربووە ئەوان خێرا کارى پێویستیان ئەنجامداوە و لەوبارەیەو وتیشى "لە  بەرەکانى شەڕدا هەموو رۆژێک ژمارەیەکی زۆر شەڕڤان بریندار دەبن. بەپێى برینەکانیان و بۆ ئەوەى پێش لە شەهیدبوونیان بگرین ئەوەى پێویست بێت ئەنجامى دەدەین. لەبەر ئەوەش ئێمە برینچێچى بۆ برینى هەندێکیان دەکەین و بەخێرایش نەشتەرگەری بۆ هەندێکى تریان ئەنجام دەدەین. سەربارى کەمیى پێداویستیى پزیشکى ئێمە ئەو کارانە ئەنجام دەدەین. دواتر ئەوان رەوانەى نەخۆشخانە لە شارەکاندا دەکەین".

دکتۆر عاکیف کۆبانێ ئەوەشى بە بیرهێنایەوە، کە بەهۆى گەمارۆی دەوڵەتەکانەوە ناتوانن کەلوپەل و پێداویستیى پزیشکى ببەن بۆ باکوورى سوریا و بۆ ئەوەش وتى "بۆ خوێن پێویستى بە بانکى خوێن و هەڵگرتنیان لە شوێنى گونجادا هەیە، بەڵام هەلومەرجەکە لەبار نییە بۆ ئەو کارە. سەربارى کەمیى پێداویستیى پزیشکى، بەڵام بوونى پزیشکەکان لە بەرەکانى شەڕ دەبێتە هۆى ئەوە ژیانی زۆرێک لە مرۆڤەکان رزگار بکرێت. بەداخەوە کە ژمارەى پزیشک کەمە".  

"ئێمە بە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکى مێژوویى هەستاوین"

دکتۆر عاکیف باسى ئەوەشیکرد، بەرژەوەندیى ماددی لەبەرچاو ناگرن و بۆ ئەوەش بە خزمەتکردنى گەل و رزگارکردنى ژیانى شەڕڤانان بە ئەرک وبەرپرسیارێتییەکى پیرۆز هەستاون. "ئێمە لە شەڕدا ئەوەمان پێبڕا کە ژمارەیەکى زۆر لە شەڕڤانە هێژاکان بناسین و چارەسەریان بکەین".

دکتۆر عاکیف لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "ئەو بەرخۆدانەى یەپەگە / یەپەژە و قەسەدە، کە بە ئیمکانیەتییەکى کەم بەڕێوەدەچێت. تەنها بە وتنى چەند وشەیەک هەقى خۆی پێنادرێت و باس ناکرێت. کاتێک داعش هێرشى کردە سەر کۆبانێ، هەموو دونیا دەیزانى ئەوان لە هێرشەکەیاندا تەنها نین و زۆرێک لە وڵاتان پشتیوانیان لێدەکەن، بە تایبەتى تورکیا و چەندین وڵات هاوکاریى داعشیان دەکرد و هەموانیش ئەوەیان دەبینى. چارەسەرکردن و رزگارکردنى ئەو مرۆڤانە، کە لە دژى دوژمنێکى لەو شێوەیە شەڕ دەکەن، دڵخۆشی بە مرۆڤ دەبەخشێت. سەربارى دژواری و زەحمەتییەکان، ئێمە خۆبەخشانە هەڵدەستین بە ئەنجامدانى ئەرکەکانى خۆمان".

"دکتۆر گۆرانیم بۆ بچڕە"

دکتۆر عاکیف کۆبانێ لە بارەى بریندارەکان لە گۆڕەپانى شەڕدا وتى "رۆژێک لەگوندی موخروبی کۆبانێ، شەڕڤانێکى یەپەژە بریندار بوو بوو. ناوەى ئەزدا بوو. دەست و قاچى خۆى لە دەستدابوو. مرۆڤێک بوو کە ژیانى خۆى بۆ گەلەکەی فیدا کردبوو. سەربارى ئەوەى ئازارى زۆر زۆر بوو، قەت گوێت لە ناڵە و هاوارى نەدەبوو. بردمان بۆ ناو ئامبولانسێک و لێم پرسی، 'پێویستیت بە چى هەیە و چی بە ئێمە دەکرێت و چیت دەوێت؟' وتم 'ئازارت هەیە؟' ئەویش پێى وتین 'من هیچم ناوێت، تەنها گۆرانیم بۆ بڵێن' من تاوەکو ئەو کاتە لە ژیانمدا گۆرانیم نەچڕیبوو، لەبەر دڵی ئەو هەڤأڵە من لەوێ گۆرانییەکم وت. ئێمە ئەومان گەیاندە نەخۆشخانە و چارەسەرییمان بۆ کرد، بەڵام دواى ٣ رۆژ شەهید بوو. ئەوە کاریگەرییەکى زۆرى لەسەرم دروستکرد".

"پێویستە رێکخراوەکان هاوکاریى تەندروستیمان بۆ بنێرن"

دکتۆر عاکیف و هەڤاڵەکانی باسى ئەوەیانکرد، گەلی باکوورى سوریا گەلێکى هەژارە و لەبارەیەوە دکتۆر عاکیف کۆبانێ وتى "کاتێک مرۆڤ ئەخلاقییانە و بە ویژدانەوە نزیک بێتەوە، کاتێک کە دەبینن تۆ بۆ گەل تێدەکۆشیت، خاوەنداریت لێدەکەن".

وتیشی "لەبەر فاشیزم و داگیرکەریى دەوڵەتی تورک لە ئێستادا سەدان هەزار کەسمان لە عەفرین کۆچیان کردووە بۆ شەهبا و لە بارودۆخێکى قورسدا ژیان بەسەر دەبەن. پێداویستیى پزیشکیش زۆر کەمە. نەک تەنها عەفرین، بەڵکو بارودۆخى رەقا و دێرەزۆریش قورسە و کەمیى پێداویستیى پزیشکییان هەیە".

ئەوەشى وت "نەخۆشخانە و دەرمانى پێویست نییە. رێکخراوە کۆمەک بەخشەکان کەمن. دواى کۆبانێ و رەقا و دێرەزۆر لە عەفرین سەدان کەسمان بریندار بوون و ئێستا چاوەڕێى چارەسەرى پزیشکی و دەرمانن. خوشک و برا عەرەبەکانمان لە رەقا و دێرەزۆر لە بارودۆخێکى قورسدان. ژمارەیەکى زۆرى بریندار هەیە، کە زوڵمى داعشیان بینیوە و دەبێت نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت. داوام لە رێکخراوەکانى بوارى مافەکانى مرۆڤ و کۆمەک بەخشەکان و ئەو رێکخراوانە دەکەم، کە بەو ناوانەوە کار دەکەن، لە بواری پێداویستیى و دەرمان و کەرەستەى تەندروستى و پزیشکیدا هاوکاری بگەیەننە گەلانى باکووری سوریا".

ر.م